داوای زانیاری دەکەین لە بارەی دەستگیرکردنی سباح ئەتروشی





هەولێر، 7ی شوباتی 2015: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت دەبێت دەزگا ئەمنییەکانی شاری دهۆک، زانیاری تەواو بدەن بە رای گشتی سەبارەت بە دەسگیرکردنی رۆژنامەنوس سەباح ئەتروشی و کەیسەکەی لە چوارچێوەی یاسای کاری رۆژنامەنوسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت 

سباح ئەتروشی رۆژنامەنوس لە رۆژی پێنج شەمە 29 کانونی دوهەم پاش بەشداریکردنی لە بەرنامەی ئێوارەی (بادینان سات) ی کەناڵی ئاسمانی بادینان سات بە تەلەفون داوای لێدەکرێت بچێتە ئاسایشی ئەو شارە.

نێوار ئەتروشی ( برای سەباح) پەیوەندی بە سەنتەری (میترۆ) وە کرد پێی راگەیاندین لەدوای تواوبونی ئەو بەرنامەیە بەتەلەفۆن کەسێک چەند جارێک هەرەشەی لێدەکات داوای لێدەکات بچێتەئاسایشی دهۆک ئەویش دەڵێت "پێویستە بە فەرمی داوام لێبکرێت ، دواتر خۆی دەچێتە ئاسایش لە رێکەوتی 2/2/2015 لەسەر ئەوقسانە لەبەرنامەکە بڵاوکراوەتەوە دەستگیردەکرێت" باسی لەوەشکرد " نازانین بە پێی چ مادەیەکی یاسای براکەم دەستبەسەرە"

سەباح ئەتروشی پیشوتر رێکخەری سەنتەری میترۆ و بەرپرسی ئۆفیسی کەناڵی NRT بووە لە پارێزگای دهۆک.

تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئەو رۆژنامەنوسە لە ئاسایشی شارەکە دەست بەسەرە رێگانەدراوە کەس وکارەکەشی بیبینن.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت دەبێت دەزگا ئەمنییەکانی شاری دهۆک، زانیاری تەواو بدەن بە رای گشتی سەبارەت بە دەسگیرکردنی رۆژنامەنوس سەباح ئەتروشی و لەچوارچێوەی یاسای کاری رۆژنامەنوسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت .

میترۆ پێی وایە ئەگەر رۆژنامەنوس سەباح ئەتروشی لەو بەرنامەیەدا زانیاریەکی هەڵەی بڵاوکردبێتەوە، ئەوە مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە "تاوان"ەکانی بڵاوکردنەوە لە چوارچێوەی یاسای کاری رۆژنامەنوسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، نەک مادەیەکی یاسایی تر. جەختدەکەینەوە " با بە پێ یاسای کاری رۆژنامەنوسی  مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەیدا بکرێت و بە کەفالەت ئازاد بکرێت "

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر( رازاو شەریف، هیوا عوسمان، عمار الشابندر، توانا عوسمان، رەحمان غەریب) دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە. تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. سڵانی 2011 و 2012 و 2013 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.



PM:02:53:07/02/2015




ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌