" پرسی ژن، پرسی نادادپەروەرییە بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە لە کۆمەڵگەدا"
PM:12:52:11/03/2020

د.ساماڵ مانیی، شارەزاى پرسی جێندەر و فەلسەفەی جێندەریە، دکتۆراى لە فەلسەفەدا هەیە، ڕەخنەى لە ڕەوشى ژنان هەیە لە هەرێمى کوردستان و پێیوایە ئاڕاستەی زۆر هەن  لە نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە؛ کە هێشتا نە دەنگیان هەیە و نە دیارن.

د.ساماڵ مانیی لە سلێمانى لەدایکبووەو لە ژنە پێشمەرگە تەنیاکانی سەرەتای هەشتاکانە، یەکەم ژنە پێشمەرگەی کادیری سیاسیەو یەکەم ژنە پیشمەرگەی تەنیایە چووبێتە مەفرەزەکانی پێشمەرگەوەو لە شەڕەکاندا بەشداری کردبێت، لە کۆنفرانسی سەرکردە سیاسیەکاندا بەشدار بووەو بە وتار داکۆکیی لە پرسی جێندەر کردووە لە سیاسەتدا لە ساڵانی هەشتاکاندا.
لە ٢٠١١ وە هەتا ٢٠١٣ مامۆستای فەلسەفە بووە لە زانکۆیەکی هەرێم، بەڵام بە وتەى خۆى لەبەر "ناحیزبی بوونی و نادادپەروەری جێندەریی" ناچارکراوە دەست لەکاربکێشێتەوە. 
لە هەندەران بڕوانامەکانی دبلۆم لە بەڕێوەبردنداو بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرای لە بواری فەلسەفەدا لە زانکۆی لەندەن و لە زانکۆکانی ئەوروپا لەسەر خەرجى خۆی بەدەستهێناوە.
لە فەلسەفەدا بە زمانی ئینگلیزی و کوردی دەنووسێت و لە گۆڤارە ئەکادیمیەکانی فەلسەفە لە ئەوروپا بڵاودەکرێنەوە، جگە لەوەی دۆکیۆمێنتکراون لە سەنتەرە دیارو بەناوبانگەکانی بواری فەلسەفەدا
نووسەری سێ (٣) کتێبی فەلسەفەیە بە زمانی کوردی لە پرۆژە فەلسەفی 'هەگبەی زانین'دا.
لەپاش دکتۆراکەیەوە چەندین هەوڵی داوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و پرۆژەی فەلسەفی بکاتەوە، بەڵام  دیسان دەڵێت: لەبەر ناحیزبی بوونی و نادادپەروەری جێندەریی هەموو هەوڵەکانی ڕێگریی لێ کراوە لەبری هاندان و پشتگیری لێکردن.

سازدانى: زەمەن

 

زەمەن: چه‌مكی پرسی ژنان ساڵانێكه‌ بووەته‌ جێی قسه‌وباسی كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌م پرسه‌ چی دەگرێتەوە؟
د. ساماڵ مانیی: پرسی ژن، پرسی نادادپەروەرییە بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە لە کۆمەڵگەدا، واتە پرسی نادادپەروەرییە بەرامبەر بە نیوەی کۆمەڵگەمان و دەبێت گرنگ بێت لای هەموو ئەوانەمان کە مەبەستمان لە لابردن و کەمکردنەوەی نادادپەروەرییەو دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی باشتر بخوڵقێنین و تیایدا بژین، جا چ ژن بین یان پیاو. 
لەبەرئەوەی پرسی نادادپەروەری جێندەری - ژن لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا هەیەو لە هەموو تەوەرەکانی ژیانکردندا هەیە، هەوڵدانەکان یان خەباتکردن یان بەرەنگاربوونەوەکان بۆ لابردنی ئەو نادادپەروەرییە دەبێت هەموو جومگەو تەوەرەکانی ژیانکردنی ناو کۆمەڵگە بگرێتەوە.
 ئەو ئاڕاستانەی کە هەتا ئێستا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە هەیە زۆر زۆر کەمە. نموونەی ئەوەی کە هەیە، بەرەنگاربوونەوە دژ بە کوشتنی ژنانە، بەرەنگاربوونەوە دژ بە لێدانی ژنانە لەناو خێزاندا، بەرەنگاربوونەوە دژ بە ئیهانەکردنی ژنە، هەموو ئەمانە مایەی دڵخۆشین، من زۆرم پێخۆشە دەیانبینم و بێگومان هەمیشە پشتگیریانم، بەڵام هێشتا زۆر ئاڕاستەی تر هەن، کە نە دەنگیان هەیەو نە دیارن؛ پشتگوێ خراون.


زەمەن: ئەو ئاڕاستانەی کە پشتگوێخراون چین؟ دەکرێت چەند نموونەیەک باس بکەیت؟

د. ساماڵ مانیی: دوو نموونە لە سەدان نموونە باس دەکەم، کە زۆر گرنگە بەلای منەوەو بەردەوام دێتە بەردەمم و ڕێگەم لێ دەگرێت لە ئیشەکانماندا. یەکەمیان؛ نادادپەروەری  بەرامبەر بە رەگەزی مێینەیە لە پیشەو بواری فیکری و ئەکادیمیدا، ئەم نادادپەروەرییە لەناو زانکۆو ئینستیتیوت وئەکادیمیاو خانەو دەزگا ڕۆشنبیرییەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەدا بە ڕوونی بەدی دەکرێن.
دووەمیان؛ نادادپەروەری بەرامبەر ڕەگەزی مێینە لە بواری فەلسەفەدا یەکجار زۆرە، بەربەستیان دروستکردووە، ئەمەیان ناوەندە ئەکادیمیی و نائەکادیمیەکان دەگرێتەوە، بەش و سکوڵ و خانەو ئەکادیمیاو دەزگاکانی بواری فەلسەفەو چاپ و بڵاوکردنەوەکانی بیرکردنەوە فەلسەفییەکان دەگرێتەوە.


زەمەن: چۆن دەتوانین هەموو ئەو نادادپەروەرییەی هه‌یه‌ بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینەی ناو کۆمەڵگەکەمان لەناوبەرین؟
د. ساماڵ مانیی: ئەو بیرۆکەی نەهێشتنە پێویستی بە پلان و پرۆژەی ستراتیژیی زۆر هەیە، بەئاسانی نەمانتوانیوە و ناتوانین هەموو ئەو نادادپەروەریەی کە بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە دەکرێن لەناوببەین بە یەکجار. لەبەرئەوەی وەکو سەرەتا وتم لە هەموو جومگەکانی ناو کۆمەڵگەدا هەن، لەهەموو تەوەرە گرنگەکانی پێکەوە ژیانی نێرو مێی ناو کۆمەڵگەدا هەن. تۆ تەنها ئەو دەنگانە وەرمەگرە، کە پێشتر هەمانبووە یان تا ئێستا هەیە وەکو دەرخەری ئەو نادادپەروەریەی دەکرێت بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە، ئەو دەنگانەی کە هەتا ئێستا هەمانبووە بەشێکی زۆرکەمی لەو نادادپەروەرییە دەرخستووە. زۆربەی نادادپەروەرییەکە هێشتا شاراوەو کپکراون، هەرهەوڵێک بۆ لەناوبردنی نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینەی مرۆڤ، بەبێ ڕێگەکردنەوە بۆ هاتنەدەنگ و هەوڵدانی دەستنیشانکردن، پشتگیریکردن  و هاندانیان، شکست دەخوات. ئەمە جگە لەوەی ئەو پرسە پلاندانان و کات و زەمەنی دەوێت. 
 
زەمەن: هەرکەس لە ڕەگەزی مێینە بوو، دەتوانێت دەنگی ژن بێت؟ دەنگی لەناوبردنی نادادپەروەری ڕەگەزی مێینە بێت؟
د. ساماڵ مانیی: هەرکەسێک لە ڕەگەزی مێینە بێت، بەر ئەو نادادپەروەرییە دەکەوێت، ئەوەیان وایە، بەڵام ئەو بەرکەوتنە ڕێژەییە. چونکە هەندێکمان زۆرمان بەردەکەوێت لەو نادادپەروەرییەو هەندێکمان کەمترو هەندێکیش هەر بە ئاستەم نادادپەروەرییەکەی بەردەکەوێت؛ من بۆیە پێشتر لە وتاری "لە داوێنی پرسی یەکسانی جێندەریدا" ویستم ئەو مەسەلەیە بجوڵێنم. تا ئێستا لە تێگەیشتنی جێندەریی ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا وا باوە کە "یەکسانی جێندەری" بریتی بێت لە ژمارە زیادکردنی ژن لە بوارو پێگەو بەڕێوەبردن و پیشە ئەکادیمیەکاندا بەرامبەر بە ژمارەی پیاو؛ ئەوە هەڵەیەو کەموکوڕی لە تێگەیشتن دەردەخات.
ئەو ژمارانەی کە زیاد دەکرێن لەبەر یەکسانی جێندەری پێویستە "ببینرێن"، لەمەدا مەبەستم لە شەفافیەت بوون نییە وەک دەرخستنی ناوەکانیان و موچەکانیان و شتی وا، بەڵکو مەبەستم لەوەیە ئەو ژمارانەی دەخرێنە سەر زیادبوونی ژن لەو بوارانەدا پێویستی بە دیتن هەیە لەو ڕوەوە کە ئەو ژمارانە ژنانی کام لە توێژەکان دەگرێتەوەو ژنانی کام لە توێژەکان دەخاتە دەرەوەی ئەو لیستی یەکسانی جێندەرییەوە. وەک لەو وتارەدا ئاماژەم پێکردبوو، هەتا ئێستا ئەوەی رێگەی بۆدەکرێتەوە هەر ژنانی خێزانە حیزبی و دەوڵەمەندو ناودارەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردین، لەکاتێکدا هەموو دەزانین ئەو ژنانە لەوانەن کە کەمتر نادادپەروەرییان بەرامبەر بە ژن بەردەکەوێت بە بەراورد بە ژنانی تری ناو کۆمەڵگەکە، لەبەر پێگەی خێزانی و مادی و مەعنەوییان. هیچ کاتێک ئەوانە (لە هیچ وڵاتێکدا) ناتوانن لەبری هەموو ژنێک قسە بکەن و نوێنەری هەموومان بن، ژنانی توێژە جیاجیاکان پێویستیان بە نوێنەرایەتی خۆیان هەیە لەو "یەکسانی جێندەرییە"دا، جگە لەوەی هەموو ژنێک پێویستی بە دەنگی خۆی هەیە.

بۆیە من پێداگری دەکەم لە ڕێژە زیاکردنی ئەو ژنانەی ناو ئەو توێژانەی کە ناوبانگ بوونی خێزانیی و دەوڵەمەند بوون و حیزبی بوون نایانگرێتەوە لە لیستەکانی یەکسانی جێندەریدا.

 ئەمە لەبەرئەوە ناڵێم و مەبەستم لەوە نییە ئەو ژنانە ئیهمال بکرێن کە دەکەونە ئەو توێژەوە کە ناوبانگیان هەیە یان دەوڵەمەندن یان حیزبین، بێ گومان نامەوێت نادادپەروەری بەرامبەریان پشتگوێبخرێت، گەر لەبیرتان بێت لە وتارێکی تردا بەناونیشانی "سەرنجێک لەسەر لایەنی کەمی چاوەڕوانیی سیاسیمان"، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاوکرایەوە لە زۆربەی ڕۆژنامە کوردییەکاندا و(حیزبەکانیشدا). من بەو وتارەم پشتگیرو هاندەر بووم لە زیاکردنی ژمارەی ژن لە پێگەی سەرکردایەتی حیزبەکانداو لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و تەنانەت سەرۆکی کوردستان، ئەو وتارەم سێ ساڵ پێش ئەوە بوو بۆ یەکەمجار ژنێک(دوو ژن) بکەن بە سەرۆکی پەرلەمان لە کوردستاندا لە ٢٠١٩دا.  هەروەهاش، من خۆم یەکێکم لەو ژنانەی کە چیتر بۆ نموونە لە توێژی هەژارەکان نیم و لە بێ ناوبانگەکانیش نیم، بەڵام نادادپەروەری لە بواری  رۆشنبیری و فەلسەفەو ئەکادیمی زۆر زۆرەو دەمگرێتەوە، هەروەهاش نادادپەروەری بەرامبەر بە ناحیزبیەکان یەکجار زۆرەو دەمگرێتەوە؛ ئەمانە لەهەموو نادادپەروەریەکانیتر زیاتر بوون بە گەورەترین بەربەست لەبەردەمم و لە پەسەندکردنی پرۆژەکانمدا لە کوردستان. لەهەمان کاتدا، لەو ژنانەی ئەو خێزانانەش نیم  کە پێگەی خێزانیان ڕێخۆشکەرن بۆ بەدەستهێنانی پێگەی خۆیان و کەمکردنەوەی بەربەست لەبەردەمیاندا. ئەوەی بەدەستم هێناوە تەنها بە هەوڵی خۆم بووەو زۆر زۆریش زەحمەت بوو بەدەستهێنانی و ڕێگریی یەکجار زۆرم لێکراوەو هەر نوکێکی ئەو بەربەستانە بۆ هەرکەسێک بگێڕمەوە بە ساڵ ئەحەپەسێت. لە ڕووی ئەو ئەزموونەوە دەڵێم.


زەمەن: دەزانین کە لە ١٩٩٣وە لە بواری فەلسەفەدا هەیت بە خوێندنی ئەکادیمی و مامۆستایەتی و نووسین، دەکرێت بزانین لە کەیەوە ئیش لە بواری جێندەردا دەکەیت؟

د. ساماڵ مانیی: بڕوا بکە هەر لە مناڵیەوە، زۆر مناڵ بووم کە بەئاگا هاتم لە نادادپەروەری بەرامبەر بە کچان، لە یارییەکانی کۆڵانەوە. بۆ نموونە، من هەتا ٧-٨ ساڵی گۆڵچی بووم لە تیمی تۆپ تۆپێنی گەڕەکەکەمان لە شەستەکانی شاری سلێمانیدا، لە ٨ ساڵیەوە ئیتر پێیان وتم کە ناتوانم بەشداری بکەم لەبەرئەوەی کچم، ئەوسا زۆرم خەفەت پێخوارد.
یەکەم جار کە هەڵوێستم وەرگرت دژ بە نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە تازە دەیەی یەکەمی ژیانم تێپەڕاندبوو، هەر لە گەڕەکی خۆمان بوو لە سلێمانی، ئەو کاتە بوو کە (ش.ك)ی کچە هاوڕێی نزیکم خۆی کوشت، ماوەی دوو ڕۆژی یەکەمی پرسەکەی لەبەردەمی دەرگای ماڵەکەیان- ماڵی باوکی- ڕاوەستام و لەگەڵ یەک بەیەکی ئەو ژنانەی کە دەهاتن بۆ پرسەکەی قسەم کردو داوام لێدەکردن کە نەچنە پرسەکەیەوە لەبەرئەوەی  سەرکردنەسەری دایکی بوو بەهۆی خۆسوتاندنی ش. ك، داوام لێدەکردن لەبری ئەوەی بچنە ژوورەوە بۆ دڵدانەوەی دایکی با بچن بۆ سەر گۆڕەکەی خۆی بۆ رێزگرتن لە خۆی.

لە سیاسەتدا لەناو شار، هەروەها لە پێشمەرگایەتیدا لە دەستپێکی دەیەی هەشتاکاندا بەرەنگاری نادادپەروەریم کردووە بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینەو خۆشم ئەو نادادپەروەرییەم زۆر بەرکەوتووە، لە هەموو کۆڕو کۆبونەوەو سیمینارێکمدا کە دەمکردن لەناو خەڵکی دێهات و ناو مقەڕاتی پێشمەرگە پرسی ژن/ جێندەریی هەمیشە یەکێک بووە لە تەوەری باسەکەم لەگەڵ پرسی ئابووری و فەلسەفەی سیاسیدا، ئەوکات زۆر حەزم لە بواری ئابووری بوو سەرباری فەلسەفەی سیاسیی و زانستی سەربازیی.

لە دەرەوەی سیاسەت و فەلسەفەی سیاسیدا، لەگەڵ گەیشتنم بە هەندەران، یەکەم کەس بووم کە کۆرسی "مافەکانی ژن" بکەمەوە (دروستی بکەم و بیڵێمەوە) بە  زمانی کوردی ،لە بنکەی ڕۆشنبیری کوردی لە لەندەن (کەی سی سی) لە ساڵی ١٩٨٧دا. تا ئەوکاتە هیچ کۆرسێکی جێندەری بە کوردی نەکرابوو چ لە کوردستان و چ لە هەندەران، کۆرسەکە لە بواری  پەروەردەیی و تێگەیشتن و فیکریدا بوو، ئەو کۆرسەم بە پشتگیری و مۆڵەت و بودجەیەکی یەکجار کەم کە تەنها پارەی هاتوچۆو نانخواردنی نیوەڕۆ بوو لەلایەن "شارەوانی گشتی لەندەن" مۆڵەتی ئەو بودجە کەمەی بۆ دابینکرا، کە بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی لەندەن بوو ئەوکات.
لە لەندەن زۆر خۆبەخشانە لەگەیشتنمەوە هەتا چوونە ناو بواری ئەکادیمی فەلسەفەوە (١٩٨٦-١٩٩٣)، بەشێک بووم لە هەموو جموجوڵەکانی کوردانی بەریتانیا لە خۆپیشاندان و کۆڕو گردبوونەوەدا، یەکێک لەو کارانەی کە بەردەوام کردوومە ئەوە بووە کە لە هەموو بۆنەو موناسەبەیەکی فیکری و سیاسیدا خۆبەخشانە وەکو وتەبێژی ژنان پرسیارم لەسەر پرسی جێندەری جوڵاندووەو ڕەخنەم لە نەبوونی پلان و پرسی جێندەری لە بوارەکاندا گرتووە چ سیاسی بووبن یان ئەدەبی. ئەو کوردانەی کە لەمێژە لە لەندەن دەژین پێویستە شایەتحاڵی من بووبن لەناو کۆڕو سیمینارو هەموو بۆنەکاندا لە دواناوەندی هەشتاکان و هەتا یەک دوو ساڵیش پاش ١٩٩٣، چونکە جگە لە سیاسەت بە قسەکەری ڕەسمی ژنان ناسرابووم لەناویاندا، هەمیشە چاوەڕێیان دەکرد لە کۆتایی کۆڕەکاندا من شتێک بڵێم لەسەر ژن. دواتر ژنانى تر دەنگیان بەرزکردەوە لەناو کۆڕو موناسەبەکاندا، ئیتر کاتی خۆی بوو من دووربکەومەوەو بەتایبەت خەریکی فەلسەفە بم.
ئەمانە جگە لە هەڵوێست گرتن دژ بە کوشتنی ژن لەسەر ئەوەی ئەوکات پێی دەوترا "شەرەف"، هەروەهاش هەر لەسەر ئەو پرسە لە ڕووی فیکری و ئەکادیمیەوە کۆنفرانسم لە زانکۆی لەندەن پێکهێنا، وتارم تیا خوێندەوە لە ساڵی ١٩٩٣/١٩٩٤دا، کە زۆربەی سیاسەتکاران و ڕۆشنبیرانی  کوردانی دانیشتووی لەندەن ئامادە بوون و هەستم کرد تێگەیاندنی سیاسیکارانمان زۆر کرد لەو کۆنفرانسەدا، بەڵام خۆ پێزانینیان نییەو بۆ جارێکیش سوپاسیان نەکردووم.
ئەو کاتەی کە گەڕامەوە بۆ کوردستانیش لە ٢٠١١ هەتا ٢٠١٣ گەرچی خۆم زۆر بە سەختی کەوتبوومە بەر لێشاوی نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە لەناو بواری فەلسەفەداو بوو بەهۆی لەدەستدانی ئیشەکەم و ناچاریکردم ئیستیقالە بکەم، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو نادادپەروەرییەشدا، توانیم جگە لە ئەرکی فەلسەفی زانکۆیی، کۆرسی فەلسەفە بۆ ژنان لەناو شاری سلێمانیدا بکەمەوە لە دەرەوەی زانکۆکاندا.
لە ئێستادا نووسینی کتێبی "فەلسەفەو ژن"م تەواوکردووە، کە یەکەم کتێبی فەلسەفەی جێندەرییە بە زمانی کوردی (دوا کتێبی پرۆژە نووسینی "هەگبەی زانین"ی منە) زۆر بەوە خۆشحاڵم و زۆر مەبەستمە بگاتە ناوەندی ئەکادیمی فەلسەفەو دیبەیتی ڕۆشنبیرانی کوردەوە، ببێت بە دەستپێک بۆ دروستبوونی فەلسەفەی جێندەریی لە کوردستاندا.