سەرۆکی فیدراسیۆنی جیهانیی میدیایی: شەهیان تەحسین کاری زۆر مەزنی ئەنجامداوە




میترۆ، رووداو
لەکاتی بەخشینی خەڵات بە شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو، سەرۆکی فیدراسیۆنی جیهانیی میدیایی رایگەیاند، ئەمساڵ خەڵاتی رێزلێنان دەدەینە چەند میدیاکارێک، یەکێکیان کارێکی زۆر مەزنی کردووە و کاریگەریی هەیە، شەهیان تەحسین لە کوردستان.
 
کاژێر 19:30 خولەک بەکاتی ئەمریکا و 6:30 خولەک بەکاتی هەولێر، شەهیان تەحسین پێشکێشکاری بەنێوبانگی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی بەرنامەی بەرپرسیار و کاریگەرییەکانی لە چارەسەرکردنی دەیان کێشە لە کۆمەڵگەی کوردستان، لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP لە ئەمریکا خەڵاتکرا.
 
جەیمس هێوس، بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP لەکاتی پێشکێشکردنی خەڵاتەکە بە شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: " ئەمساڵ خەڵاتی رێزلێنان دەدەینە چەند میدیاکارێک، یەکێکیان کارێکی زۆر مەزنی کردووە و کاریگەریی هەیە، شەهیان تەحسین لە کوردستان. ئەو کارێکی زۆر مەزنی ئەنجامداوە و پیشانیداوە کە لە کوردستان چی روودەدات و چی روویداوە. ئەو کارێکی زۆر داهێنەرانەی ئەنجامداوە".
 
بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP  گوتی "ئەم خەڵاتەمان تایبەتە بە گەنجە داهێنەرەکان کە کاریگەری راستەقینەیان لەسەر کۆمەڵگەکانیان و ئایندەی بیرکردنەوەی خەڵکدا هەیە. ئەو گەنجە داهێنەرانەی کە کارەکانیان شایەدی لەسەر تواناکانیان دەدەن. ئەو میدیاکارانەی کە بە توانا داهێنەرەکانیان سەرسامتان دەکەن. ئەم بوارەی گەنجە داهێنەرەکان، بوارێكی گرنگ و سەرنجڕاکێشە. لەنێو زیاتر لە 100 میدیاکار لەسەر ئاستی جیهان، ئێمە 5 میدیاکاری زۆر رێزدارمان هەڵبژاردوون". 
 
ناوی ئەو پێنج میدیاکارە کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP  بە "بەنێوبانگ" ناویان دەبات:
 
- ئەلیکس برەسڵی 
- شەهیان تەحسین، لە تۆڕی میدیایی رووداو
- کریستۆڤ پاژڵ لە کیشوەری ئاسیا 
- لۆرین ئەندگریت لە کیشوەری ئاسیا 
- ئێمیڵی تایگریت لە گرووپی میدیایی روودین
 
جەیمس هێوس سەبارەت بە شەهیان تەحسین و بەرنامەکەی لە رێوڕەسمەکەدا گوتی "ئێمە میدیاکارێكی بەتوانا و داهێنەرمان هەیە لە تۆڕی میدیایی رووداو کە رێگەیەکی دوور و درێژی لە کوردستانەوە بڕیوە و هاتووەتە ئێرە. ئەو پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنییە. کاری ئەو گەیاندنی زانیارییەکانە سەبارەت بەوەی کە لە کوردستان روودەدات. ئەو باس لە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی نێو کوردستان دەکات و بەوێرانە دەست بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک دەبات. ئەو رێگەیەکی دووری بڕیوە و هاتووەتەئێرە، بۆیە ئێستا کاتی هاتووە کە ئێمە پێشوازی لە شەهیان تەحسین بکەین".
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP خۆی وەك "تۆڕی میدیای جیهانی"ی دەناسێنێت. كۆمەڵەیەكی نێودەوڵەتییە و ئامانجی پەرەپێدانی نێوەڕۆكی میدیایە لەڕێگەی بەشكردن و گواستنەوەی زانیاری، كاری هاوبەشی فرەلایەن، دروستكردنی هاوبەشی ستراتیژی.
 
700 كۆمپانیا و ناوەند ئەندامن لە FIPPدا، لە ساڵی 1925 لە فەرەنسا دامەزراوە. دواتر بارەگاكەی گوازراوەتەوە بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.
 
دووساڵ جارێك كۆنگرەی جیهانی دەبەستێت و كۆنگرەكە هەرجارەو لە وڵاتێك دەبێت. لە ساڵی 2017 كۆنگرەكە لە مانگی تشیرنی یەكەم لە لەندەن بەڕێوەچوو. هاوكات ساڵانە لووتكەیەكی تایبەت بە داهێنەرە دیجیتاڵییەكان لە بەرلین ساز دەكات .
 
ساڵانە گۆڤارێك دەردەكات و نوێنترین و سەركەوتووترین میدیاكاران دیاریدەكات و یەكەمجار بەو گۆڤارە نێوبانگی دەركرد.
 
لەماوەی دووساڵی رابردوو لە رێگەی بەرنامەی بەرپرسیارەوە کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، كێشەی دەیان كەسی هەژار و كەمدەرامەت و نەخۆش چارەسەركراوە، كە دیارترینیان چاندنی دڵ و سییەكان بوو بۆ دوو منداڵ، دروستكردنی خانوو بۆ سێ خێزان، دروستكردنی قوتابخانەیەك بۆ گوندێكی سنووری سلێمانی، گەڕاندنەوەی قەرەبووی بەشداربووانی گوندی كۆری، تاپۆكردنی پارچە زەوی 4500 پێشمەرگە و دابینكردنی هاوكاری تەندروستی و دارایی بۆ سەدان كەسی دیكە. توانراوە لەو ماوەیەدا 475 کێس بەدواداچوونیان بۆ کراوە و 70%ی چارەسەرکراون.


PM:12:50:13/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌