سه‌نته‌ری میترۆ: شوناسی رۆژنامه‌نووسی ته‌نها بۆ كاری رۆژنامه‌نووسییه‌
PM:09:57:18/03/2020
سه‌نته‌ری میترۆ داوا له‌ رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ده‌كات، شوناسی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ته‌نها بۆ كاری رۆژنامه‌نوسی به‌كاربهێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌ركیان پێنه‌سپێردراوه‌ نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌.

ره‌حمان غه‌ریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند، له‌ چه‌ند لایه‌نێكی ره‌سمی ئاگارداركراون كه‌ شوناسی رۆژنامه‌نووسی له‌ بازگه‌كانی ناوشارو ده‌ره‌وه‌ زۆر به‌كار دێت وتی، "ره‌خنه‌ ده‌گرن كه‌ هه‌ندێ حاڵه‌ت رۆژنامه‌نووس له‌ ئه‌ركدا نییه‌ بۆ پیاسه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌".

رێكخه‌ری میترۆ وتیشی: "نابێت رۆژنامه‌نووس شوناسی رۆژنامه‌نووسی بۆ كاری تایبه‌تی خۆی به‌كار بهێنێت وه‌ك پیاسه‌كردن به‌شارو شكاندنی بریاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ركدا نییه‌ تكایان لێده‌كه‌ین پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن".

رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ باسی له‌وه‌كرد هه‌ر ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسانی ئه‌مریكا CPJ رێنماییه‌كی نوێی بۆ رۆژنامه‌نووسانی جیهان بڵاوكرده‌وه‌ و داوای‌ له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ كرد كه‌ روماڵ هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به‌ بلاَوبونه‌وه‌ی فایرۆس ( COVID-19) ده‌كه‌ن، پشت به‌ سه‌رچاوه‌ی راست ببه‌ستن، له‌ پاڵ زانیاری دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كانی وڵاتی خۆیان، پشت به‌ زانیارییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی WHO، سه‌نته‌ری كۆنترۆڵكردن‌ و خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشییه‌كان (CDC) باره‌گاكه‌ی له‌ ئه‌مریكایه‌، ناوه‌ندی ته‌ندروستی گشتی ئینگلته‌را (PHE) ببه‌ستن.

وتیشی:  "CPJبه‌ تازه‌كردنه‌وه‌ی زانیاری رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، سه‌رنجی رۆژنامه‌نوسانی به‌لای ئه‌و رێوشوینانه‌ راكێشاوه‌ كه‌ وڵاتان به‌ جیاو به‌ كۆمه‌ڵ گرتویانه‌ته‌ به‌ر هه‌ر قه‌غه‌كردنی هاتوچۆو داخستنی رێگای وشكانی و ئاسمانی و ده‌ریایی نێونیان، كه‌ پێویسته‌ له‌ كاتی كاردنیاندا ره‌چاوی بكه‌ن".

رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "پێویسته‌ رۆژنامه‌نووسان به‌رده‌وام زانیارییه‌كانی، له‌سه‌ر ئه‌و رێوشوێنانه‌ و رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، تازه‌ بكه‌نه‌وه‌، ئاگاداربن".

(CPJ) له‌ راپۆرته‌كه‌یدا له‌ پاڵ چه‌ختكرجرێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ سه‌لامه‌تی رۆژنامه‌نوساندا چه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت رۆژنامه‌نوس وریای هه‌واڵی ساخته‌ بێت، كه‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیش هه‌مان داوای له‌ رۆژنامه‌سان هه‌بووه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ لە هەرێمی كوردستانیش 39 حاڵەتی كۆرۆنا تۆماركراوە و یەك كەس گیانی لەدەستداوە و نۆ كەسیش چاكبوونەتەوە.

هەر ئەمڕۆش وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان قەدەغەكردنی هاتووچۆی بۆ پێنج رۆژی دیكە درێژكردەوە.

رۆژی 13ی ئەم مانگە وەزیری ناوخۆی هەرێم بڕیاری قەدەغەكردنی هاتووچۆی دەركرد بۆ ماوەی 48 كاتژمێر، دواتر لە لە رۆژی 15ی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ 72 كاتژمێری دیكە درێژكرایه‌وە، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ رۆژنامه‌نووسان و كارمه‌ندانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ناگرێته‌وه‌.