پەیامی دکتۆر یوسف سەرۆکی پەرلەمان بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی(سۆران مامە حەمە)





بەڕێزان: ستاف و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری لڤین

ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس(سۆرانی مامە حەمە)دا تێدەپەرێت، بە بێ ئەوەی تاوانباران بدۆزرێنەوەو دادگایی بکرێن. تیرۆرکردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە بوێرە، وێستگەیەک بوو لە شەهیدکردنی چەندین ڕۆژنامەنووسی تر، لەوانە سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی، ئەمە جگە لە هەوڵی تیرۆرکردن و ڕاوەدونان و هەڕەشەکردن لەسەر چەند ڕۆژنامەنووسێکی تر. دەبێت هەمو لایەک ئەو راستییە بزانن کە خوێنی سۆرانی مامە حەمە و سەرجەم شەهیدانی تری قەڵەم بە فیڕۆ نەچووەو زەمینەی ڕەخساندووە بۆ دەرکەوتنی چەندین رۆژنامەنووسی ئازاو بوێر کە بەرگریی لە ئازادی و نەهێشتنی گەندەڵی و نا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکەن.
 

 پێمان وایە ڕۆژنامەنووسان لەچاودێریکردنی دەسەڵاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووەو لە ساڵانی رابردووشدا توانیویانە ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە درووستکردنی کۆدەنگی و جوڵانی دەنگی شەقام و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی گەندەڵی.
 بەڕێزان نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی گۆڤاری لڤین، ماتەمگێڕانی حەوتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی  سۆران مامە حەمە، دڵنیاتان دەکەینەوە ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، هەمیشە خۆمان بە پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان زانیوە لە پێدانی زانیاریی و دەستگەیشتنیان بەو زانیارییانەی لە چوارچێوەی یاسادایە و هاوڵاتیانی کوردستان و خوێنەران پێویستییانە، بیری هەمو لایەک دێنمەوە کە پەرلەمانی کوردستانیش پێش هەمو دەزگاکانی تری دەوڵەت پەیڕەوی لە یاسای بەدەستهێنانی زانیاریی کردووەتەوەو لەو رووەوە  دەرگاکانمان واڵابووە بۆ پێدانی زانیاریی بە بێ جیاوازیکردن لە نێوان دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووساندا.
دوبارە بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە،  سڵاو و رێز دەنێرم بۆ گیانی پاکی ڕۆژنامەنووسی شەهید(سۆرانی مامە حەمە)و هەمو شەهیدانی تری کوردستان، شاد و سەرکەوتووبن.


     د.یوسف محەمەد سادق
   سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
    21-٧-٢٠١٥
 
لڤين پريس



AM:12:44:22/07/2015




ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌