ئه‌دۆنیس: سەرم سوڕماوە چۆن زیندانەكانی عەرەب پڕ نین لە نووسەر؟!



وەرگێڕانی: عەدنان عیزەدین
٢-٢
لە جیهانی عەرەبیدا، دەڵێن هەموو كەس شاعیرەو هەمووشیان ئەدۆنیس دەناسن، سورییەك كە لە پاریس دەژی و داهێنەری پەخشانە شیعری عەره‌بیە، لێرەو لەوێ و ناوە ناوەش باس دەكرێت كە پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئەدەب.
 
 
لە ساڵی ٢٠١١ وە بە كەسایەتییەكی پڕ مشت و مڕ دادەنرێت سەبارەت بە شەڕ لە سوریا. بە دەسپێكردنی ڕاپەڕینەكەی سوریا لە سەرەتاكانی 2010 وە ڕۆشنبیرانی عەرەب هەموو چاوەڕێی ئەدۆنیس بوون شتێك بڵێ، نە لەبەر ئەو پێگە شیعریەی هەیەتی بەڵكو لەبەر ئەوەی عەلەوییە و عەلەویش ئەو ڕێبازەیە كە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا پەیڕەوی دەكات.
 
لە مانگی ٦ ی ئەو ساڵەدا ئەدۆنیس نامەیەكی كراوەی ئاڕاستەی بەشار ئەسەد كرد و داوای گواستنەوەیەكی دیموكراسیانەی لێ كرد كە ئەوكاتە ڕژێمەكەی ئەسەد ١٤٠٠ هاووڵاتی سیڤیلی كوشتبوو . زۆرێك رەخنەیان لە ئەدۆنیس گرت لە پای درەنگ بە دەنگ هاتنی.
 
ئێستا ئەدۆنیسی تەمەن ٨٦ ساڵه‌، بیرو ڕای خۆی سەبارەت بە سەرنەكەوتنی شۆڕشی بەهاری عەرەبی بە چەند ستونێك لە ڕۆژنامەی دێرینی عەرەبی (الحیات) دەخاتە ڕوو و لە تازەترین كتێبیدا بە ناوی (ئیسلام و توندوتیژی) كە لە مانگی نۆڤەمبەردا لە پاریس بڵاو كرایەوە، هەمان ئەو مانگەی كە داعش ١٣٠ كەسی فەڕەنسی تیرۆر كرد.
لە قاوەخانەیەك چاوم بە ئەدۆنیس كەوت.
+ بەڵام ڕۆژئاوا دام و دەزگاگەلێكی زۆری كۆمەڵایەتی بوونیاد ناوە كە لە جیهانی عەرەبیدا بوونی نیه‌، وایه‌؟
-  ئەوروپا توانیویانە زاڵ بن بەسەر ئەوكێشانەدا كە ڕووبەروویان بوونەتەوە، ئەویش بە بوونیادنانی كۆمەڵگەی نوێی دوور لە ئاین و كەنیسە. لە سەدەكانی ناوەڕاست دا دادگاكانی سەر بە كەنیسە هەر وەك جیهادییەكانی ئەم سەردەمە وابوون.
 
خەڵكیان كوشتووە و سووتاندوویانن، بەڵام ڕۆژئاوا سەركەوتوو بوو لە جیاكردنەوەی كەنیسە لە دەوڵەت  و دروست كردنی كۆمەڵگەی پێشكەوتوو. ئێمە تا ئێستاش لەو سەردەمەداین. مادام ڕۆژئاوا سەركەوتوو بووە لەم جیاكردنەوەدا ئەوا هیچ ڕێگرێك نیە بۆ عەرەب بۆ جیا نەكردنەوەی ئەو دووانە . ئێمە لەو پێناوەدا دەجەنگین.
سەرەڕای هەموو بەربەستەكان، سەرەڕای سیاسییەكانی ڕۆژئاوا كە بەداخەوە سیاسییەكانی ڕۆژئاوا ئەم ڕژێمانە بەكار دێنن بۆ پووچەڵ كردنەوەی پلانەكان، ئەو جیابوونەوەیە هەر دەكەین.

+كەواتە چۆن جیاكردنەوەیەكی كاریگەر لە نێوان حكومەت و ئایین دا دەستەبەر دەكرێت؟
ئەبێت لە سەرەتاوە دەست پێ بكەین. پێویستی بە ململانێ هەیە، كێشمەكێشی زۆر دەوێت. ناتوانیت دەستەو ئەژنۆ دانیشیت. هەستە و بجەنگە، بنووسە و بڕۆ زیندان. سەرم سوڕماوە چۆن زیندانەكانی عەرەب پڕ نین لە نووسەر، نازانم بۆ؟ دیارە نووسەرە عەرەبەكان بە كاری خۆیان هەڵناستن و ڕەخنە ناگرن. هیچ دەربارەی بابەتە هەستیارەكان ناڵین. كارە سەختەكانی ژیان.
 
دەربارەی قەیرانی ڕاستەقینە قسە ناكەن. ئێستا ڕووی ڕەخنەی من لە نووسەرەكانە، نەك دەوڵەت. پێویستە نووسەرەكان بەردەوام لە زیندان بن، ئەو كات ئەمە نیشانەی ئەوەیە ڕاستی دەڵێن، بوونیان لە دەرەوەی زیندان واتە ڕاستییەكان ناڵێن. ئەگەر كتێبەكانیان قەدەغە كرا، كەواتە دەتوانین بڵێین ڕۆشنبیری ڕۆڵی خۆی هەیە.

+ بەڵام شیعر دەتوانیت لەم بارودۆخە ناهەموارە وەحشیگەرییە لە سوریا دەگوزەرێ، ڕۆڵی هەبێت؟ لەوانەیە بیرمان بۆ لای ڕۆڵی ئەدۆرنۆ بڕوات دەربارەی شیعر دوای كارەساتی ئاشوتیز؟
- ئەوە تەنها قسەیەكە. ئاشوتیز كارەساتێك بوو، مرۆڤایەتی بە چەندەها كارەسات دا تێپەڕیوە. بە پێچەوانەوە من بڕوام وایە نووسین بە پرسیاركردن دەست پێ دەكات و پەردە لادان لەسەر سەرچاوەی شەر لە هەرلایەكەوە بێن.  قسەكانی ئەدۆرنۆ وامان لێ دەكات بوەستین لە پرسیاركردن و ناچارمان دەكات ڕازی بین. هاوڕا نیم لەگەڵی. ئێستا نووسین  دەست پێ دەكات دوای كارەساتی ئاشۆتیز.

+ دەكرێت لەگەرمەی شەڕی سوریا، شیعر بنووسین؟
- ناتوانیت شیعر و بۆمب بە یەك بەراورد بكەیت، ناتوانیت ئەم بەراوردە بكەیت. ئەگونجێت فیشەكێكی وێڵ ڕژێمێك بگۆرێت. بۆ نمونە فیشەكیكی نەعلەتی ئەتوانێت پیاویكی مەزنی وەك جۆن كەنەدی بكوژێت.  ناتوانی بەراوردێكی لەو جۆرە بكەیت چونكە لە بنەڕەتدا هەڵەیە. شیعر نووسین وەك شنەبا وایە، وەك بۆنیكی خۆش، وەك هەناسە.
 
ناتوانی شیعر بە شتە ماددییەكان بەراورد بكەیت. بۆیە شیعر سوكایەتی بەشەڕ دەكات و هیچ پەیوەندییان نیە.  بەڵام دوای ئەوەی شەڕ تەواو بوو، ئەكرێ یادی شەهید و تلەبەردو كاولكاری و پاشماوەكان بكەیتەوە، لەوانەیە كەسێ بتوانێ شتێ بنوسێ، بەڵام ئەمەش هەر بەشێكە لە شەڕ.

+ ئەبیستین گوایە كە داعش شیعر دەنووسن هەتا ئوسامە بنلادنیش، وایه‌؟
- ئەوە شیعر نیە، ناكرێت وەك شیعر لەقەڵەم بدرێن، نەخێر ئەوە شیعر نیە. چونكە شیعر دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە. كاتێك ڕۆشنبیریی دەبێتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانە، هەمووان دەبن بە شاعیر و ڕۆماننووس. ئێستا بە هەزاران ڕۆماننووسمان هەیە، بەڵام ئەگەر پێنج خوێنەری باش بدۆزیتەوە،  كەواتە تۆ لە شوێنێكی باشدایت. لە ئەمریكا، هەزارەها رۆمان هەیە تەنها پێنج تا شەشیان باشە ئەوانی تر هەموو زبڵن. هەمان شتێش بۆ عەرەب دەگونجێت. هەموو عەرەب شاعیرن، بەڵام لە سەدا ٩٥ یان پاتاڵن.

+ تۆ بەم زوانە شتێكت نووسی سەبارەت بە كۆچكردن وەك بەشێكی گرنگ لە كلتوری عەرەب. ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توشی قەیرانی كۆچ دەبین. ئەتوانی شتێك لەسەر ئەوە بڵێیت؟
- من هۆكاری كۆچكردن دەگەڕێنمەوە بۆ دوو شت، ئەویش بێكاری و نەبوونی ئازادییە، نەبوونی كار و ئازادی. مرۆڤ هەمیشە بە دوای شوێنێكدا دەگەڕێت كە كاری لێبێت و لە هەمان كاتیشدا ئازاد بێت. وڵاتە عەرەبیەكانیش هەژارن. ئەوە بۆ دوو سەد ساڵ دەچێت نەمانتوانیوە زانكۆیەكی باش یا ناوەندیكی توێژینەوە دامەزرینین لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی باشمان هەیە، بەڵام لە چەكی بێ سوددا بەكاری دەبەین. چەك دەكڕین، فڕۆكەش دەكڕین، هەتا فڕۆكەوانەكەش دەكڕین بۆ ئەوەی شەڕەكەشمان بۆ بكات وەك ئەوی سعودیە لە یەمەن دەیكات.
ئەم جیهانە قوڕو لیتەیە، ئێمەش كۆمەڵگەیەكی سەرەتایین، تا ئێستاش لە سەدەكانی ناوەڕاستین، كەچی تۆش پرسیاری سەردەمی مۆدێرنەم لێ ئەكەیت، بە ئۆتۆمبیلە مۆدێل بەرزەكان هەڵمەخەڵەتێ، بە زانكۆی ئەمریكی لە قاهیرە هەڵمەخەڵەتێ، ئێمە ناتوانین سەیارەیەك بەرهەم بێنین، هەتا ئێمە ناشتوانین كوپێكی چا دروست بكەین، كەواتە كوا ئێمە پێشكەوتین؟ سیاسییە ئەوروپیەكان  بە هەڵەمان ئەبەن، ئێوە ڕۆشنبیرن، ئەبێ ڕاستیەكان بزانن.

+ لە نوسینی ئەم دواییەتدا، چەند پرسیارێكت وروژاندووە سەبارەت بە شوناسی عەرەب، پرسیارەكانی وەك من كێم؟ ئەی ئێمە كێین؟ ( ڕۆژنامەی الحیات ١٠ دیسەمبەر ٢٠١٥).
- ئەمە قورسە نەك تەنها بۆ عەرەب. بۆ هەموو مرۆڤ  قورسە، ئەمە بە شێوەیەكی گشتی. لەبەرئەوەی  ئایین وەڵامی داوەتەوە. ئەوەی مەسیحییە، مەسیحیە، ئەوەی سەربە ئاینی جولەكەیە، جولەكەیە، ئەوەشی پەیڕەوی لە ئاینی ئیسلام دەكات، موسوڵمانە، هەریەك لە(وان) سەر بە تێڕوانینێكە، ئەگەر ئەو بڕوای بەوە هەبێ كە من بڕوام پێیەتی كەواتە ئەیناسمەوە، بە پێچەوانەشەوە، بڕوای بە بیرو باوەڕی من نەبێت نایناسمەوە هەر بۆیە چەمكی (ئەوان) لە ژیر ئاینە ئاسمانیەكاندا چەمكێكی دیاری نەكراوە. بەم شێوەیە بۆ كەسێكی بێ دین، چەمكی شوناس ئاڵۆزە.
سەبارەت بەمە لە ناو سۆفییە عەرەبەكاندا پێشنیار زۆرە، دەزانیت كە ڕامبۆ دەڵێت: «من ئەوەكەی ترم». سۆفییەكی عەرەب هەزار ساڵ پێش ئەم وتویەتی:»ئەوەكەی تر منم». ئەزانی چۆنە، لە ئیسلامدا، شوناس بۆماوەییە، وەك چۆن ماڵ و كێڵگەوە پارەی باوكی بۆ دەمێنێتەوە. شوناسیش سەپێنراوە بە سەریدا، بەڵام سۆفییەكان دەڵێن نەخێر، شوناس كۆمەڵە كارێكی بەردەوامە ، مرۆڤ بە قەد قەبارەی ئیش و بیركەدنەوەی شوناسی دەبێت. كەواتە ئەگەر كەسێتی بریتی بێت لە كردار، ئەوا ( من ) وەكو تاك بوونی نابیت بەڵكو لەگەڵ (ئەوان) دا دەردەكەوێت ئەوانیش بەشێكن لە ئەو.
 
 
من بۆ ئەوەی خۆم بم پێویستە بە (ئەوان) دا تێپەڕم. وەك چۆن شوناس لە سۆفییەتی دا هەمیشە كراوەیە. هەتا مرۆڤ زیندو بێت ئەوا شوناسەكەشی بەردەوام نوێ دەبێتەوە. ئەگەر كەسێك شاعیر بێت ئەوا بە مردنی خۆشی ناسنامەكەی كۆتایی نایەت، چونكە شیعرەكانی بەردەوام نوێ دەبنەوە و بە چەندەها ڕێگە دەخوێندرێنەوە. كەواتە شوناسی ئەو هەمیشە بە كراوەیی دەمێنێتەوە. لێرەشدا شیعر دژی ئایینە، لەگەڵ ئاین دا پێك نایەنەوە. مەبەستم ئەوەیە لە هەموو مێژووی عەرەب دا شاعیرێكی ئاینی نابینیت.
 
ناتوانیت دەست نیشانی بكەیت بڵێی ئەمە شاعیرێكی بەناوبانگەو كەسایەتییەكی ئاینیە. ئەگەر شاعیر بێت ئەوە وەك سۆفیەك وایە كە بە خۆی دەڵیت ئیماندار و بڕوای بە خوایەك هەیە كە بە تەوای جیاوازە لە خوای فەرمی ئاینی ئیسلام كە خوای هەموو شتەكانە. كەواتە هێزی ڕاستەقینە مرۆڤ ئەوە نیە كە وەڵام بداتەوە، بەڵكو ئەوەیە پرسیار بوروژێنێت.

+ حەفتا ساڵ بەر لە ئێستا ناوی ئەدۆنیست بۆ خۆت هەڵبژارد؟
- نەخێر، ئەو ناوەم داهێنا بۆ ئەوەی لە دنیای ئایین بچمە ده‌ره‌وه‌.

+ بەڵام ئەوەتا ئێستا ناوەكەت بووە بە تاوان، بۆ؟
 -ڕەخنەی ئەوەم لێ دەگیرێت كە ناوێكی عەرەبی یا ئیسلامی نییە، بە داخەوە كلتوری ئەم جۆرەی دین ڕۆشنبیری تێكداوە، تەواو به‌رته‌سکی كردوەتەوە.

+ ڕۆشنبیری عەرەب لە داهاتوودا چۆن دەبینیت؟
- پێم وتیت، مادام مردن و ژیان هەیە، هونەریش دەمێنێتەوە. خەمت نەبێت. خوێنەرمان كەمە بەڵام هەر باشە. نیچە كە وروژێنەری بیروڕای مۆدێرنە، نووسینەكانی  لە سەردەمی خۆیدا بڵاو نەكرانەوە، كەس نەیدەناسی. هەمیشە ئەمەیە چارەنووسی هونەر. هەندێك بەرهەمیان بڵاو دەكرێتەوەو ملیۆنەهای لێ دەفرۆشرێت، كەچی خۆشیان زبڵن.
 
 
Kurdistani nwe


PM:09:13:19/05/2016




ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌