حكومەتی هەرێم: رۆژنامەنوس "خەلابیل بنیامین" بە پێی یاسا دەستگیر كراوە




میترۆ، وێستگه‌ نیوز 
لەسەر راپۆرتی رێكخراوی (CPJ) كە باسی لە دەستگیكردنی رۆژنامەنوس "ولیەم بنیامین" ناسراو بە "خەلابیل بنیامین" كردبوو، نوسینگەی‌ رێکخەری‌ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.
 
نوسینگەی‌ رێکخەری‌ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم  دەڵێت "لیژنەی‌ پاراستنی ڕوژنامەنووسان (CPJ) لە ویبسایتی خوی‌ ڕاپورتێکی بڵاوکردەوە دەربارەی دەستگیرکردنی ڕوژنامەنووسێک بە ناوی (ولیەم بنیامین ئادەم) دەکات کە ناسراوە بە (خەلابیل بنیامین) لە کاتی ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی لە باکوری روژهەڵاتی سووریا و، ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە".
 
راپۆرتەكە دەشڵێت "لیژنەکە لە راپۆرتەکەیدا داوای روونکردنەوەی بە پەلە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە تەنیا ماوەکە یەک رۆژە، واتە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەیان، بێ ئەوەی لە  هۆکار و وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسی ناوبراو وردببنەوە و، چاوەڕێی وەڵامی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بن.
 
نوسینگەی‌ رێکخەری‌ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت "بەی‌ وتەی ڕوژنامەنووس (خەلابیل بنیامین) دەستگیر کراوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پاش ئەوەی‌ کە بەشێوەیەکی نا یاسایی دەربازی‌ سنووری هەرێمی کوردستان دەبێت لە نێوان سووریا و عێراق. دوای دەستگیرکردنی کەیسەکەی‌ پێشکەش بە دادگای دهۆک کراوە بەپێی فەرمانی یاسایی ماددەی‌ ١٧ لە یاسای پاسپۆرتی عێراقی. دواتر ناوبراو لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە کەفالە ئازاد کراوە، بەڵام کەیسەکەی‌ لە دادگا بەردەوامە. دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، کەیسەکە مەبەستی چوونی ناوبراو بۆ وڵاتی سووریا کاری رۆرژنامەنووسی نەبووە، بەڵکو بەمەبەستی گەیاندنی بڕی پارەک بووە بۆ کەسێک بە ناوی‌ (فادی صابر)، کە دانیشتووی ناوچەی‌ تەل تەمیره لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. هەروەها نووسراو و بەڵگەنامەی فەرمی پەڕینەوەی سنووری سوریای نەبووە".
 
جەختدەكاتەوە كە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری دەکات بۆ تیمەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان، بۆ ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی، ئەمەش بەپێی چەند رێوشوێنێکی دیاریکراو، وەک نووسراوی فەرمی بۆ رێگەپێدان. ئەم رێوشوێنانەی کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم پەیڕەوی دەکەن، ئاساییە و لە هەموو وڵاتان پەیڕەو دەکرێ.
 
نوسینگەكە دەڵێت "دوای دەستگیرکردنی ناوبراو لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ ناوبراو کردووە و، وەک هەر دەستگیرکراوێک گشت مافە یاساییەکانیان پێی راگەیاندووە و، بەهیچ شێوەیەک رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و هەڵسوکەوتی نەشیاو نەبۆتەوە".
 


PM:12:27:04/12/2019




ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌