رووداو بووەتە سەرچاوەی هەواڵی میدیاکانی جیهان




میترۆ، رووداو 
کۆمەڵەی "ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی" ناسراو بە ئینێکس راپۆرتی چارەکی سێیەمی ساڵی 2019ی ئەندامەکانی بڵاوکردووەتەوە، رووداو وەک ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەکە توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵی بۆ میدیا جیهانییەکان و، ژمارەیەکی بەرچاو لە راپۆرت و هەواڵ و ڤیدیۆکانی رووداو لەلایەن هاوبەشەکانی دیکەی ئینێکسەوە بەکارهێندراوە. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئینێکس، لە چارەکی سێیەمی 2019دا تۆڕی میدیایی رووداو 244 پاکێجی داوەتە کۆمەڵە هەواڵییەکە، ئەوە لەکاتێکدا چاوەڕوانی 194 پاکێجی لێکراوە و بەو جۆرەش بەرهەمی رووداو بەڕێژەی 126% بووە. 
 
هەروەک لە راپۆرتەکەی ئینێکسدا دەبیندرێت، پاکێجەکانی رووداو- راپۆرت و ئەزلایڤەکانی- لە بوارەکانی "خێرایی" لە ناردنیان و "تێروتەسەلی لە ناوەڕۆکدا" زۆر باشبوون و 77 پاکێجیشیان لەلایەن ئەندامەکانی دیکەی ئینێکسەوە لە هەواڵ و بەرنامەکاندا بەکارهێندراون و لەم رێگەیەوە تۆڕی میدیایی رووداو توانیویەتی لە گەیاندنی ڤیدیۆ و هەواڵەکانی تایبەت بە کوردستان بە جیهان لەسەر رۆڵەکەی بەردەوام بێت. 
 
ئینێکس کۆمەڵەیەکی دامەزراوە میدیاییە کاریگەرەکانی جیهانە و 54 ئەندامی هەیە و ئەندامەکانی ماتریەڵەکانیان شێیەر دەکەن و بەو جۆرەش دامەزراوە میدیاییە ئەندامەکانی سوود لە ماتریاڵی یەکتری وەردەگرن. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو هەمیشە سوودی لەم کەناڵە وەرگرتووە بۆ ئەوەی ماتریاڵی تایبەت بە کوردستان بداتە هاوبەشەکانی و لەو رێگەیەوە رۆڵی کاریگەری کورد( وەک لە شەڕی دژی داعش) و ئەو هێرشانەی رووبەڕووی دەبێتەوە ( بۆ نموونەوە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان) بە دەرەوە بگەیێنێت.


AM:11:14:17/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌