دەستخۆشی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەین



راگەیەنراوی رۆژنامەوانی

دەستخۆشی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەین 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكییكردن لەمافی رۆژنامەنوسان دەستخۆشی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات، لەپای رەخساندنی كەشێكی ئازادو گونجاو بۆ پەیامنێران‌و نێردراوانی دەزگا جیاوازەكانی راگەیاندن بۆ روماڵكردنی پرۆسەی دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتی خۆجێی سلێمانی.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئابی 2016، دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان بەڕێوەچوو. 

لەچوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، بەدەیان پەیامنێرو نێردراوی تایبەتی كەناڵە جیاوازەكانی راگەیاندن ئامادەبوون‌و ئازادانەو دوور لەهەر جۆرە سانسۆرێكی پێشوەختە رێگەیان پێدرا بۆ گواستنەوەی رووداوەكەو رووماڵكردنی وردەكارییەكانی چ بەشێوەی راستەوخۆی كەناڵە رادیۆیی‌و تەلەڤزیۆنییەكان چ بەشێوەی ناڕاستەوخۆی كەناڵە چاپكراوەكان. 

لەمیانی ئەم دانیشتنە یەكلاكەرەوەیەدا، ئەنجومەنی پارێزگاو بەشی راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی‌و تەنانەت پاسەوان‌و كەسانی ئیداریی كەشێكی ئازادو كراوەیان رەخساند.  

ئێمە لەسەنتەری میترۆ بۆ داكۆكییكردن لەمافی رۆژنامەنوسان، لەروانگەی كاركردن بۆ زیاتر رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی كاری رۆژنامەنووسیی‌و مافی بەدەستهێنانی زانیاری، ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەرز دەنرخێنین‌و دەستخۆشیان لێدەكەین. سەرباری دروستبوونی بیروبۆچوونی جیاواز‌و كەشێكی نائارام لەكاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە، بەڵام ئەوە كاری نەكردە سەر رێڕەوی كاركردنی رۆژنامەنووسان.



PM:08:34:25/08/2016




ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌