رۆژنامەنوسێك بریندارە هێرشدەكرێتە سەر پەخشی راستەوخۆی كەناڵەكانی سپێدەو رووداو و گەلی كوردستان




سلێمانی، 8ی تشرینی یەكەمی 2015: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی هێرشكردنە سەر پەیامنێرانی كەناڵەكانی سپێدەو رووداو و وێنەگری كەناڵی گەلی كوردستان و كەناڵی رێگا دەكات و هەموو رواڵەتەكانی توندووتیژی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان رەتدەكاتەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە لە شاری سلێمانی هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی نۆیەمین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی خۆپیشانداندەران شەقامەكانی دەوروبەری هوتێل شاری جوانی سلێمانی كۆنترۆڵكردوو شەقامەكانیان بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل داخست.

لەگەڵ فراوانبونی خۆپیشاندانەكە رواڵەتەكانی تووندوتیژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسی چالاكی مەدەنی رویاندا.

بە پێی لێدوانی رەسمی قائیمقامی ناوەندی سلێمانی بەختیار عبدارحمن " 8كەس بریندار بوون چوار لەوكەسانە هاوڵاتی بوون و چوارەكەی تریش لە هێزی ئەمنی بوون"
لەكاتی روماڵكردنی پەخشی راستوخۆدا وێنەگری كەناڵی گەلی كوردستان بەرد بەر دەموو چاوی دەكەوێت و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شاری سلێمانی دەكرێت 

وێنەگری كەناڵی GK رێژین كەمال بە میترۆی ووت" لەكاتی پەخشی راستوخۆ بوین كە بەردەكەم بەركەوت بریندار بووم بە سێ تەقەڵ چارەسەركرام"
هەروەها هەندێك لە بەشداربوانی خۆپیشاندەران بە بەردو دار هێرشیان كردە سەر ئامێری پەخشی راستەوخۆی روداو SNG ، بەهۆشیەوە لەكاركەوت.
پەیامنێری رووداو بەهرۆز فەریدون بە میترۆی ووت" چەند جارێك هێرشكراوەتە سەرمان بەڵام یەكێكیان هاتن ئیس ئینجی رووداو بسوتیًنن نەمانهێشت پەلامارو قسەی ناشرین وسوكایەتی زۆرمان پێ كرا"
باسی لەوەشكرد كە هێرش كراوەتە سەر تیمی كەناڵەكەیان (سامان محمد ، پشتیوان محمد و بەڵێن واحید.
هەر لە كاتی پەخشی راستەوخۆی كەناڵی ئاسمانی سپێدە و بە بۆكس رێگریان كرد لە پەخشی كەناڵەكەیان.

پەیامنێری كەناڵی سپێدە یادگار حاجی بە میترۆی ووت" چەند كەسێكی نەناسراو لە دوواوە بۆم هاتن بە بۆكس نەمانزانی كێن بە جنێو و قسەی سوك هاتنە سەرمان ئیستاش ئازارم هەیە"

هەروەها كاتژمێر 7ی ئەم شەو وێنەگری كەناڵی ئاسمانی رێگا كارزان حەمە جان بە میترۆی راگەیاند" پەیامنێری كەناڵی رێگا هەوراز احمد بە هۆی غازی فرمێسك رێژەوە لە هۆش خۆی چووە ئێستا لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كەوتووە"
بە پێی لێدوانی ئەو رۆژنامەنوسانەی كە پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە، زۆربەی پێشێلكارییەكان خەڵكانی نەناسراوی ناو خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی شاری سلێمانی بوون.
 

سەنتەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لە كاتێكدا ئیدانەی هێرشكردنە سەر پەیامنێرانی كەناڵەكانی سپێدەو تیمی كەناڵی رووداو و وێنەگری كەناڵی گەلی كوردستان دەكات و هەموو رواڵەتەكانی توندووتیژی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان رەتدەكاتەوە.
سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا پشتیوانی هەموو جۆر چالاكییەكی مەدەنی دور لە توندوتیژی دەكات. داواش لە رێكخەرانی خۆیشاندانەكان دەكات رێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدەن رەوتی ئاشتیخوازانەی چالاكی مەدەنی خەڵك بگۆڕن بۆ توندو تیژی.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر( رازاو شەریف، هیوا عوسمان، عمار الشابندر، توانا عوسمان، رەحمان غەریب) دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە. تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. سڵانی 2011 و 2012 و 2013 راپۆرتی ساڵانەی لەسر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

بۆ پەیوەندیكردن:
بەشی تۆماركردن : 07708079999


PM:08:01:08/10/2015




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌