میترۆ سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكات




میترۆ


سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رێواز فایەق داوای كرد لە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە دەبێت پەنا بۆ یاسای گشتی نەبرێت و بە بڕگەكانی یاسای رۆژنامەگەری لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی رۆژنامەنوسان بكرێت.


ئەمڕۆ وەفدێكی سەنتەری میترۆ سەردانی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و خۆشحاڵییان دەربڕی بە ئامادەبوونی كارای ئافرەتێكی كوردستان لە لوتكەی دەسەڵاتی یاسادانان و چەند پرسێكیش گفتوگۆیان لەسەر كرا.


وفدی میترۆ باسیان لە بە دواداچوونی خۆیان بۆ چەند كەیسێكی رۆژنامەگەری كرد، كە تایبەتن بە بڵاوكردنەوە بەڵام لە بنكەكانی لێكۆڵینەوە بە تەواوەتی یاسای كاری رۆژنامەنوسی فەرامۆشدەكرێت و بە یاسایەكی تر لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنوس دەكرێت و بڕیاری (دەستبەسەركردن) یان بۆ دەردەچێت لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری.
هەروەها باس لە گرنگی كاراكردنەوەی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری وەك چەكێكی گرنگ لە شەڕی دژە گەندەڵی، كرا، سەرنجی سەنتەری میترۆ لەسەر ئەنجومەنی باڵای راگەیاند كە لە چەند لایەكەوە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، خرانە روو.


سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی لە داخوازی سەنتەری میترۆو رۆژنامەنوسانی كرد جەختیكردەوە كە " كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە دەبێت پەنا بۆ یاسای گشتی نەبرێت و بە بڕگەكانی یاسای رۆژنامەگەری لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی رۆژنامەنوسان بكرێت.


ئەو وەك رای تایبەتی خۆی هاوڕا بوو لەگەڵ سەنتەری میترۆ سەبارەت بە بیرۆكەی بوونی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن كە " لەم قۆناغەدا یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری و زانیاری كار بكرێن باشترن لە رەسمییەتدان بە دامەزراوەی تر بۆ رێكخستنی كاری رۆژنامەگەری"


تەوەرێكی تری دانیشتنەكە تایبەت بوو بە پرسی كچان و ژنان لەناو میدیای كوردستانی گرنگی ئاوڕدانەوە لە كرێكارو مۆڵەتەكانی نەخۆشی و دایكایەتی و چەند بابەتێكی تر، لەم میانەدا باس لە پرۆژەی "دەنگەكانمان" كە رێكخراوی Internews بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری میترۆ و چەند رێكخراوێك جێبەجییان دەكەن، بە ئامانجی بە هێزكردنی توانای سەركردایەتی كچان و ژنانی میدیاكار لە دامەزراوەكانیاندا.


سەرۆكی پەرلەمانی پشتوانی بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دەربڕی كە پێگەی ژنان لە دامەزراوەكانی میدیا لە هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات.


PM:12:50:18/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌