پەیامنێری KNN دەستبەسەرە




"لەسەر سكاڵای بەرێوەبەری پێشووی هاتووچۆی ناوشار ئێستا لەبنكەی پۆلیسی بەختیاریم بڕیاری راگرتنم درا تائەوراقەكان لە دادگای سلێمانی دێتەوە بنكەی پۆلیسی بەختیاری و حاكم بڕیار دەدات ڕابگیرێم یان بەكەفالەت ئازاد بكرێم"
ئەمە نامەی بریار نامیق پەیامنێری دیجیتاڵ میدیایKNN بوو كە بەیانی ئەمرۆ بۆ سەنتەری میترۆی ناردوە، بریار لەسەر پۆستێكی فەیسبوك، بەڕیوەبەری پێشووی هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە.
سەنتەری میترۆ لەماوەی رابردوودا بەدواداچوونی بۆ چەند كەیسێكی رۆژنامەگەری كردووە، سەرنجی داوە هەندێ لە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە لە بنكەكانی لێكۆڵینەوەی هەرێمی كوردستان، بە تەواوەتی یاسای كاری رۆژنامەنوسی فەرامۆشدەكەن و بەیاسایەكی تر لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت و (دەستبەسەركردن) لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری، وەك تۆڵەكردنەوە لە رۆژنامەنوسان، بەكاردێنن.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت هەموو پابەندین بە یاسای گشتی ، بەڵام كە یاسای تایبەت هەبوو بۆ توێژێكی دیاریكراو ئەو كات دادگان پەنا بۆ یاسا تایبەتەكە دەبەن بۆیە وتراوە " الخاص یقید العام".
لە یاسایكاری رۆژنامەگەریدا، باسلەدەستبەسەركردن و حوكمی زیندان نەكراوە، جەختدەكەینەوە "دەبێت بە بڕگەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوسان بكرێت، دەستبەسەركردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش تۆڵەكردنەوەیە لەمیدیاكاران و ئێمە رەتیدەكەینەوە".
یاسای رۆژنامەگەری جەختدەكاتەوە "نابێت ئەو راوبۆچوونەی لە لای رۆژنامەنوس دەردەچێ، یان ئەو زانیاریانەی كە بڵاویان دەكاتەوە ببنە هۆی تێكدانی باری ژیانی، یان زیان بە خۆی و مافەكانی بگەیەنێت".
پێشتریش لە 18ی تشرینی دووهەم بەهۆی سكاڵایەك لەسەر رادیۆی دەنگ،دادگای كەتنی كەلار، ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری رادیۆكەی بە سێ مانگ بەندكردن لەگەڵ راگرتنی جێبەجێكردن و پێبژاردنی 225 هەزار دینار سزادا.
هەرچەندە بابەتەكە پەیوەندی بە بڵاوكردنەوەوە هەبوو، بەڵام بڕیارەكەی دادگا بە پێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری حوكمەكەی دەركرد.
سەنتەری میترۆ بڕوای تەواوی هەیە كە پیشەی رۆژنامەنوسی، وەك هەر پیشەیەكی تر قابیلی ئەوەیە رۆژنامەنوس هەڵەبكات، رەنگە بە هۆی ئەو هەواڵانەی بڵاویدەكاتەوە، خەڵكێك زەرەرمەند بن و ببێتە هۆی لەكەداركردنی كەسایەتییان، بۆیە داوا دەكەین بە پێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەكەیسەكانی نوسین و بڵاوكردنەوە بكرێت كە یاساكە سزای غەرامەكردنی داناوە. بەڵام ئەم كەیسانەی كە لە میترۆ تۆمار دەكرێن لەوە ناچن بە پێی یاسای رۆژنامەگەری بن.
هەموو ئەو رێوشوێنانەی دادوەرانی لێكۆلێنەوە پەیڕەویان كردوە لەكاتێكدایە كە لەیاسای كاری رۆژنامەگەریدا باس لە دەستبەسەركردن و حوكمی زیندان نەكراوە،كە دەبوو بە بڕگەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ئەو كەیسانە بكرێن و لەكاتی خۆیدا بە كەفالەت ئازاد بكرێن، نەك لە دەستبەسەركردن، بمێننەوە.



PM:04:43:30/11/2020




ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌