هیومان رایتس وۆچ دەبێت حكومەتی هەرێم وەڵامی جدیی بۆ دۆسیەی وەدات هەبێت



هیومان رایتس وۆچ دەبێت حكومەتی هەرێم وەڵامی جدیی بۆ دۆسیەی وەدات
 
هەبێت میترۆ، وێستگە
 
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد وەڵامی جدیی بۆ دۆسیەی وەدات حسێن-ی رۆژنامەنووس هەبێت كە لە شاری دهۆك كوژرا و ئاماژەش بە ئامارەكانی ساڵی 2015ی سەنتەری میترۆ دەكات. بەشی عەرەبی سایتی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ بڵاویكردەوە كە وەدات حسێن-ی رۆژنامەنووس پێشتر لەلایەن دەزگاكانی ئاسایشیەوە هەڕەشەی لێكراوە و دواتر رفێنرا و لە 13ی ئابی 2016 بەكوژراوی دۆزراوەتەوە.
 
سایتەكە لەزاری سارە لیا ویتسن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەداوە كەپێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەیەكی خێرا و سەرتاسەری و بێگەرد لە كوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە تەمەن 28 ساڵە بكات. سارە لیا ویتسن راشیگەیاندووە كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی جدیی لەسەر رفاندن و كوژرانی وەدات هەبێت كە بە رۆژی روناك كوژرا، ئەوەش دوای چەند جارێكی لێپرسینەوە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە.
 
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لەزاری شایتەحاڵەكان بڵاویكردووەتەوە: " بە درێژایی 12 مانگ و لەسەر نوسینەكانی كە رەخنەی لە دەسەڵاتی كوردی گرتووە، ئاسایش – كە سایتەكە بە پۆلیسی سیاسیی ناوبردووە- لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو رۆژنامەنوسە كردووە و دواتر لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراو رفێنراوە." سارە ئاماژەی بەوەشداوە كە وەدات یەكێكە لەنێو دەیان رۆژنامەنوسی دیكە كە لە هەرێمی كوردستاندا روبەڕوی لێدان و دەستگیركردن و گێچەڵ دەبنەوە، رێكخراوەكە راپۆرتی ساڵی 2015ی سەنتەری میترۆ-ی بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان بەبیرهێناوەتەوە كە لەو ساڵەدا 145 دەستدرێژی كراوەتەسەر رۆژنامەنوسان هەر لە حاڵەتی دەستگیركردن و مامەڵەی خراپ و كوشتن.
 
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ باس لە ناڕەزاییەكانی ساڵی 2011ی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات كە و دەڵێت لەوكاتەدا هێزەكانی ئاسایشی هەڕەشەیان لە رۆژنامەنوسان كردووە و دەستگیریان كردوون و هەر لەوكاتەشدا رێكخراوەكە چاوپێكەوتنی لەگەڵ 20 رۆژنامەنوس كردووە كە بە دەمی خۆیان دانیان بەوەداناوە لەسەر دەستی هێزەكانی ئاسایش لێیان دراوە و دەستبەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیاندا گیراوە و هەڕەشەیان لێكراوە.
 
لەم بارەیەوە رێكخراوەكە ئاماژەی بە راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان كردوە كە لە لایەن سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان ئامادەكراوە. بەدرێژایی ساڵی 2015 ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون بریتییە لە (84) رووداوی جۆراوجۆر كە تیایدا (145) رۆژنامەنوس و كەنالًی راگەیاندن سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆماركردووە و لەو رووداوانەدا (173) پیًشیًلكاری لەو روداوانەدا تۆماركراون سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
 
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.


PM:08:30:25/08/2016




ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌