سەپەرشتیاری ئیدارە و قائیمقامی رانیە یاسا پێشێل دەکەن یاسای کارى رۆژنامەنەنوسی لە رانیە پەکدەخرێت




5ی ئازاری 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی رانیە (حەمید عەبدوڵا)و قائیمقامی قەزای رانیە (هیوا قەرەنی) دەكات،

دەسەڵاتەكانیان بۆ كپكردنی ئازادی رادەبرڕین و ئازادی رۆژنامەنوسی بەكار نەهێنن، خۆیان نەخەنە سەرو یاساوە و رێز لە یاسای كاری رۆژنامەنوسی بگرن.

ئەمڕۆ شەممە 5ی ئازار بەبۆنەی یادی 25 ساڵەی راپەرینی ساڵی 1991 كە سەرتاكەی لەو شارەوە دەستیپێكرد، رێگری كرا لە رۆژنامەنوسان، چەند پەیامنێرو وێنەگرێكی كەناڵی راگەیاندن سەبارەت بە رێگرییەكانی بەردەم كارەكانیان پەیوەندییان بە سەنتەری میترۆوە كرد.
شەوی رابردوو بەرپرسانی ئیدارەی ئەو شارە بە پشت بەستن بە رێوشوێنەكانی خۆیان، یاسای كاری رۆژنامەنوسیان پەكخستو روماڵی هەواڵەكانیان لەناو بازاڕو شوێنی گشتی قەدەغەكردوو و روماڵی راستەوخۆشیان لە چەند شوێنێكەوە دیاریكرد.

بڕوا عەلی پەیامنێری سپێدە بە میترۆی راگەیاند رێوشوێنەكان بوونە بە كۆسپ لەبەردەم كارەكانمان " لەناو خەڵكەوە راستوخۆ قەدەغەیە"
هەروەها ئەم بەیانییە رێگری لە تیمی كەناڵی K24 كرا بچنە ناو شاری رانیەو تیمەكە گەراوەتەوە بۆ سلێمانی.

بەرپرسی نوسینگەی كەناڵی K24 ئەیوب رەزا لە سلێمانی بە میترۆی ووت" لە دەروازەی شارەكە راینگرتین پێیان وتین بگەڕێنەوە هەرچەند وتمان پەخشی راستەوخۆ ناكەین وتیان تا سەعات 5 بۆتان نییە بچن لەوی كاربكەن"

هەروەها فەرمان چۆمانی پەیامنێری رووداو لەو شارە بە میترۆی ووت " وێنەگرتن لەناو بازاڕ قەدەغەیە هەروەها پێیان راگەیاندوین نابێ پەخشی راستەوخۆ بكەین"
گۆران عبدالله پەیامنێری NRT بە میترۆی ووت " پێیان وتین راستەوخۆ لەناو بازاڕ قەدەغەیە ئەگەر ئەیكەن بچن بۆ قەرەنی ئاغا"
رەنجدەر عوسمان بەرپرسی ئۆفیسی KNN لە راپەڕین بە میترۆی وت" روماڵردنی راستەوخۆ و دیدار لە شوێنە گشتییەكان و روماڵكردنی مەراسیمەكانی یادی راپەڕینمان لێ قەدەغەكراوە"

هەوەها بەرپرسی بەشی هەواڵی كوردسات هەڵگورد جەلال بە میترۆی ووت" بڕیارەكە هەمووانی گرتۆتەوە ئێمەش هەمان بریارمان بەسەردا جێبەجیكراوە"

بە پێی مادەی 7ی یاسای ژمارە(35) ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان ، رۆژنامەنوس سەربەخۆیەو لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەی هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نیە جگە لە دەسەڵاتی یاسا.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی ئەو رێوشوێنە نایاساییانە دەكات كە بەرپرسانی شاری رانیە بەرامبەر بە كاری رۆژنامەنوسی دەیانكردووە داوا دەكەین ئەو رێوشوێنانە لاببرێن.

میترۆ داوا لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی رانیە (حەمید عەبدوڵا)و قائیمقامی قەزای رانیە (هیوا قەرەنی) دەكات، دەسەڵاتەكانیان بۆ كپكردنی ئازادی رادەبرڕین و ئازادی رۆژنامەنوسی بەكار نەهێنن، خۆیان نەخەنە سەرو یاساوە و رێز لە یاسای كاری رۆژنامەنوسی بگرن.

بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و كەنالًی راگەیاندن سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلكاری لەو روداوانەدا تۆماركراون.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

بۆ پەیوەندیكردن:
بەشی تۆماركردن : 07708079999



PM:01:15:05/03/2016




ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌