میترۆ داوا دەكات كارەكانی K24 لە خوماتوو دەستپێبكاتەوە




كەركوك، 26ی نیسانی 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە ئیدارەی قەزای خورماتوو دەكات پێداچوونەوە بە بڕیاری قەدەغەكردنی كاری كەناڵی K24 بكات و جیاكاری لە نێوان كەناڵەكانی راگەیاندن نەكات.

 

هێمن دەلۆ پەیامنێری كەناڵەكە لە خورماتوو بە میترۆی راگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە دوو تیمی كەناڵەكەمان كە ژماریان 14 كارمەندبوو لە بەشەكانی پەیامنێر و تیمی هونەری لە ماڵێكی گەرەكی كۆماری لە پشودا بوین، هێزێكی ئاسایش هەڵیانكوتایە سەرمان.
هێمن ووتی" پێیان راگەیاندین قائیممقام بڕیاری داوە خورماتوو جێبهێڵین و بڕیارەكە سەرجەم كەناڵەكانی ئەگرێتەوە" ئەوەشی خستەرووكە " بەڵام دواتر بۆمان دەركەوت تەنها بڕیارەكە بۆ ئێمە دەركراوە".

 

بەڵام قائیمقامی قەزای خورماتوو شەلال عبدول لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی هەمان كەناڵ ووتی" ئاگاداری ئەو بڕیارە نیم هەرچەندە من سەرنجم لەسەر چەند كەناڵێك هەیە" داواشی كرد كەناڵەكان بە ئەمانەتەوە هەواڵ و زانیارییەكان بڵاوبكەنەوە.

هەروەها صباح جمعە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای صلاح الدین ئەمشەو لە بەرنامەیكی راستەوخۆی K24 رایگەیاند ئەوان ئاگایان لەو بڕیارە نییە بەڵام " بڕیارەكە ئەمنییە".

 

سەنتەری میترۆ رایگەیدەگەیەنێت بڕیاری قەغەكردنی روماڵی كەناڵی K24 رەتدەكەینەوە، نابێت لەژێر هیچ پاساوێك جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا بكرێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، بەڵكو رێگە بەهەموو میدیاكان بدرێت بەبێ‌ بەربەست روماڵی ئەو هەواڵ و روداوانە بكەن كە جێی بایەخی خەڵكن. خۆ ئەگەر هۆكاری ئەمنی هەن بۆ رێگریكردن لە روماڵ ئەوە دەبێت ئەو رێوشوێنانە بۆ هەموان بێت نەك رێگە بەچەند كەناڵێك بدرێت و بۆ ئەوانی تر رێگە دابخرێت و بەربەست دابنرێت.

 

لە هەمان كاتدا داوا دەكەین كێبڕكێكی كەناڵەكان لەسەر گواستنەوەی راستەوخۆی رووداو و هەواڵەكان نابێت لەسەر حسابی پیشەیی بون و بێلایەنی بێت، دەبێت كەناڵەكان رەچاوی وردی و راستگۆیی بكەن و كارەكانیان دوربێت لەبزواندنی هەست و سۆز و هاندان و بەلاڕێدابردنی خەڵك.

بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و كەنالًی راگەیاندن سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلكاری لەو روداوانەدا تۆماركراون.

 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

 

بۆ پەیوەندیكردن:
بەشی تۆماركردن : 07708079999



PM:10:04:26/04/2016




ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌