پەیامنێرانی KNN و كوردسات روبەروی پەلامارو هەرەشە دەبنەوە




هەولێر، 29ی حوزەیرانی 2015: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا هێرش دەكرێتە سەر تیمی كەناڵی KNN و هەرەشە لە پەیامنێری KURDSAT دەكرێت.

پێش نیوەڕۆی رۆژی یەك شەممە تیمێكی كەناڵی KNN (هانا ئیسماعیل پەیامنێر، گۆران لەتیف وێنەگر)لە لە كاتی روماڵی تێكدانی خانوەكانی مامزئاوای شاری هەولێر لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە پەلامار دەدرێن.

بەرپرسی كەناڵی KNN لە شاری هەولێر، شەوقی كانەبی بە میترۆی راگەیاند لەكاتی وێنەگرتنی ئەو رووداوە هێزێكی زێرەڤانی هەڵیانكوتاوەتە سەر تیمەكەمان وتی" بەداری كارەبایی لێیان داون هەروەها بە شەق ‌و قسەی ناشرین" جەختیكردەوە" یەكێك لە پلەدارەكانی زێرەڤانی جنێو سوكایەتی زۆری كردوە"
كانەبی، باسیلەوەشكرد كە كامێرای تیمەكەیان شكێنراوەو ودەست گیراوە بەسەر گشت كەل و پەلی رۆژنامەنوانی تیمەكە وتیشی" ئەو دوو رۆژنامەنوسە دەست بەسەر كراون و بۆ ماوەی سێ سەعات لەبنەكەی پۆلیسی شەمامك ماونەتەوە"
پاش هەوڵی پەیوەندییەكانی كەناڵی KNN تیمەكە ئازاد دەكرێن" بەڵام كاسێتەكە نەدراوەتەوە بە تیمەكە"
هەروەها چەندین نامەی هەڕەشەو جنێودان نیردراوە بۆ پەیامنێری كەناڵی كوردسات كە ناوەڕۆك هەرەشەو و ژمارەی ئەو مۆبایلەی هەرەشەی پێكراوە لە لای سەنتەری میترۆ پارێزراوە.

پەیامنێری كەناڵی كوردسات لە شاری هەولێر هاوكار عبدالرحمن بە میترۆی راگەیاند چەند رۆژێكە هەڵمەتێكی هەرەشەو و جنێودان و سوكایەتی بەرامبەر كراوە وتی، " هەرەشەم لە ژیانم دەكرێت سوكایەتی و جنێودان لە ئاستَكدایە باسناكرێت و هەمووی پاش 23ی حوزەیرانەوە دەستی پێكردوە"

سەنتەری میترۆ وێڕای ئیدانەكردنی پەلاماردان و هەڕەشەكانی سەر تیمی كەناڵی KNN و پەیامنێری KURDSAT. داواش لە دەزگاكانی جێبەجێكار دەكات نەبنە بەشێك لە ململانێ سیاسی و هەوڵی جدییان بخەنە گەڕ بۆ ئاشكراكردنی شوناسی پەلاماردەرو هەرەشەكار و بدرێنە دادگا.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.ساڵاَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.



PM:01:08:29/06/2015




ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌