یونیسێف: زیاتر له‌ سێ ملیۆن منداڵ له‌ عیراق هه‌ڕه‌شه‌ی مردنیان له‌سه‌ره‌



رێكخراوی یونیسێف-ی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ نوێترین راپۆرتدا ئاشكرایكرد كه‌ سێ ملیۆن و 600 هه‌زار منداڵ له‌ عیراقدا هه‌ڕه‌شه‌ی مردینان له‌سه‌ره‌ و زیاتر له‌ چوار ملیۆنی دیكه‌ش پێویستیان به‌ هاوكاریی مرۆییه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌یدا رێكخراوی یونیسێف روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر پێنج منداڵێكی عیراقی یه‌كێكیان هه‌ڕه‌شه‌ی مردن و توندوتیژیی خێزانی و په‌لكێشان بۆ شه‌ڕی چه‌كداری و رفاندنی له‌سه‌ره‌، له‌ماوه‌ی 18 مانگی رابردووشدا رێژه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ بۆسه‌ر یه‌ك ملیۆن و 300 هه‌زار منداڵی دیكه‌ زیادبووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ چوار ملیۆن و 700 هه‌زار منداڵی عیراقی پێویستیان به‌ هاوكاریی مرۆیی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی منداڵانی عیراق، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ گوزه‌رانی خێزانه‌ عیراقییه‌كان به‌هۆی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ قه‌زای فه‌لوجه‌ و شاری موسڵ سه‌ختتر بووه‌.

پیته‌ر هۆكینز، نوێنه‌ری رێكخراوی یونیسێف له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "منداڵانی عیراق بێئه‌وه‌ی هیچ تاوانێك بكه‌ن، كه‌وتوونه‌ته‌ ناوه‌ڕاستی ئاگره‌وه‌، داواش له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین دان به‌خۆیاندا بگرن و رێزی منداڵ بگرن و منداڵانی وڵاته‌كه‌یان بپارێزن."

هۆكینز ده‌ڵێت: "هێشتا بوار ماوه‌ به‌ پشتیوانیكردن له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی جه‌نگ، منداڵان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ منداڵیی خۆیان و هاوكار بین له‌وه‌ی عیراق ئارامتر و گه‌شه‌سه‌ندووتر بێت."
 
 وێستگه‌نیوزـ


PM:02:56:30/06/2016




ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌