رێگری و جیاكاری لە روماڵكردنی هەواڵی ئۆپراسیۆنەكەی شەنگالدا هەیە




12 تشرینی دوهەمی 2015، سلێمانی: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە سەركردەكانی شەڕی مەیدانی شەنگال دەكات رێگرییەكانی بەردەم روماڵی هەواڵەكانی شەڕ دژ بە داعش لابەرێت، رێگە نەدەن جیكاری لەنێوان كەناڵەكاندا بكرێت.

ئەمڕۆ لەكاتی دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی ناوچەی شەنگال لە بازگەی (سحێلا) رێگری لەهەندێ كەناڵی میدیایی كراوە روماڵی پڕۆسە سەربازییەكان بكەن, لەهەمانكاتدا كارئاسانی بۆ هەندێك كەناڵی دیكە كراوە.

میدیاكانی یەكێتی ئەمڕۆ رایانگەیاند، "بەتایبەتی رێگە بە كەناڵەكانی سەر بە یەكێتی نادەن رووماڵی ئۆپراسیۆنەكەی شەنگال بكەن."

هەڵگورد جلال بەرپرسی بەشی هەواڵی دامەزراوەی میدیای كوردسات بە میترۆی ووت" ئەمە یەكەمین جار نییە ئەو رێگری و جیاكاریانە لەگەڵ كوردسات ئەكەن تا وەك پێویست نەتوانێ پەیامی میدیایی خۆی بگەیەنێت"
هەروەها لە بازگەی رەبیعە رێگری لە تیمی هەردوو كەناڵی گەلی كوردستان و بادینان سات كراوە.

پەیامنێری تیمی كەناڵی گەلی كوردستان بە پێگەكەی یەكێتی راگەیاندووە، "لەبەیانیەوە لە هەوڵی ئەوەدان كە بچنە سنووری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەمەبەستی رۆماڵكردنی ئۆپراسیۆنەكەی هێزی پێشمەرگە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوچەكەوە رێگرییمان لێدەكرێت و تائێستا رێگەیان پێنەداوین بچینە سنووری هێزی پێشمەرگە".

نووسینگەی كەناڵی (NRT) لەهەولێرو دهۆك لەلایەن دەسەڵاتدارنی هەولێر داخراوەو رێگەی كاركردنیان پێ نادرێت, ئەمەش وایكردووە تیمی ئەو كەناڵە هەوڵی رێگەی دیكە بدات بۆ رووماڵكردنی پڕۆسە سەربازییەكان.
كاوە ئەحمەد بەرپرسی بەشی هەواڵ لەكەناڵی (NRT) بە میترۆی ووت" ئێمە كەناڵی قەدەغەكراوین لەهەولێرو ئەو ناوچانە بۆیە ناچار بەنهێنی پەیامنێرو كامێرامان گەیاندە گۆڕەپانی شەڕەكە".

جێی ئاماژەیە لەئێستادا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەدوو بەرەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شەنگال لەپێشڕەوییەدایە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە سەركردەكانی شەڕی مەیدانی شەنگال دەكات رێگرییەكانی بەردەم روماڵی هەواڵەكانی شەڕ دژ بە داعش لابەرێت، رێگە نەدەن جیكاری لەگەڵ كەناڵەكاندا بكرێت.

میترۆ پێی وایە ئەگەر هۆكاری ئەمنی هەن بۆ روماڵكردن ئەوە دەبێت ئەو رێوشوێنانە بۆ هەمووان بێت نەك رێگە بە چەند كەناڵێك بدرێت و بۆ ئەوانی بۆ ئەوانی تر رێگە دابخەنو بەربەست دابنێن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.



PM:02:35:12/11/2015




ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌