كاری رۆژنامەنوسی تاوان نییە



سلێمانی، 15ی ئایاری 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان سەركۆنەی هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی و هەرەشەو بەربەستێك دەكات كە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەكرێن.

هەفتەی رابردوو پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی دروسـتبوونی پەیوەندی لە نێوان خوێندكارێـكی ژن و ووتارخوێنی مزگەوتی بەهشتی سەلەفیـیەكان، چەند رۆژنامەنوس و نوسەرێك دەربارەی ئەم رووداوە هەندێك بە هەواڵ و هەندێك بیروڕای خۆیان بڵاوكردەوە، بەڵام روبەڕوی هەڕەشە بوونەوە.

ژیار محەمەد پەیامنێری دەنگی ئەمەریكا لە شاری سلێمانی، نیوەڕۆی هەینی لە كاتی روماڵكردنی هەواڵ نزیك مزگەوتی بەهشتی سەلەفیـیەكان لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد كەسێـك بە بەرگی مەدەنیـیەوە داوای كەرەسەی رۆژنامەنوسی لێكرردوە.
ژیار بە میترۆی ووت" دەسـتی ڕاستی گرتم و بە توندی بایدا پـێی ووتم من ئەتوانم بە شەق لێت بسەنم" ، ئەمیش لە وەڵامدا پـێی وتووە" تۆ ناتوانیت شەق لە من بدەیت، بەڵكو دەبێت تۆ وەكو ئاسایش بمانپارێزیت.

فەرهەنگ فریدون احمد پەیامنێری سایتی خەندان بە میترۆی ووت" پاش بڵاوكردنەوەی دیدارێك كە پەیوەندی بە ژنهێنانی وتارخوێنی مزگەوتی بەهەشت هەرەشەم لێكرا"
" ئەو راپۆرتەی كردوتە بۆ سایتی ویستگە سەرت پێ لەناو دەبات قەسەم بە خوای تاكو تەنها هەرچی زوو لای نەبەیت بە دەستی خۆم سەرت دەبڕم تۆ حەدت نییە ببیتە قۆنەرەكانی مامۆستا عەبدوللەتیف نەفامی بێ دینی كۆیلە"

ئەم ئەو نامەیە كە دوو جار بۆ رۆژنامەنوس دیار ئەحمەد مەجید دوبارە كراوەتەوە هاتووە .
دیار بە میترۆی ووت" من زانیاریم بڵاوكردۆتەوە و تۆمەتم بۆ كەس دروست نەكردوە"
سەبارەت بەو هەرەشانەی لەو رۆژانە ئاراستەی هەندێك كەس كراون، عبدوللەتیف سەلەفی وتار خوێنی مزگەوتی بەهەشت لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵەكەی خۆیدا رایگەیاند "هیچ پەیوەندییەكی بەو هەڕشانەوە نییە"

هەروەها رۆژی هەینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری سلێمانی رێگریان لە پەخشی راستەوخۆی هەندێ كەناڵی راگەیاندن كرد كە دەیانویست لەبەردەم مزگەوتی بەهەشت پەخشی راستەوخۆ بكەن.

سەنتەری میترۆ سەركۆنەی هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی و هەرەشەو بەربەستێك دەكات كە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و رایدەگەیەنێت " نابێت لە ژێر هیچ فشارو بیانوییەك دەسەڵات ئازادی رۆژنامەنوسی بەرتەسك بكاتەوە"

بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و كەنالًی راگەیاندن سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلكاری لەو روداوانەدا تۆماركراون

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.


PM:01:43:15/05/2016




ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌