سەرنجەکانمان دەربارەی پرۆژەی یاسای رێکخستنی میدیای ئەلەکترۆنی
PM:03:15:06/08/2020


2020.08.06

ئالان م. نوری


پاش ئەوەی پرۆژەی یاسای رێکخستنی میدیای ئەلەکترۆنی گەیشتە خوێندنەوەی یەکەم لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، لەسەر داوای دەزگای میترۆ بۆ داکۆکی لە مافەکانی رۆژنامەوانان و بەهەماهەنگی لەگەڵیاندا، بە پێویستمان زانی ئەم سەرنجانەی خوارەوە بخەینە روو.

یەکەم:

پێش هەموو شتێك، پرۆژەی یاساکە تێکەڵکردنیێکی بێبەهانەی تێدایە لە نێوان رۆژنامەوانی و ریکلام و سایتی زانیاری و خزمەتگوزاریی کۆمپانیا و دەزگا حکومییەکان.



جگە لە رۆژنامەوانی، ئەوانی دیکە دەبێت یاسای جیاواز بیانگرێتەوە و، لە پێوەری هەڵسەنگاندنی راستی و دروستی و سزای چەواشەکاریدا، گەلێک لەو یاسایانەی ئاکامەکانی بیرکردنەوە و بیروڕا رێکدەخەن توندوتۆڵتر بێت. لە وڵاتانی دونیا پێوەرەکانی پاراستنی ئازادیی رادەربڕین بواری ریکلام وراستگۆیی لە زانیاری و خزمەتگوزارییەکاندا ناگرێتەوە.



بۆ نموونە کاتێک لە ریکلامدا دەڵێیت ئەم دەرمانە بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە بەکاردێت و وا نەبێت، ئەوا ئەو گوتارە ئاکامی راستەوخۆی لەسەر تەندروستی و هەندێک جاریش ژیانی بەکارهێنەرانی هەیە بۆیەش ناچێتە بواری ئازادیی رادەربڕینەوە. بەڵام بیروڕا دەربڕین بەو جۆرە نییە. لە یاساکانی دونیادا، جگە لە تەشهیر کردن و بانگەشە بۆ رق و کینە وکوشتن و ئازاردانی خەڵک، لەسەر بیروڕای چەواشەکار و نادروست کەس سزا نادرێت. بەڵام ریکلامی درۆ، یان وێبسایتی خزمەتگوزاریی هەڵخەڵەتێنەر سزای توندیان لەسەرە. تێکەڵکردنی ئەمانە لە یەک یاسادا، کەمکردنەوەی سزاکانی خەڵەتاندن و چەواشەکردنی خەڵکی لێ دەکەوێتەوە.



بۆ زیاتر بەرچاو روونی دەبێت بڵێین مەبەست لە وشەی میدیا لەم یاسایەدا دەبێت جەخت کردن بێت لەسەر لایەنە کولتووری و تەکنۆلۆژییەکەی ئەو جۆرە لە گەیاندن کە بڕبڕەی پشتی بریتییە لە رۆژنامەوانی.

دووەم:

لە ماددەی (١) دا، کە بۆ روونکردنەوەی دەستەواژە و زاراوەکان تەرخان کراوە، دەستەواژەی سەندیکا هاتووە و بەوە ناسێنراوە کە بریتییە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان. بە یاسا ناساندنی هەر سەندیکایەک وەک تاکە نوێنەری هەر توێژ و کۆمەڵێک، پاشماوەی بیرکردنەوەی دەوڵەتە شموولییەکانە.



داننان تەنها بە یەک ئۆرگانی خۆرێکخستنی خۆبەخشانەی خاوەن پیشە وکارەکان بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی خۆڕێکخستنی هاووڵاتیانە. هەر لە ئێستەدا لە عێراق دوو رێکخراوی رۆژنامەنووسان هەیە و لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا فرە رێخراوەیی شیوازی باوی خۆرێکخستنی توێژە کۆمەڵایەتییەکانە و ئەوەش زوو یان درەنگ دەبێت بە نۆرمی کوردستان. هەر لەبەر ئەوە، پاراستنی یەکینەیی یەک رێکخراوی “خۆبەخش” بە زەبری یاسا، کارێکی دژ بە دێمۆکراسی و دژ بە رەوتی پێشکەوتن و ژیانە.



سێیەم:

ئەگەر گەیشتینە ئەوەی پاراستنی یەکینەیی رێکخراوى ساندیکا، کاری یاسا نییە، دەبێت ئەو رۆڵەشیان لێ بسێنرێتەوە کە لە پرۆژەی یاساکەدا هاتووە لە پرۆسەی ناونووسکردن و بە رەسمی ناساندنی دەزگاکانی میدیادا. ئەو رۆڵە دەبێت بدرێتە دەست تۆمارکەری کۆمپانیا و کۆنتراکتەکان لە دەزگای دادوەریی وڵاتدا. چونکە لە مەسەلەی رێگە پێدان یان نەدانیان هێچ رۆڵیکی زانراو نییە بۆ دەزگایەکی وەک سەندیکا، هەر سەندیکایەک بێت. چونکە بۆ نموونە: ئایا مەرجە ئەوەی بە دامەزراندنی دەزگایەکی میدیای ئەلەکترۆنی هەڵدەستێت، ئەندامی سەندیکا بێت؟ نەخێر...ئایا مەرجە رۆژنامەنووسێکی باش بێت، تا سەندیکا هەڵیسەنگێنێت؟ هەر نەخێر. کەواتە لەم پرۆسەیەدا هیچ رۆڵێک نییە سەندیکا بیگێڕێت، کە بە دەر لەوان هەڵنەسووڕێت. بەو پێیەش هەرچی رۆڵێک کە ئەم یاسایە دەیدات بە تاکە سەندیکایەک، هیچ پاساوێکی نییە لە بواری پاراستنی مافە دێمۆکراسییەکان و ئازادییە گشتییەکاندا.



چوارەم:

ماددەی (٤) ی پرۆژەکە ئەو سەرلێشێواوییەی پێوە دیارە کە لە خاڵی یەکەمی ئەم نووسینەدا روونکراوەتەوە. (خانەی بڵاوکردنەوەی ئەلەکترۆنی) دەبێت بە روونی کۆمپانیای ریکلامی لێ جیا بکرێتەوە. پێگەی ئەلەکترۆنیی رێکخراو و کۆمپانیا و دەزگا حکومییەکان جێیان لەم یاسایەدا نییە و دەبێت باسکردنیان بچێتە ناواخنی ئەو یاسایانەی کاری ئەو رێکخراوانە رێکدەخەن. وێبسایتی کەسی و ئەکاونتی (کەسی) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گرووپی چات بە هیچ شێوەیەک جێی لەم یاسایەدا نییە. پەلهاوێشتنی ئەم یاسایە بۆ ئەکاونتی سۆشیاڵ میدیای تاکەکەسی هیچ پاساوێکی نییە.



پێنجەم:

ماددەی (٥) کە باسی تۆمارکردنی گەیاندنە ئەلەکترۆنییەکانی دەزگاکانی حکومەت و دەستە گشتیەکان و حکومەت و سەندیکا و...تاد دەکات ، بەپێی خاڵی باسکراوی سەرەوە هەمووی زیادە و پێویستە لاببرێت.

شەشەم:

لە ماددەی (٦)و (٧) دا کە لیستی ئەو مەرجانەن دەبێت لە خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەردا هەبن،کۆمەڵێک کێشە هەن:



دانانی مەرجی رەگەزنامەی عێراقی لەگەڵ هەلومەرجی سەردەم و جەوهەری ئەلەکترۆنیی بێ سنووری ئەم جۆرە میدیایە ناگونجێت. چ کێشەیەک هەیە کە ئەم پرۆژەیاسایە دەیەوێت کۆمەڵگای لێ بپارێزێت، ئەگەر خاوەن ئیمتیاز کەسێکی بێگانە بێت؟ ئایا بۆ بێگانە نییە رێکخراو و کۆمپانیای بازرگانی لە عێراقدا و بەپێی یاسا عێراقییەکان دابمەزرێنێت؟ یان ئایا دەمانەوێت ئەزموونی پڕ لە ستەمی هەندێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو دووبارە بکەینەوە کە خاوەن بیرۆکەی کار و وەبەرهێنان دەبێت کەسێک خەڵکی وڵات بە زۆری زۆرداری بکاتە خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەر تەنها لەبەر ئەوەی یاسا بەو شێوەیە فەرزی دەکات. دەکرێت لە بریی "هەڵگری ناسنامەی عێراقی" بنوسرێت کە دەبێت کەسێک بێت کە بە شێوەیەکی یاسایی لە عێراقدا مافی گوزەرانی هەبێت.


لە وڵاتی ئێمەدا تەمەنی ١٨ ساڵی، بەتەمەنی ئەهلییەتی یاسایی دادەنێین، لەو تەمەنەدا بۆت هەیە بڕیاری ئابووری و کۆمەڵایەتیی چارەنووسساز بدەیت و لەبەردەم یاسادا بەرپرس بیت لێیان. جا بۆ دەبێت کاری میدیای ئەلەکترۆنی جیاواز بێت؟ بۆچی کەسێک تا نەگاتە ٢١ ساڵ بۆی نەبێت خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری میدیای ئەلەکترۆنی بێت؟


مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە ئەو کەسە نابێت لەسەر تاوان و کاری ئابڕوبەر و نەپاراستنی ئەمانەت حوکم درابێت. ئەمەش تێگەیشتنێکی چەوتی کۆنسێپتی سزادانە لە یاسادا. سزای یاسایی، لەسەر هەر جۆرە تاوانێک بێت، مەبەست لێی ئیدانەکردنی جەوهەری ئەو ئینسانە نییە. کاتێک یاسا سزا بۆ هەر تاوانێک دیاری دەکات، ئەو سزایە قەرزی کۆمەڵگایە لە ملی تاوانباردا و دوای ئەوەی قەرزەکەی دایەوە، کۆمەڵگا لاپەڕەیەکی نوێی لەگەڵ دەکاتەوە. هەر بۆیە بۆ نمونە، دزێک دوای حوکمەکەی ناکرێت رێی کاری یاسایی لێ بگیرێت، ئەگەر ئەو کەسە بتوانێت کۆمپانیایەک بکاتەوە، گرێبەستی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئیمزا بکات، ئەوا چ رێگرییەک هەیە لەوەی کاری میدیا بکات یان بە ئازادی رای خۆی دەربڕێت؟


لە خاڵێکی دیکەدا هاتووە کە نابێت ناوی میدیا ئەلەکترۆنییەکە لەگەڵ دابونەریتی گشتیدا نەگونجێت. رەنگە ئەم دەستەواژەیە وەرگێڕانێکی نەشارەزای (الآداب العامة) بێت نەک (التقالید و الأعراف). چونکە وەستان بەرامبەر دابونەریتی گشتی، بنەمایەکی گرنگی داهێنانە. رێگرتن لێی بەپێی یاسا، کارێکی نابەجێیە.


مەرجی بوونی بڕوانامەی هەر پلەیەکی خوێندن بۆ سەرنووسەری میدیایەکی ئەلەکترۆنی لە کاتێکدا کە بە پێی دوا ئاماری بانکی نێودەوڵەتی لە عێراقدا، لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەنجام دراوە، تەنها ٤٥٪ ی منداڵانی تەمەنی شیاو لە پلەی ناوەندی (نەک ئامادەییش!) خوێندوویانە، کارێکی هەڵەیە و ئەگەر ئەو مەرجە بۆ کردنەوەو بەڕێوەبردنی هەر بزنسێک دانانێن، ئەوا چ پاساوێک هەیە بۆ ئەو مەرجە لێرەدا؟


دەستەواژەی “ئەهلییەتی کاری رۆژنامەوانی” لە مەرجەکانی سەرنووسەری میدیای ئەلەکترۆنیدا هاتووە بێ ئەوەی هیچ باسێک کرابێت کە ئەم ئەهلییەتە چ جیاوازییەکی هەیە لەگەل ئەهلییەتی یاسایی گشتیدا؟


لە خاڵێکی دیکەدا هاتووە کە نابێت سەرنووسەری میدیایەکی ئەلەکترۆنی لەهەمان کاتدا سەرنووسەری وێبسایتێکی ئەلەکترۆنیی دیکە بێت. ئەمەشیان مەرجێکی بێ بنەمایە. ئەگەر بەڕیوبەری کۆمپانیایەک بۆی هەبێت لە هەمان کاتدا کۆمپانیایەکی دیکەش بەڕێوە ببات، ئەوا هیچ پاساوێک بۆ رێگرتن لەمانیش نییە.
حەوتەم:

ماددەی(٩)ی یاساکە باس لە مافی فرۆشتن و دەستبەرداربوون لە خاوەندارێتی دەکات. بەم شێوەیەی ئێستە لە یاساکەدا هاتووە، دەبێت مافی فرۆشتنی وێبسایتی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت چ مانایەکی هەبێت؟ بە شێوەیەکی گشتی، شێوەی گواستنەوەی موڵکایەتی (هەرچییەک بێت جۆری موڵکایەتی) بۆ دەزگا ئەهلییەکان دەبێت یاسای بازرگانی یان یاسای رێکخراوە خۆبەخشەکان رێکی بخات و لێرەدا بوونی هیچ مانایەکی نییە.



هەشتەم:

ماددەی (١١) لە بارەی چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ راستکردنەوە و وەڵام و بەدرۆخستنەوەدا، دوو چەمک تێکەڵاوی یەکتر کراون کە "سکاڵا" و "بڕیاری دادوەر" ن. دەزگای رۆژنامەوانی بەرپرسە لە پەخشکردنی راستکردنەوە یان بەدرۆخستنەوە لە دوو حاڵەتدا، یەکەم داننانی خودی دەزگاکە بە هەڵەکەدا، و دووەم بوونی فەرمانی دادگا بۆ پەخشکردنی راستکردنەوە و بەدرۆخستنەوە. تەنها سکاڵای کەسێک یان گرووپێکی راستەقینە یان مەعنەوی نابێت دەزگای رۆژنامەوانی پابەند بکات.

نۆیەم:

ماددەی (١٦) کە ماددەی سزاکانە، هیچ تایبەتمەندییەکی تێدا نییە کە لە سزاکانی کاری رۆژنامەوانی بەگشتی باس نەکرابێت و بەدەر لە یاسا گشتییەکانی سزای کاری رۆژنامەوانی تەماشای کاری میدیای ئەلەکترۆنی بکرێت.



دەیەم:

هەر لە هەمان ماددەی سزاکاندا هاتووە کە سووکایەتی و ەستدرێژی کردنە سەر میدیاکاری ئەلەکترۆنی وەک دەستدرێژی کردنە بۆ سەر فەرمانبەرێکی میری. بەڵام راستترە بگوترێت ...فەرمانبەرێکی میری لەکاتی ئەنجامدانی کاری فەرمیدا. چونکە دەستدرێژی بۆ سەر فەرمانبەرێکی میری لەدەرەوەی کارە فەرمییەکەی وەک دەستدرێژییە بۆ سەر هەر هاووڵاتییەکی دیکە.



یانزەیەم:

ماددەی (١٧) باس لە پرانسیپی کات بەسەر چوونی زیان دەکات و بەماوەی ٣ مانگ لە بڵاوکردنەوەی زیانێک دیاریی دەکات و دوای ئەوە مافی سکاڵا لە زەرەرلێکەوتوو دەسەنێتەوە. لێرەدا دەبێت ئەوە بخەینە روو کە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا ئەمڕۆ ئۆنلاینە وچانسی بە ئاگابوونی لە زەرەرێک کە میدیایەکی ئەلەکترۆنی پێی گەیاندبێت زۆرە، بەڵام دەبێت یاسا ئەوە رەچاو بکات کە خەڵکی دەستکورت و پیر لەو توانای گەیشتن بە میدیای ئەلەکترۆنی بێبەشن و، هەر لەبەر ئەوە دەبێت ماوەی سکاڵا تۆمار کردنەکە بگۆڕدرێت بۆ ساڵێک.



دوانزەیەم:

بابەتێکی سەرەکی کە ئەم یاسایە باسی لێوە ناکات بریتییە لەوەی کە میدیای ئەلەکترۆنی بە شێوەیەکی سروشتی سنوور بەزێنە. بەو واتایەی دەکرێت میدیای ئەلەکترۆنی لە لە دەرەوەی سنووری عێراق و کوردستانەوە دابمەزرێت و کار بکات بەڵام کارمەند و بەکاربەرەکانیان خەڵکی ناوخۆ بن، یان میدیایەکی ئەلەکترۆنیی لە ناوخۆ دامەزراو ئاپێکی دەرەوەی وڵات بەکار بێنێت، وەکو فەیسبوک و ئینستەگرام و...تاد. یان دۆمێنی وێبسایتێک لە دەرەوەی وڵات بێت و ملکەچی یاساکانی وڵاتی خۆی بێت، نەک یاساکانی هەرێم. کەواتە لێرە بەشێکی بەرچاوی کێشە یاساییەکانی دووچاری ئەم دەزگایانە دێن، بە شێوەیەکی سروشتی دەچنە بواری بەشێک لە یاسا کە پێی دەوترێت یاسای تایبەتی نێودەوڵەتی و لە دەسەڵاتی یاسادانەری عێراقدایە چۆنێتیی مامەڵە لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترێت جیاوازیی یاساکان لە بواری نێودەوڵەتیدا یەکلا بکاتەوە. بۆیە جێی خۆیەتی کە بە ماددەیەک بنووسرێت ئەم یاسایە لە هیچ بڕگەیەکیدا دژ نابێت بە ئیلتیزاماتی یاسای نێودەوڵەتیی عێراق لە بواری یاسای نێودەوڵەتیی تایبەتدا و لە حاڵەتی بوونی هەر جیاوازییەکدا، ئیلتیزامتی نێودەوڵەتی عێراق سەروەر دەبێت.

سیانزەیەم:

بە سوود وەرگرتن لە یاسایەکی هاوشێوەی ئەم یاسایەی کوردستان، کە یاسای میدیای ئەلەکترۆنیی کۆماری مۆنتینیگرۆیە، پێشنیار دەکەین ئەم ماددانە زیاد بکرێت:

ماددەی (چۆنێتی لێکدانەوەی ئەم یاسایە) کە تێیدا بنوسرێت (هیچ ماددەیەیەکی ئەم یاسایە نابێت بەجۆرێک لێک بدرێتەوە کە مافی سانسۆر ورێگیری لە ئازادیی رادەربڕین بکات). هەروەها ماددەیەکی دیکە زیاد بکرێت بە ناوی (پرانسیپەکانی ئەم یاسایە) و تێیدا پرانسیپە سەرەکییەکانی داڕشتنی ئەم یاسایە بەمانەی خوارەوە بناسێت:

هاندانی سەربەخۆیی و پرۆفێشناڵی و ناوابەستەیی کاری میدیای ئەلەکترۆنی


قەدەغەکردنی هەموو شێوازێکی سانسۆر


راگرتنی هاوسەنگیی خزمەتگواریی میدیای ئەلەکترۆنی لە نێوان کەرتی تایبەت و گشتی و خۆبەخشدا


زامن کردنی مافی گەیشتنی ئازاد و هاوتا بە گشت خزمەتگوزارییەکانی میدیای ئەلەکترۆنی بۆ هاوڵاتیان


هاندانی پێشڕکێ و فرەیی لە نێوان دەزگاکانی میدیای ئەلەکترۆنیدا


پابەند بوون بە ستانداردە جیهانییەکان


پابەند بوون بە مەزووعییەت، و شەفافییەت و قەدەغەکردنی جیاکاری لە کاری میدیای ئەلەکترۆنیدا


لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوەش بڵێین کە سەرەڕای جیاوازیی فراوان و ترسناکی نێوان واقیعی کاری میدیایی و یاساکانی سەر کاغەز لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ئەوە، هانی گشت هاووڵاتیان دەدەین کە بە پەرۆشەوە گوێ بدەنە مشتومڕەکانی ئەم پرۆژەی یاسایە. چونکە ئاکامەکەی گەر یاسایەکی پارێزەری مافە بنەڕەتییەکان بێت، ئەوا پاڵپشتێکی گەورەی خەباتی گشت لایەکمان دەبێت بۆ پاراستن و داکۆکی کردن لە مافەکانمان. گەر ئاکامیش یاسای خراپ بێت، ئەوا تای تەرازووی ئەو خەباتە بەلای پێشێلکارانی مافە سەرەتاییەکانماندا، بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لار و لارتر دەکات.