بەرهەم ساڵح داوای دەستبەجێ وەستاندنی شەڕ و ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەکات




میترۆ، رووداو


سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی هێرشەکانی تورکیا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە دەستبەجێ شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بووەستێت.
 
ئەمڕۆ (شەممە 12-10-2019) د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا و داوایکردووە دەستبەجێ شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بووەستێ و رێگەچارەی ئاشتی و دیپلۆماسی بگیرێتەبەر.
 
سەرۆککۆماری عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، رێگری لەو کارەساتە مرۆییە بگیرێت کە کوردانی ئەو ناوچەیە لەسەر دەستی تورکیا رووبەڕووی بوونەتەوە.
 
بەرهەم ساڵح بە سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی راگەیاندووە، عێراق ھاوکاردەبێت و ئامادەی رۆڵگێڕانی کردەییە بۆ وەستانی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان. شەڕ بەقازانجی بووژانەوەی داعش یان سەرھەڵدانی داعشێکی دیکە.
 
دەیان هەزار هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان کە بەپێی مەزەندەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەیان 100 هەزار کەس دەبێت و رێڤەبەری خۆسەریش دەڵێ 190 هەزار کەس دەبن، ناوچەکانیان بەرەو تەل تەمر و حەسەکە جێدێڵن.
 
ئۆپەراسیۆنی تورکیا و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات لە ناوچەکانی سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان لە رۆژی 9-10-2019ـەوە دەستیپێکرد و، تاوەکو ئێستاش سەرەڕای دژایەتیی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهان، تورکیا سوورە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە. 


PM:05:43:12/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌