كەرەنتین کردنی پەرلەمان خۆپارێزیە یان سڕکردن؟
PM:12:06:15/06/2020


ئاشنا عه‌بدوڵا- په‌رله‌مانتاری گۆڕان 

خولی پێنجەمی پەرلەمان، ڕەنگە جیاواز لەهەر خولێکی پێشوو بە مەبەست رۆلێکی کاریگەری بۆ نەھێڵراوەتەوە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی بەردەوام لەبەردەم رەخنە و ھێرشدا بێت. 

تازەترین هێرشیش بابەتی کەرەنتین کردنی پەرلەمانە بۆ ماوەی دوو هەفتە، پرسیار ئەوەیە ئایا حەقی خۆی نییە بەشێک لەپەرلەمانتاران و هاوڵاتیش وابیر بکەنەوە کە پەرلەمان سڕکراوە؟ 

ئایا بابەتەکە هەر بەڕاست خۆ پارێزییە؟ 

لە کاتێکدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی زۆر زیاتریان هەبێت لەو دامەزراوەیە هەر لە ڕێکەوتن بێت لەگەڵ بەغدا و پرسی قەرزەکانی حکومەت و ژیان و مووچە و گەڕانەوەی مووچەی پاشەکەوت. 

پەرلەمان سێ ئەرکی سەرەکی هەیە: 

۱.یاسادانان، لەماوەی تەمەنیدا چەند یاسای دەرکردووە؟ 

۲.چاودێری کردن، لەو ژمارە پرسیارانەی کە پەرلەمانتاران لە فراکسێۆنە جیاوازەکان کردویانە وەڵامی چەندی هاتۆتەوە؟ 

۳.پەسەندکردنی بودجە، کوا یاسای بودجە؟ 

وەڵامی ئەم پرسیارانە زۆر ئاسان و ڕوونە لای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە تایبەت سەرۆک و جێگرەکەی. 

بەڵێ مەترسی کۆرۆنا جدیە و ئێمەش هەستمان بەو مەترسیە کردووە و تکای خۆپارێزیش لە هەموو هاوڵاتیانی ئەزیزی هەرێمەکەمان دەکەین. 

بەڵام گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارەش وەربگرین کە ئایا گومان کردنی بەشێکی پەرلەمانتاران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە جێگەی خۆیدا نیە سەبارەت بە کەرەنتین کردنی پەرلەمان؟ 

-prsmedia