راپرسییەکی رووداو: تەنها 11%ـی خەڵک لە خێرایی هێڵەکانی ئینتەرنێت رازین







میترۆ،رووداو 


خاوی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان هاونیشتمانییانی نیگەرانکردووە، لە راپرسییەکی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی لە خێرایی ئینتەرنێت لە کوردستان رازیت؟ 89%ـی وەڵامەکان نەخێرن. وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێت بەدواداچوون دەکەن.
 
بەشێک لەوانەی گلەییان هەیە بەتەنها لەسەر خاوی هێڵەکانی ئینتەرنێت نییە، بەڵکو باس لەوە دەکەن کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت فێڵیان لێدەکەن، بەشێک لەو کۆمپانیایانە کارتی پڕکردنەوەی هێڵەکان بە بێسنوور دەفرۆشن، بەڵام لەراستیدا بێسنوور نییە. 
 
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هێڵێکی گەرمیان داناوە و هاونیشتمانییان لەکاتی بوونی کێشە لە هێڵەکانیان دەتوانن پەیوەندی بەو ژمارەیەوە بکەن و سکاڵاکانیان تۆمار بکەن.  
 
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەیاندنەوە بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاونیشتمانییان دەکرێت، بەڵام ئەوانەی سکاڵا تۆماردەکەن دەبێت ئەم زانیارییانە بدەن. 
 
- جۆری ئەو هێڵەی بەکاریدەهێنن
- جۆری کێشەکەیان، خاوی ئینتەرنێت یان باڵانس
- شوێنی جوگرافی 
 
بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە ماوەیەکی نزیکدا دووبارە پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتدا دەچنەوە و تاوەکو دڵنیابنەوە لە کوالێتی ئەو ئینتەرنێتەی بۆ هاونیشتمانییانی دابیندەکەن.
 
هاوکات سەفین خدر، گوتەبێژی کۆمپانیای فاستلینک خاوی هێڵەکانی ئینتەرنێتی بۆ کەمی تاوەرەکانی گەیاندن دەگێڕێتەوە، دەڵێت، ژمارەی تاوەرەکان بەراورد بەو خواستەی لەسەر ئینتەرنێت هەیە زۆر کەمترە. 


AM:11:15:17/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌