هێرش بۆ سەر رووداو هێرشە بۆ سەر ئازادی میدیا



بەیاننامە

هێرش بۆ سەر رووداو هێرشە بۆ سەر ئازادی میدیا

 

سلێمانی 24ی حوزەیرانی 2016: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر ئۆفیسی سەرەکی تۆڕی میدیای رووداو دەکات و داوا لە دەزگا بەرپرسەکان دەکات هەموو هەوڵێکیان بخنە گەر بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەم هێرشە,

نیوەشەوی رابردوو بە نانجۆکێک هێرشکرایە سەر باڵەخانەی سەرەکی تۆڕی میدیای رووداو لە گەڕەکی ئیسکانی هەولێری پایتەخت، بەو هۆیەوە پێنج لە پاسەوان و کارمەندی هونەری ئەو دەزگایە بریندار بوون و زیانی مادیش بەر دەزگاکەیان کەوتوە.

هەرچەندە چەند بەرپرسێکی ئەمنی شارەکە رایانگەیاندووە کە لێکەۆڵینەوەی سەرەتاییان دەستپێکردوە، بەڵام جارێ باس لە هیچ سەرداوێک نەکراوە بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەم کارە ترسنۆکانە.

 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لە کاتێکدا بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە بۆ سەر تۆڕی میدیای رووداو دەکات ، پشتیوانی خۆی بۆ رۆژنامەنوسان و دەزگاکەیان رادەگەینێت.
ئەم هێرشە بۆ سەر تۆڕی میدیای رووداو، هێرشکردنە بۆ سەر ئازادی میدیا داوا لە دەزگای ئەمنی پایتەخت دەکەین بە زوترین کات بکەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە و رای گشتی لێ ئاگاداربکەن، بدرێنە داگایەکی عادیلانە.

 

سەنتەری میترۆ سەركۆنەی هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی و هەرەشەو بەربەستێك دەكات كە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و رایدەگەیەنێت " نابێت لە ژێر هیچ فشارو بیانوییەك دەسەڵات ئازادی رۆژنامەنوسی بەرتەسك بكاتەوە"

بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و كەنالًی راگەیاندن سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلكاری لەو روداوانەدا تۆماركراون

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.



PM:12:14:25/06/2016




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌