با پارتی یەكێتی دیموكرات (PYD) رێز لە ئازادی میدیا بگرێت




سلێمانی 15ی ئابی 2015: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان سەركۆنەی هەموو ئەو رێگریانە دەكات كە بۆ كەناڵی رووداو دروست دەكرێن و داواش لە پارتی یەكێتی دیموكرات (PYD) دەكات رێز لە ئازادی میدیا بگرێت.

ئەمڕۆ شەممە 15ی ئاب رێگری لەپەیامنێری كەناڵی روددواو كرد روماڵی كردنەوەی ئۆفیسی كانتۆنی جزیرێ لە سلێمانی، بكات.
جەمال ئەحەمەد پەیامنێری رووداو لە شاری سلێمانی بە میترۆی ووت "پێشتر فەتحوڵا حوسەینی بانگێشتی كردوین بۆ چالاكییەكە بەڵام كە چوینە بەردەرگاكە پاسەوانەكان پێیان راگەیاندین ئێوە بۆتان نییە بچنە ژورەوەو روماڵی چالاكییەكە بكەن"
هەروەها رۆژی 8ی ئاب لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانێك لە ئەڵمانیا رێگری لە پەیامنێری ئەو كەناڵە كرا روماڵی ئەو چالاكییە بكات.
ئاڵا شاڵی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە پەڕەی بیروڕا لە پۆرتاڵی رووداو دەڵێت،"چەندین لایەنگری پارتی كرێكارانی كوردستان هاتن و ویستیان دەستدرێژیم بەرامبەر بكەن و رێگەیان لێ كردین كارەكەمان بكەین".

هەفتەی رابردوش بەڕێوەبەرانی كانتۆنی جزیرێ لەڕۆژئاوای كوردستان مۆڵەتی كاركردنی لەتۆڕی میدیایی رووداو سەندەوە.
بەڕێوەبەرانی كانتۆنی جزیرە لەبەیاننامەیەكدا دەڵێن "كەناڵی روداو هانی بەكارهێنانی توندوتیژی و دروستكردنی پشێویی دەدات، ئەویش بە هاندانی پێكهاتەكانی نێو سووریا لەدژی یەكدی و بڵاوكردنەوەی بۆچوونی دەمارگیرانە و شۆڤێنییانە".
ئەم هەنگاوەی كانتۆنی جزیرێ لەڕۆژئاوای كوردستان رێكخراوەكانی ناوخۆو دەرەوەی توڕەو نیگەران كرد لەوانەش كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسانی ئەمریكا (CPJ).
تۆڕی هەواڵی رووداو بەشێكە لە خێزانی میدیای كوردستانی و كەناڵێكی مۆڵەت پێدراوە، بە پێی یاسای كاری رۆژنامەنوسی مافی پێدراوە بە ئازادی روماڵی چالاكییی گشتی بكات. هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە سیاسیەتی میدیایی بۆ دابڕێژێت و خۆی لە بەردەم یاسادا، بەرپرسە لە سیاسەتی میدیایی خۆی.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان سەركۆنەی هەموو ئەو رێگری و بەربەست و پێشێلكاریانە دەكات كە بەرامبەر بە پەیامنێرانی ئەم كەناڵە ئەنجام ئەدرێن. داواش لە پارتی یەكێتی دیموكرات (PYD) دەكات بە بڕیاری قەدەغەكردنی كەناڵی رووداو بچێتەوەو رێز لە یاساو ئازادی میدیا بگرێت .

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.


PM:01:30:15/08/2015




ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌