سەندیکا و میترۆ: ڕۆژنامەنووسان نەبوونایە کەس ئاگای لە ڕۆژئاوا نەدەبوو




میترۆ، رۆژنیوز 
سەنتەری میترۆ و سەنیدکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان- لقی سلێمانی، نیگەرانن لە شەهیدبوونی دوو ڕۆژنامەنووس بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە، دەشڵێن، ڕۆژنامەنووسان نەبوونایە کەس ئاگای لە ڕۆژئاوا نەدەبوو.




١٣ی ئەم مانگە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک کاروانێکی خەڵکی مەدەنییان لە سەرێکانی کردە ئامانج، لەو هێرشەدا ١١ کەس شەهید بوون و ٧٤ کەسیش برینداربوون، کە لە ناویاندا دوو ڕۆژنامەنووس شەهیدبوون، ئەمەش ڕەخنەی ڕێکخراوەەکانی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسانی لێکەوتەوە، لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی سەنتەری میترۆ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.


دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، باس لەوە دەکات، بە بیستنی هەواڵی شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووسان ئەوان شۆک بوون، "ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو هێزەی بە ناوی ئاشتی و بە کۆمەڵێک دروشمی گەورە و قەبەوە هێرش دەکاتە سەر خاکمان، ئەم هێزە دیارە هیچ دەست ناپارێزێت لە شەڕڤان و خەڵکی مەدەنی و ڕۆژنامەنوسان، ئەمەش دڕندەی و وەحشی گەری ئەم هێزەمان پێنیشان دەدات".




دیاری ئاماژە بەوە دەکات، بە ئامانج گرتنی ڕۆژنامەنوسان بۆ ئەوەیە کە ئەم ڕۆژنامەنوسانە نەتوانن پیشێلکاریی و تاوانە گەورەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بیگوازنەوە.


هەروەها کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وتی: بەداخەوە لە جەنگەکاندا ڕۆژنامەنووسان دەبنە پشکێک لەو قوربانیانە، سەرباری ئەوەی کە لە حاڵەتێکی ئاوادا دەوڵەتێک سڵ لەوە نەکاتەوە ئەم کاروانە سڤیلە یاخود ڕۆژنامەنووسە، سەربازییە، بارە، کۆچە، و هەمووی بۆردوومان بکات.





کاروان دەشڵێت، داگیرکردنی خاکی دەوڵەتێکیتر تاوانێکی جەنگییە، ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەخوڵقێت ئەگەر ڕۆژنامەنووسەکان نەبوایەن ئیستا دنیا لێی بێدەنگ دەبوو، بۆیە بە خوێنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە مافی مرۆڤ زیاتر بەدەستدێت و خوێنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە ئەستۆی ئەو تاوانبارانەدایە، کە بە ناهەق شەهیدیان کردن، ئەوەی تورکیا دەیکات هیچ  پەیمان نامەیەکی نێودەوڵەتی خۆی ناپارێزێت.


AM:10:13:16/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌