چالاکێکى کوردى مافى مرۆڤ لە تورکیا بەهۆى مانگرتن لە خواردن گیانیلەدەستدا
PM:12:10:29/08/2020

چالاکێکى کوردى مافى مرۆڤ لە تورکیا بەهۆى مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەى ٢٣٨ رۆژ گیانى لەدەستدا، کە بەتۆمەتى هەبوونى پەیوەندى بە پارتێکى قەدەغەکراو لەگەڵ چەند هاورێیەکیدا و بەتۆمەتى هاوکاریکردنى تیرۆر دادگاییکرابوون.

مردنى ئەم پارێزەرەش کاردانەوەى لێکەوتەوە، یەکێتى ئەوروپا باس لەوەدەکات، پێویستە ئەنقەرە پێداچوونەوە بە مافەکانى مرۆڤ و کەموکورتیە جدییەکانى سیستمى دادوەریدا بکات.

سەندیکاى پارێزەرانی یاسای گەل لە تورکیا رایگەیاند، ئیبرو تیمتیکى تەمەن ٤٢ ساڵ درەنگانێکى رۆژى ٢٧ى ئەم مانگە لە نەخۆشخانەیەکى شارى ئەستەنبوڵ ئەوەش بەهۆى تێکچوونى دۆخى تەندروستى لەپاش ٢٣٨ رۆژ مانگرتن لە خواردن لە زیندان بۆ داواکردنى دادگاییەکى دادپەروەرانە بۆ خۆیى و هاوکارەکانى.

ئیبرو تیمتیکى بە رەچەڵەک کورد و ١٧ هاورێی تۆمەتبارکراون بە هەبونى پەیوەندى بە پارتێکى چەپڕەوى قەدەغەکراو لە تورکیا بەناوى پارتی رزگاری شۆڕشگێڕی گەل و رۆژی ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٨، بەتۆمەتی هاوكارییكردنی تیرۆر دەسگیركران.

ئەوان دواتر لە ٢٠ی ئاداری ٢٠١٩ بە تۆمەتی هاوكارییكردنی تیرۆر لە دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبوڵ دادگاییكران  و تێیدا ئیبرۆ تیمتیک بە ١٣ ساڵ و شەش مانگ زیندانى سزادرا و کەیسەکەشى لەدادگاى تێهەڵچوونەوە بووە.

رەخنەکان لە سیستمى دادوەرى لەتورکیا لە کاتێکدایە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەمیشە گومانیان لە بێلایەنى و سەربەخۆبوونى دادگان لەژێڕ دەسەڵاتى رەجەب تەیب ئەردۆغاندا هەبووە، هەروەها گروپەکانى پارێزەران چەندین کەموکوڕییان لەکاتى دادگاییەکەدا باسکردووە لەوانە لابردنى ئەو دادوەرانەى کە لەسەرتادا فەرمانى ئازادکردنى ئیبرۆ و هاوپیشەکانى دابوو لە دەستبەسەرکردنى پێش دادگاییکردن و باسیان لەوەشکردووە لە دادگاییەکەدا شایەتحاڵى وەهمیان بەکارهێناوە بۆ شایەتیدان لەدژیان.

مردنى ئەم پارێزەرەش کاردانەوەى یەکێتى ئەوروپاى لێکەوتەوە و لەبارەیەوە، پیتەر ستانۆ وتەبێژى کۆمسیۆنى ئەوروپا رایگەیاند، زۆر خەمبارن بە گیانلەدەستدانى ئەو پارێزەرە. وتیشى گیانلەدەستدانى ئیبرۆ بەهۆى مانگرتن لە خواردن بۆ داواکردنى دادگاییەکى دادپەروەرانە بەشیوەیەکى ئازاربەخش پێویستى بەپەلە دەردەخات بۆ پێداچوونەوەیەکى باوەڕپێکراو بە بارودۆخى مافی مرۆڤ و کەموکورتیە جدییەکانى سیستمى دادوەرى لە تورکیا لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتەوە. سانتۆس راشیگەیاند، دادوەرییەکى بەهێز و سەربەخۆ لەگەڵ سەربەخۆیی سیستمى دادوەرى کرۆکى بنەماى سیستمێکى دادوەرى دادپەروەرە.

مردنى ئەم پارێزەرە پاش دوو مانگ دێت لە مردنى دوو کەسی دیکە بەهۆى مانگرتن لە خواردن کە تۆمەتبارکرابوون بە هەبوونى پەیوەندى بە پارتی رزگاری شۆڕشگێڕی گەل.  


-nrttv