سەنتەری میترۆ لەسەر دەستگیركردنی پەیامنێرەكەی سپێدە هاتەدەنگ






سەنتەری میترۆ نیگەرانی خۆیان لەدەستگیركردنی پەیامنێرەكەی سپێدە رادەگەیەنن و ئەوەش دەخەنەروو جێگای سەرسورمانە دەستگیركردنەكانی رۆژنامەنوسان دەخەنە رۆژانی پێنج شەممەوە.

رەحمان غەریب، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ كوردیو وتی "پێمان سەیرە هەموو كەیسەكانی رۆژنامەنوسان و دەستگیركردنیان دەكەوێتە رۆژی پێنج شەممەوە، پێمان وایە ئەمە بە مەبەستە و بۆ ئەوەیە رۆژنامەنوس رۆژی پێنج شەممە و هەینی و شەممە لەناو زینداندا بمێنێتەوە كە ئەمە ئێمەی زۆر نیگەران كردوە".

ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە زۆر نیگەرانین لەم پێشێلكاریەی بەرامبەر ئەم رۆژنامەنوسە ئەنجام دراوە.

رەحمان غەریب وتیشی "دەستگیركردنی ئەو رۆژنامەنوسە جێگای سەرسورمانە لەكاتێكدا ئەو رۆژنامەنوسە لەسەر ئەكاونتێك دەستگیر كراوە كەپێشتر هاككراوە و ئاسایش لەو هاككردنە ئاگادار كراوەتەوە و هەندێك لەدەزگاكانی راگەیاندنیش كردویانە بەهەواڵ، حەق نەبوو ئەو رەفتارە بەرامبەر ئەو رۆژنامەنوسە بگیرێتەبەر".

جێگای ئاماژە بۆ كردنە شەوی پێنج شەممە رۆژنامەنوس محەمەد شەهاب، پەیامنێری سپێدە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا لەسەر ئەو ئەكاونتەی كە لەلایەن داعشەوە هاككراوە، هەروەها شەوی رابردوو ئازاد كرا.

كوردیو ـ سلێمانی


PM:07:52:28/03/2015




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌