وتاری سەنتەری میترۆ لەساڵیادی تیرۆرکردنی (سۆران مامە حەمە)دا





ئەم كاتەتان باش
بەناوی سەنتەری میترۆوە سەری رێز و وەفا بۆ هاوڕێ و هاوپیشەمان سۆرانی مامە حەمەو سەرجەم شەهیدانی تری ئازادی رۆژنامەنوسی دادەنەوێنین. پێیان دەڵێن تیرۆر و هەڕەشە نامانترسێنن و بەردەوام دەبین لە گەیاندنی پەیامی راستگۆیی و پیشەیی خۆمان. پەیمانیان دەدەینێ كە تا یەكلاكردنەوەی كەیسەكانیان بەردەوام یادیان زیندوو رادەگرین.

تێپەڕبونی زەمەن بە سەر رووداوی تیرۆری سیاسی و تیرۆری لەسەر ئلزادی بیروڕا و ئازادی رۆژنامەنوسی، ساڵێك بێت یان سەدەیەك، مانای سڕینەوەی رووداوەكە ناگەیەنێت لە یادەوەری گشتیدا. ئەوەی خەمی ئێمەو ئێوەو خانەوادەی سۆرانی مامە حەمە رەنگە كەمتر بكات، گەڕانەوەی هەقە بۆ خاوەن هەق، بینینی تاوانبارانی راستەقینەیە لەبەردەم دادگایەكی عادیلانە.

تا كات بەسەر ئەم رووداوانە تێپەڕن، پرسیاری زیاتر لەسەر دامەزراوەی جێبەجێكار دەوروژێت. گومانی زیاتریش لەسەر سەربەخۆیی دەزگای دادوەری دروست دەبن.

سەنتەری میترۆ لەم یادەدا سەرلەنوێ بانگەوازی ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كارێكی بەپەلە قایلكەر بكەن بۆ راگرتنی پێشێلكاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان و جوڵاندنی ئەو كەیسانەی  كە تەنها لەسەر ئازادی بیروڕا و ئازادی پیشەكەیان تیرۆر كراون.

سڵاو لە گیانی پاكی سۆرانی مامە مەحەمە و سەردەشت عوسمان و كاوە گەرمیانی و عبدالستار تاهیر شەریف و گشت شەهیدانی دەستی تیرۆر.

زۆر سوپاس

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان

21 ی تەمووزی 
2015
سلێمانی



AM:12:55:22/07/2015




ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌