رواڵەتەكانی توندوتیژی دەركەوتەوە 19 میدیاكار توندوتیژی و رێگریان بەرامبەر كراوە



رواڵەتەكانی توندوتیژی دەركەوتەوە
19 میدیاكار توندوتیژی و رێگریان بەرامبەر كراوە

سلێمانی، 27ی ئیلولی 2016: سەنتەری میترۆ رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە پەیامنێر و وێنەگرانی كەناڵەكانی راگەیاندن شەرمەزار دەكات و داواش لە هێزە ئەمنییەكان دەكات نەبنە بەشێك لە ململانێ سیاسی و رێز لەكاری رۆژنامەنوسان بگرێت.

لە ناوەندی شاری سلێمانی و شارۆچگەكانی تری سە بە پرێزگای سلێمانی چەند چالاكییەی جەماوەری و مەدەنی گەورە بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران بە شێوازێكی ئاشتیخوازانەو شارستانینە داخوازییەكانی خۆیان خستە روو. 

زۆر كەم و بچوك بوون ئەو هەوڵانەی ویستیان رێڕەوی مەدنی و ئاشتیخوازانەی ئەو چالاكیانە بەرەو توندوتیژی بگۆڕن.

ئێمە لە سەنتەری میترۆ بەڕێوەچوونی چالاكییە جەماەرییەكانی ناوەندی شارو شارۆچكەكانی پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەكی هیمنانەو مەدەنی و شارستانیانە، وەك ئەزمونێكی سەركەوتوی خەباتی مەدەنی تەماشا دەكەین.

بەڵام بە داخەوە لە هەموو چالاكییەكی مەدەنی خەڵك، رۆژنامەنوسان و كەرەەسەكانی كاری میدیاكاران دەكرێنە ئامانج و هێزە ئەمنییەكان لە بری پاراستنی رۆژنامەنوسان، بەربەست دەخاتە بەردەم روماڵكردنی هەواڵی خۆپیشاندەران.  

بە پێی زانیاریەكانی سەنتەری میترۆ، لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی و رانیە هێرش و رێگری و دەستگرتن بەسەر كامێرا و ئامێری پەخشی راستەوخۆی كەناڵەكانی رووداو، ئین ئارتی، رۆژنامەی ئاوێنە، كەناڵی سیپێدەو وار TV و كەی ئین ئین ، ڕێگا ، پەیام ، REGAرۆژ نیوزی گرتوە.

سەنتەری میترۆ وێڕای ئیدانەكردنی پەلاماردانی هێزە ئەمنێكانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر تیمی كەناڵەكانی راگەیاندن داواش لە دەزگاكانی جێبەجێكار سنوری ئەركەكانیان نەبەزێنن نەبنە بەشێك لە ململانێ سیاسی و لە چوارچێوەی ئەركەكانیان رێز لە یاسای كاری رۆژنامەنوسی بگرن.

ئەو كەیسانەی تا كاتژمێر 3:30ی ئێوارەی ئەمڕیۆ سێ شممە لە سەنتەری میترۆ تۆماركراوان :  

• لەكاتی ڕووماڵی ڕووداوەكانی ڕۆژ لە هەولێر هێرش كرایە سەر دوو تیمی ئێن ئاڕ تی هێرش قادر و محمد ئیدریس. كەناڵی NRT رایگەیاند پەیامنێرێكی ئێن ئاڕ تی بریندار كراوە و ددانی شكاوە، یەكێكی تریش لە پەیامنێرەكان دەستگیركرا و دواتر ئازادكرا. 

لە هێرشەكەدا كەلوپەلی رۆژنامەوانی ئەو دوو تیمەی ئێن ئاڕ تی بردراون. لەلایەكی ترەوە ئاسایشی كۆیە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەو شارە دەستگیكردووە لەكاتێكدا سەرقاڵی ڕووماڵی خۆپیشاندانەكانی ئەو شارە بوو.هەروەها لە شاری سلێمانیشی رێگری لە تیمێكی تریان كراوە.

• كەناڵی رووداو پەیوەندییان بە سەنتەری میترۆوە كرد رایانگەیاند لەلایەن هێزێكی ئەمنی لە رانیە هێرشكراوەتە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو، پەیامنێر و كامێرامانەیان دەستگیركران. 

رووداو لە پێگەی خۆی بڵاویان كردەوە كە پێش ئەوەی دەستگیر بكرێن،

 سەنگەر عەبدولرەحمان، پەیامنێری رووداو پێی ووتون لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە جگە لە رێگریكردن لە رووماڵكردنی خۆپیشاندانەكان، هێرشكرایە سەر كامێرامانەكەمان و ئازاریان پێگەیاند كامێرایان لە ئەحمەد عومەر كامێرامانی رووداو سەند و دواتر لێیانداو ئازاریان پێگەیاند".

• بنار هیدایەت پەیامنێری سایتی ئاوێنە بە میترۆی راگەیاند لە كاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانەكەی شاری سلێمانی لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هێرش كراوەتە سەر ووتی" كامێرا و باج و سەرجەم كەلوپەلەكانییان لێ سەندم".

• ئاراس رەسول پەیامنێری كەناڵی پەیام سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە میترۆی ووت" رێگەیان لێگرتین پەخشی راستەوخۆ بكەین"

• سەنتەری میترۆ لە شاری كەلار ئاگاداركراوە كە بە هۆی پۆستەكانی لە فیس بووك هەرەشە لە رۆژنامەنوس دلشاد ئەنور دەكرێت. هەرەشەكان لەچەند سەرچاوەیەكەوە پشت راستكراونەتەوە.

• لەمیا رەسول پەیامنێری وار TV بە میترۆ راگەیاند لەكاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی لێدوان لە پەرلەمنتارێكی كوردستان، تەشهیری پێكراو . لەمیا بە میترۆی وت" لەبری قسەكردن بۆ من بە خۆپیشاندەرانی وت ئەم كەناڵ قوتی ئێوە دەخوات"

• بڕوا عەلی پەیامنێری كەناڵی سپێدە بە میترۆی راگەیاند بەرپرسێكی ئەمنی دیار كامێراكەیان لێ سەندوە و پەلامار دراوە وتی"

بەڕێوەبەرێك پەلاماری دام و كامێراكەی لێ سەندنم و شكاندی" 

• لە شاری رانیە رێگری لە تیمی كەناڵی رێگا هێمن عەلی و ئەكرم رەسول كرا و لە لایەن بەرێوەبەرێتی پۆلیسی ئەو شارە بۆ ماوەیەك دەستگیراوە بەسەر كامێراكەیان.

• پەیامنێری رۆژ نیوز لە شاری رانیە بە میترۆی ووت" كامێراكەیان لێسەندین پاش دوو كاتژمێر رادەستیان كردینەوە"

• لە شاری رانیە رێگری لە تیمی كەناڵی كەی ئین ئین سامان عومەر، ئاكام صدیق كراوە . سامان بە میترۆی وت" بەرپرسێكی ئەمنی داوای كامێركەی لێكردین پاشا دوو كاتژمێر كامێراكەیان بۆ گەراندینەوە"  

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.  

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، 2015 راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

بۆ پەیوەندیكردن:
بەشی تۆماركردن : 07708079999



PM:04:21:27/09/2016




ئه‌م بابه‌ته 996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌