هەرێمی کوردستان ، بۆدواوە... وەرگەڕێ !!





سلێمانی 18ی تشرینی یەکەمی 2015

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان گوزارشتی روونە لە شکستی نوخبەی سیاسی هەرێمی کوردستان لە فەراهەم کردنی ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رادەربڕین و گەڕانەوەیە بۆ دواوە.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەکاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان، هێزێکی ئەمنی بە شەقو بۆکس پەلاماری تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی NRT دا، پەیامنێرەکەیان بریندار کردو کامێرای کەناڵەکەیان پەکخست.
پەیامنێری کەناڵی NRT بابان ئەنوەر بە میترۆی راگەیاند لەکاتی روماڵکردن هێزێکی ئەمنی بە شەقو بۆکس پەلاماریان داین وتی، "  ئاسەواری لێدانم پێوە دیارە و کامێراکەشیان شکاندم."

هەروەها لەو هێرشەدا پەلاماری وێنەگری کەناڵەکە نەبەز عومەر دراوە.

لەکاتی سەرهەڵدانی قەیران و توندبونەوەی ململانێی حزبی و سیاسی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەک ئامانجێکی ئاسان و بەردەست پەلاماری رۆژنامەنوسان دەدەن پەخشی راستوخۆ دەوەستێنن ئۆفیسەکانیان دادەخەن و هۆکاری شکستی نوخبەی سیاسی، دەخەنە ئەستۆی ئەوان. 
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت شکستی نوخبەی سیاسی لە دەستەبەری ئارامی و سازان و خزمەتگوزاری، هۆکارەکەی دەستگاکانی میدیا نەبوون. بەڵکو دەرئەجامی شکستی ئەوانە لە رێکەوتنی سیاسی و سازان. ئەوەی لە کوردستان روودەدات شکستی کۆبونەوەکانی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و چوار قۆڵی و پێنج قۆڵین.
ئێمە هێرشکردنە سەر تیمی کەناڵی NRT  ئیدانە دەکەین. پەلاماری بەرفراوانی دەسەڵاتیش بۆ سەر ئازادی رۆژنامەنوسی بڕیاری گەڕانەوەیەکی ترسناکە بەرەو دواوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە.
 تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.



PM:02:43:18/10/2015




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌