وتاری سەنتەری میترۆ و IMS لە یادی شەهید سۆرانی مامە حەمە



ئامادەبووانی بەڕێز
 
خانەوادەی سەربەرزی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە
 
رێكخەرانی ئەم مەراسیمە شكۆمەندە.
 
مەراسیمی ئەمڕۆی یادی رۆژنامەنوسی شەهید (سۆرانی مامەحەمە)  رۆژێكە بۆ یاد كردنەوەی سەرجەم قوربانییانی دەستی رەشی تیرۆر... ئەوانەی كە لەسەر ئازادیی بیروڕایان مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە. سەردەشت عوسمان و عەبدولسەتار تاهیر شەریف و كاوە گەرمیانی، سڵاو لە گیانی پاكیان.
 
ئەوەی لە كەیسی رۆژنامەنوسانی شەهید هاوبەشە، داخستنی كەیسەكانیانە، دەربازبونی بكوژو داڕێژەرانی تاوانەكانە لە سزا. لەناو كەیسەكاندا هەندێكی لەقۆناغی سەرەتایی لێكۆڵینەوەدا داخراوە. هەندێك تۆمەتبار بە پشت ئەستوور بەدەسەڵاتی سیاسی هەر ئامادەیی تیا نەبووە بچێتە بەردەم دادگا. هەندێكیشیان لێكۆڵینەوەكان تا ئەو ئەندازیایە ووزەو توانای تیا بووە كە بكەر بدۆزرێتەوە، پلان بۆ داڕێژەر دەربازی بووە لە سزا ، وەك ئەوەی  پلان بۆ داڕێژەر لە كەیسی كوشتنی رۆژنامەنووسان ئەركی دادگاكان نەبن.
 
پلان داڕێژەرەو بكوژانانی رۆژنامەنوسان ویستیان  لە رێی تیرۆری (سۆرانەوە)، یا لە رێگەی هەڕەشە و لێدان، لە سەدان رۆژنامەنوسان و میدیاكار، لە رێگەی هەڵمەتی ناشرین كردنی كەسایەتیی نووسەران و رۆژنامەوانان، میدیاكاران بێدەنگ بكەن و تەسلیم بن، بەڵام بە كۆششی ئێوەی داكۆكیكار لە ئازادی رۆژنامەنوسی شكستیان هێناوە.

رێكخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، لەم بۆنە غەمناكەدا سەرلە نوێ داوای سەبوری بۆ خێزانی سۆرانی جوانەمەرگ دەكات. سەر لەنوێ پێ لەسەر ئەوە دادەگرین، ئەم كەیسانە لە یادەوەری گشتیدا دانەخراون، رۆژێك هەر دێت دادگاكان بە شێوەیەكی سەربەخۆ و ئاشكرا و شەفاف ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە و كۆتایی بە دیاردەی دەربازبززن لە سزا بێت.
 
 
METRO &IMS


PM:08:08:21/07/2016




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌