مەلا بەختیار : كۆنگرەیەكی نیشتمانی كوردستانی زۆر پێویستە
PM:05:31:20/08/2020

خۆشحاڵبوین بە سەردانی سیاستمەدارێكی رۆشنگەر كە زیاتر لە نیو سەدەی ژیانی هەم داكۆكیكاری ئازادی بیروڕا بووە، هەم قۆناغێكی ژیانی لەسەر ئازادی (بیروڕای خۆی) لەناو بزوتنەوەی سیاسی كوردستان ، ئازاری زۆری چەشتووە.
ئەمە یەكەمین دیداری سەنتەری میترۆیە بۆ لای بەرێزمەلا بەختیار و ئامانج لێی گفتوگۆ بوو لەسەر بارودۆخی گشتی، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدار بوو بە ئازادی كاری رێكخراوەیی، ئازادی بیروڕاو رۆژنامەگەری.
مەلا بەختیار پشتیوانیكردین لە گەڕان بە شوێن هەموو ئامرازە مەدەنییەكانی فشار بە ئاڕاستەی فراوانكردنی پانتاییەكانی ئازادی و بەرگرتن لە هەر هەوڵێك بۆ لەقاڵبدان و سانسۆرو رێگری بۆ ئازادییەكان بە تایبەتیش ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری.
هەروەها باسمان لە هەڕەشەكانی سەر پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان كرد، كە ئەو پێی وایە " وەستان لەبەردەم ئەو هەڕەشانە پێویستی بە كۆنگرەیەكی نیشتمانییە تیایدا بڕیار لەسەر هەموو دۆسییە هەستیارەكان بدرێت و ئینجا هێزە سیاسییەكان پابەندبن بەجێبەجێكردنیان"
باسی لەوەشكرد كە پێویستە كۆمەڵگەی مەدەنی پاڵپشتی لە رێكخستنی ئەو كۆنگرەیە بكات ، فشار بە ئاڕاستەی رێگای مەدەنی ئاشتیخوازانە بكات تا هەموو ئەوانەی چارەنوسی كوردستانیان بەلاوە گرنگە گفتوگۆ لەسەر گرفتە زۆرو قوڵەكانی هەرێم بكەن"
لەسەر ئاستی كەسی خۆی تیشكی خستە سەر بەرهەمێكی نوێی كە كتێبێكە زیاتر لە 700 لاپەرەیە، باس لە رووداوەكانی كوردستان دەكات و تێیدا ژیاوە، "لە بری بیروەری" وەسفی كرد، بەڵام نوسینی بیروەریش هەر پرۆژەیە.
هەموو ئامادەبووان بەشداربووین لە گفتوگۆو پرسیار كردن، سەبارەت بە سەنتەری میترۆیش ووتی" كارەكانتانم پێ باشە بە تایبەتیش كە دوور لە موزایەدەكردن كاری خۆتان دەكەن"