بارزانی: پێویستە رێگە لە گۆڕینی دیموگرافیای رۆژئاوای کوردستان بگیرێت




میترۆ، وێستگه‌ نیوز 

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی دۆخی رۆژئاوای كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، بەردەوامبوونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.


له‌ نوێترین په‌یامیدا، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: "سەرباری ئەوەی لە ماوەی رابردوو هەوڵی زۆرمان دا كە شەڕ و ناسەقامگیری لە گەلی كورد لە سووریا دوور بكەوێتەوە و چیتر نەهامەتی و كارەسات روو نەدەن، بەڵام بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوو ناوچە كوردنشینەكانی باكووری سووریا تووشی پەلاماردان و دۆخێكی مەترسیدار بوونەتەوە".


بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: بەردەوامبوونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.


سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شی باسكردووه‌: "بە پێویستی دەزانم بە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و لایەنەكان رابگەیه‌نم كە ئێستا كاتی موزایەداتی بێهوودە و بۆچوونی عاتیفی و هەڵچوون نییە، كاتی ئەوەیە كە هەموو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و رێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت".


رۆژی چوارشەممە 9ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، سوپای توركیا ھێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد. بە وتەی فەرماندەكانی ھەسەدە چەندین ھێرشی توركیایان بۆسەر گرێ سپی و سەرێكانی تێكشكاندووە، وەزارەتی بەرگری توركیاش رایگەیاندووە، كە ھێزەكانیان پێشڕەویان كردووە و چەند گوندێكی رۆژئاوای كوردستانیان كۆنترۆڵكردووە.


به‌هۆی ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌وه‌ هه‌زاران كوردی رۆژئاوای كوردستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌و ئاواره‌بوون.


دەقی پەیامەکەی بارزانی:


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


سەرباری ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو هەوڵی زۆرمان دا كە شەڕ و ناسەقامگیری لە گەلی كورد لە سووریا دوور بكەوێتەوە و چیتر نەهامەتی و كارەسات ڕوو نەدەن، بەڵام بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوچە كوردنشینەكانی باكووری سووریا تووشی پەلاماردان و دۆخێكی مەترسیدار بوونەتەوە.


بەردەوامبوونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.


لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و لایەنەكان ڕابگەیێنم كە، هۆكارەكانی ئەو شەڕە هەرچییەك بووبن و هەر لایەنێك كەمتەرخەم بووبێت یان دەستی لەم دۆخە ترسناكە هەبووبێت، ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهوودە و بۆچوونی عاتیفی و هەڵچوون نییە. كاتی ئەوەیە كە هەموو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت.


مسعود بارزانی


12ـی 10ـی 2019



PM:05:45:12/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌