حەوت ساڵە پۆلیس نەیتوانیوە بكوژی ژنە رۆژنامەنوسێك دەستگیر بكات






ئا: شەدە بەشیر
نزیكەی حەوت ساڵ بەسەر كوشتنی ژنە رۆژنامەنوسێكدا تێدەپەڕێتو تا ئێستا پۆلیسی پارێزگای هەولێر نەیتوانیوە بكوژەكەی دەستگیر بكات.
لەشەوی(18_19/4/2008) رۆژنامەنوس بێگەرد حسێن لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بەچەقۆ لەماڵەكەی خۆیدا دەكوژرێتو تائێستا پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارییان دەستگیر نەكردووە، لەمبارەیەوە لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رائید كاروان عەبدولكەریم بەسایتی رێوانی راگەیاندن"تائێستا تۆمەتبار دەستگیر نەكراوە، چونكە لەهەولێر چوەتە دەرەوەو دادگاش بڕیاریداوە دەست بەسەر ماڵوموڵكەكانیدا بگیرێتو لەداهاتووشدا بەبێ ئامادەبونی تۆمەتبار دادگابڕیاری خۆی دەداتو هەركات دەستگیر كرا سزاكەی بەسەردا دەسەپێندرێت رۆژنامەنوسە كوژراوەكە پێش رووداوەكە سكاڵای لەسەر هاوسەرەكەی تۆماركردووەو ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكات، لەمبارەیەوە پەیامنێری رێوان كەئەوكات بەدواداچونی لەسەر كوشتنەكە كردبوو دەڵێت"دوای تۆماركردنی سكاڵاكەی دوو جار بێگەرد خۆی شوێنی تۆمەتبارەكەی بەپۆلیس وتوەو پۆلیسش دەستگیری نەكردووە بە پاساوی ئەوەی تاوەكو چونەتە شوێنی رووداوەكە تۆمەتبار هەڵهاتووە"، پەیامنێرەكەی رێوان ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد كەبەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندووتیژی دژی ژنان لەهەولێر دەستی كەوتوون تۆمەتبار لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی كردووە بەپۆلیسەوەو وتویەتی"لەسەر شەرەف كوشتومە"، بەڵام پۆلیس كەمتەرخەم بووە لەدۆزینەوەی تۆمەتبار لەرێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنەكانیەوە تا ئەوكاتەشی كە بێگەردی كوشت.
سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندووتیژی دژی ژنان، باسی لەوە دەكرد كەدوای ئەوەی بێگەرد سكاڵای لەسەر هاوسەرەكەی تۆماركرد كە هەڕەشەی كوشتنی لێدەكات دادوەر بڕیاریدا كەبێگەرد لەخانەی داڵدەدان بمێنێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەخانەی داڵدەداندا حاڵەتەكان بۆیان نیە بێنە دەرەوە تەنانەت گەر ئەو حاڵەتە كاریشی هەبێت، بۆیە بێگەرد بەناچاری بڕیاریدا نەچێتە ئەوخانەیەوە، چونكە كارەكەی لەدەستدەچوو كچەكەشی نەخۆشی درێژ خایەنی هەبوو بۆیە زۆر پێویستی بەو موچەیە بوو كەلەكارەكەیدا وەریدەگرت.


لەنجە عەبدوڵا لێپرسراوی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژنان"جیاوازی جێندەری لەكوشتنەكانیشدا رەنگی داوەتەوە، لەبەر ئەوەی بێگەرد ژنێكی رۆژنامەنوس بوو لەسەر كەیسێكی كۆمەڵایەتی كوژرا بینیمان هیچ كاردانەوەیەكی وەهای دروست نەكرد، بەبەراورد كەیسی رۆژنامەنوسانی دیكەدا كەكەیسەكانیان سیاسی بووە"ناوبراو دەڵێت" نەتوانراوە  ئەوپلانە ستراتیژیانەی لەلایەن ئەنجومەنی خانمانو كارنامەی بەڕێوەبەرایەتیەكانەوە دانراوە چاودێری بكرێت و جێ بەجێ بكرێت لەهەمان كاتیشدا پەرلەمانیش كەمتەرخەم بووە"، وتیشی"سەرەڕای هەوڵەكانمان بۆ دروستكردنی فشار بۆ سەر لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی دەستگیر كردنی بكوژی بێگەرد حسێن، بەڵام حكومەتو لایەنی پەیوەندیدار كەمتەرخەمنو تائێستا بكوژ لەناوچەیەكی ئەم هەرێمەدا دەسوڕێتەوەو دەستگیر ناكرێت"، لەنجە بەنیگەرانیەوە باس لەوە دەكات كەلیژنەی مێینە لەسەندیكای رۆژنامەنوسان لەدوای كوشتنی رۆژنامەنوش بێگەرد حسێنەوە دروست بوو بەوهیوایەی بەدواداچونی جدی لەسەر كەیسەكەی بكەنو فشار بخەنە سەر پۆلیس بۆ ئەوەی تۆمەتبار دەستگیر بكرێت، بەڵام "نەیانتوانی بەو كارە هەڵبستن"، وتیشی"لەراپۆرتێكی رۆژنامەی هاوڵاتیدا كە رۆژنامەنوسێك چاوپێكەوتنی لەگەڵ تۆمەتباردا ئەنجامداوە كەدەبوو وەك ئەخلاقی پیشەیی دەبوو رۆژنامەنوسەكە شوێنی تۆمەتباری بەپۆلیس بوتایە نەك چاوپێكەوتنی لەگەڵدا بكاتو پاساوی بۆ بهێنێتەوەو وەكو قوربانی پیشانی بدات".
بێگەرد حسێن لەتەمەنێكی منداڵیدا دەبێت باوكی دەیدات بەپیاوێك كەچەندین ساڵ لەكچەكەی گەورەتربووەو لەبەرامبەردا بڕی(5) هەزار دیناری ئێراقی وەك شیربایی لێوەرگرتووە، دوای ماوەیەك پیاوەكە بێگەرد دەباتەوە بۆ باوكیو داوا لەباوكی دەكات پارەكەی بداتەوە باوكی بێگەردیش بڕی(3) هەزار دیناری دەداتە هاوسەرەكەی بێگەرد بۆئەوەی تەڵاقی بدات، زۆر نابات جارێكی دیكە باوكی بێگەرد دەیداتەوە بەشوو بەوپیاوەی كەبێگەردی دایە بەرچەقۆو دەبنە خاوەنی كچێك، ئەو دەمانەشی بێگەردو هاوسەرەكەی كێشەیان دەبێتو لەیەكتر جیادەبنەوە هاوسەری بێگەرد داوای (600)دۆلار لەبێگەرد دەكات بۆ ئەوەی كچەكەی بداتەوە بۆیە بێگەرد كچەكەی بەو بڕە پارەیە لەهاوسەرەكەی وەردەگرێتەوە، لە دوای كوشتنیەوە كچە نەخۆشەكەی لەلای خوشكێكی بێگەرد ژیان بەسەر دەبات.

كوشتنی بێگەرد حسێن رای گشتی نەجوڵاند
ئەگەرچی رۆژنامەنوس (كاوە گەرمیانی) چەند ساڵێك دوای كوشتنی رۆژنامەنوسی ژن بێگەرد حسێن كوژرا، بەڵام بووە هۆی دەنگدانەوەو جوڵاندنی رای گشتیو چەندین لایەنو رێكخراو دەزگای حكومیو حزبی ئیدانەكەی كارەكەیان كردو بەیاننامەو یاداشتیان بڵاوكردەوە، بەڵام لەتیرۆركردنی بێگەرد حسێندا تەنهاو تەنها چەند رێكخراوێكی ژنان نەبێت دەنگێك بۆ پاڵپشتی لەدۆسیەكە نەبیستراو لەكتێبێكی تایبەتدا بەناوی (كاوە گەرمیانی ویژدانی زیندووی نەتەوەیەك)دا زیاد لە(152) رۆشنبیرو نوسەرو رۆژنامەنوسو زیاد لە(25) بەیاننامەو راگەیاندنی دەزگا حكومیو حزبیو حكومیەكانی تێدا  هاتونەتەدەنگو تیاشیدا (12) قەڵەمی ژن هەیە كەئیدانەی تیرۆركردن دەكەن، بەڵام هیچ یەكێك لەوانە بەوشەیەكیش  باسی تیرۆر كردنی رۆژنامەنوس (بێگەرد حسێن)یان نەكردووە.

(رێوان)


PM:06:30:27/01/2015




ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌