ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی وردەکاریی دەستدرێژیکردنە سەر ڕۆژنامەنووسەکەی پێنجوێنی ئاشکرا کرد



لێژنەی نێودەوڵەتیی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وردەکاریی دەستدرێژیکردنە سەر ڕۆژنامەنووسێک و هاوسەرەکەی لە شارۆچکەی پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد.

بە گوێرەی راپۆرتێکی لێژنەکە کە ناوەڕۆکەکەی لە ماڵپەڕی (الحرة) بڵاو کراوەتەوە، عەدنان رەشیدی، ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەواڵسازی ماڵپەڕێکی سەر بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردییەکانی سووریا، عێراق و ئێران بڵاو دەکاتەوە.

ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە ڕۆژی ١١ی ئاداری ٢٠٢٠، سێ تا پێنج چەکداری دەمامکدار لە ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵیانکوتاوەتە سەر عەدنان رەشیدی و لێیان داوە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە چەکدارەکان خۆیان بە کارمەندی ئاسایش ناساندووە و عەدنان رەشیدییان بەستووەتەوە و بە دار لێیان داوە و دواتر هەردوو دەستیان شکاندووە، داوایان لێکردووە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئامرازەکانی کۆگاکردنی زانیارییەکانیان پێ بدات.

ڕێکخراوی لێژنەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئاسایش لە سنوورەکە هیچ وەڵامیان پێ نەداون. رەشیدیش گوتوویەتی کە پاش ئەوەی زانیویەتی چەکدارەکان هاوسەر و کچەکەی دەڕفێنن، بە تایبەتیش پاش ئەوەی هاوسەرەکەیان ناچارکردووە کە جلەکانی لەبەر بکاتەوە و بە ڕووتی تۆماریان کردووە، زانیارییەکانی پێداون و چەکدارە دەمامکدارەکانیش پاش ئەوەی زانیارییەکانیان وەرگرتووە، ڕۆشتوون.

ڕۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند کە گومان دەکرێت لە دەستدرێژییەک تێوەگلابن.

هەر لەمبارەیەوە ئیگناسیۆ میگێل، نێردەی لێژنەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا داوای کردووە، هیچ لێخۆشبوونێک بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم کارە کە ئەو بە ”دەستدرێژییەکی دڕندانە دژی عەدنان ڕەشیدی و خێزانەکەی“ وەسفی کردووە، نەبێت.

 



PM:08:29:27/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌