عیراق.. رۆژنامەنوسێك لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو



رادیۆ نه‌وا 
روانگەی عیراقی بۆ ئازادیە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایكرد، رۆژنامەنوسێك لە هەوڵێكی تیرۆركردن رزگاری بوەو هەڕەشەی كوشتن لە رۆژنامەنوسێكی دیكەش كراوە.


هەڕەشەكانی سەر رۆژنامەنوسان لە عیراق بەرەو زیادبون دەچن و لەماوەی رابردوشدا بەتایبەتی لەمیانەی خۆپیشاندان و گرژیەكانی عیراقدا، ژمارەیەك رۆژنامەنوس كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش رفێندراون یاخود هەڕەشەی كوشتنیان لێكراوە.


هەر لەو چوارچێوەیەدا روانگەی عیراقی بۆ ئازادیە رۆژنامەوانیەكان لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، هەفتەی رابردوو رۆژنامەنوسێكی وەرزشی بەناوی جەواد خەرسان لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوە.


بەپێی وتەی رۆژنامەنوسەكە چەند كەسێك بەسواری ماتۆڕسكیلێك تەقەیان لێكردوە، بەڵام بەرنەكەوتوە. وتوشیەتی "هەوڵی تیرۆركردنی بەهۆی كۆنگرەكەی هەولێرەوە بوە، كە بوەتەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی عیراق".


روانگەی عیراقی بۆ ئازادیە رۆژنامەوانیەكان ئەوەشی رونكردوەتەوە، هەڕەشەی كوشتن لە رۆژنامەنوسێكی دیكە بەناوی ژكر جبوری كراوە، كاتێك لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغداوە گەڕاوەتەوە ماڵەوە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری سۆناتای رەش بۆ ماوەیەكی زۆر دوای كەوتوە، بەڵام دوای ئەوەی چەندین شۆفێری تر بەوەیان زانیوە و دەستوەردانیان كردوە، ئۆتۆمبێلەكە هەڵاتوە، هەروەها چەندینجار هەڕەشە بۆ خۆی و چەندین رۆژنامەنوسی دیكەش چوە.


PM:12:23:21/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌