سەنتەری میترۆ داوای لێكۆڵینەوی جدی و شەفاف دەكات





میترۆ
میترۆ، 17ی تشرینی یەكەم 2019: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان داوای لێكۆڵینەوەی جیدی و شەفاف دەكات لە رووداوی گیان لە دەستدانی هەردوو رۆژنامەنوس (ئامانج بابانی و لانە محمد و مناڵە ساواكەیان) و ووردەكاری لێكۆڵینەوەكەیان بۆ رای گشتی بڵاو بكەنەوە.


لەپاش بڵاوبونەوەی هەواڵی رووداوەكە، رێكخەری سەنتەری میترۆ لە بەدەم فەرمانگەی پزیشكی دادی سلێمانی رایگەیاند " لە بەردەم تاوانێكی گەورەین كە تیایدا دوو رۆژنامەنوسی شارەكەمان و منداڵە ساواكەیانی تێدا كوژراون" جەختیكردوە " ئەو تاوانە نابێت تێپەڕی و دەبێت هەمووان وا هەست بكەن بەرامبەر ئەوان كراوە بە تایبەتیش لایەنە ئەمنییەكان"


سەبارەت بە رووداوەكە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە "میللەت"ی راگەیاند رووداوی كوژرانی ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری لەگەڵ منداڵەكەیان خۆكوژی بووە.
لێدوانەكەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، زانیارییەكانی پێشتری "میللەت" پشتڕاست دەكەنەوە كە لەو بارەیەوە بڵاویكردبوونەوە.


پێشتر چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی بە "میللەت"یان راگەیاند، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەریانخستووە كە فیشەكەكان زۆر لە نزیكەوە تەقێندراون و ئەو دەمانچەیەش كە تەقەی پێكراوە لە نێو ئۆتۆمبێلەكەی ئامانج بابانیدا دۆزراوەتەوە.


سەرچاوەكان روونیانكردەوە كە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە گومانی زاڵ ئەوەیە تەقەكردنەكە خۆكردەیی بووبێت لەلایەن ئامانج بابانییەوە، سەرەتا هاوسەرەكەی كوشتووە كە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بووە و پاشان منداڵەكەی، دواترییش گولـلەیەكی لەچەناگەیەوە بە ئاڕاستەی سەری ناوە بە خۆیەوە.


هەر بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكانی مییللەت" لە دیوی دەرەوەی ئۆتۆمبێلەكە شوێنەواری گولـلە نەبینراوە و ئەمەش هێندەی دیكە گومانەكان بەو ئاڕاستەیەدا دەبەن ئامانج كارەكەی كردبێت و پاشان خۆیشی كوشتووە.


لەم بارەی ئەم زانیاریانەوەی كە لە لایەنێكی رەسمییەوە دەرچووە سەنتەری میترۆ لە پێناو شەفافییەتی زیاتر و زانیاری زیاتر لە بارەی ئەم تاوانە ئەو بەڵگانەی كە لە بەردەستی لایەنی ئەمنین بۆ چیرۆكی تاوانەكە بیخەنە بەردەم رۆژنامەنوسان یان لانی كە وەك هەنگاوی یەكەم بۆ بەردەم بەرپرس و بەڕێوەبەری دەزگاكانی میدیا لە هەرێمی كوردستان.


سەنتەری میترۆ لەگەڵ بیستنی هەواڵەكە پەیوەندی بە جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بەڕێز (قوباد تالەبانی)كردو داوای لێكرد دەخالەت بكات لە بەڕێوەچوونی لێكۆڵینەوەی جدی و لە وەڵامدا ووتی" داوام لە پۆلیسی و ئاسایش سلێمانی كردوە لێكۆلێنەوەی جدی بكات و پاش لێكۆلێنەوە هەرچی راستییە بیدەن بە رای گشتی"


سەنتەری میترۆ پێی وایە هەموو ئەو لێدوانانەی لایەنی رەسمی دژ بە یەكەن بە تایبەتیش لێدوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان و ووتەبێژی حكومەتی هەرێم و هەندێ سەرچاوەی ئەمنی نادیاری سلێمانی، و رێكخراوی عێراقی دەرئەنجامی نەبوونی زانیاری بوون لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیس و ئاسایش كە دەبوو بدرێن بە رای گشتی.


AM:02:14:17/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌