كچە رۆژنامەڤانەكەی سلێمانی باری تەندروستی ناجێگیرە




میترۆ
كچە رۆژنامەڤانێكی وەرزشی لە سلێمانی، کە وەکو خۆی دەڵێت لەلایەن پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانەوە لێیدراوە، سێ‌ رۆژە باری تەندروستی ناجێگیرە و بەباشی توانای قسەكردنی نییە. بڕیاریشە لەسەر ئەركی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر بنێردرێتە دەرەوە.

دانەر ئەسڵان، میدیاكاری وەرزشی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 16-3-2017، لە یاری نێوان یانەی نەورۆز ‌و شێروانە لە یاریگای زانكۆ لە سلێمانی، دوای تەواوبوونی یارییەكە دەمەقاڵێ لەنێوان پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان ‌و بەشێك لە رۆژنامەنووسانی وەرزشی دروستبووە، لەو كاتەشدا نەشمیل محەممەد، پەیامنێری كوردستان تیڤی لە سلێمانی وێنەی رووداوەكەی گرتووە، بەو هۆیەشەوە رووداوەكە روویداوە. 

بەگوتەی دانەر ئەسڵان، نەشمیل وەكو رۆژنامەنووسێكی وەرزشی ئەركی سەرپەرشتیكردنی یارییەكەی پێسپێردرابووە، بۆیە وێنەی دەمەقاڵێكەی گرتووە، لەو كاتەشدا ملازمێكی پۆلیس  داوای لە نەشمیل كردووە وێنەنەگرێت، ئەویش بەو سیفەتەی یەكێك لە سەرپەرشتیارانی یارییەكە بووە، لەسەر وێنەگرتنی رووداوەكە بەردەوامبووە، بەو هۆیەشەوە تووندوتیژی دروستبووە، ئەفسەرەكە پاڵێكی بە نەشمیلەوە نا‌وە و خستوویەتی بەزەویدا، لەو كاتەشەوە تاوەكو ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە.

دانەر، داواكارە لە رێگای دادگاوە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە بكرێت ‌و گوتیشی "تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك سكاڵای یاسایی لەسەر رووداوەكە تۆمارنەكردووە، بەڵام بەنیازین بەیاننامەیەك لەوبارەیەوە دەربكەین".

نەشمیل محەممەد لەبەر خراپی باری تەندرووستی تەنها چەند قسەیەكی كەمی بۆ (رووداو) كرد‌ و گوتی "تازە دەتوانم كەمێك قسە بكەم، لەبەر خراپی باری تەندروستیم تاوەكو ئێستا نەمتوانیوە سكاڵاش تۆماربكەم".

بەپێی بڕیاری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، لە هەموو یارییەكان و خولەكانی تۆپی پێی كوردستاندا دەبێت دوو كەس سەرپەرشتی یارییەكان بكەن، مەرجە یەكێك لەوانیش راگەیاندنكارێكی وەرزشی بێت.

لەسەر ئەو رووداوە حەیات مەجید، بڕیاردەری لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نەشمیل خان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لەسەر ئەركی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات، چونكە لە نەخۆشخانەكانی ئێرە داوای تیشكێكیان لێكردووە لە كوردستاندا نییە".

حەیات مەجید كە سەردانی نەشمیل محەممەدی كردووە، گوتیشی "خۆی ئەو كەسانە دەناسێتەوە كە لێیانداوە، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی و باشبوونی باری تەندروستیشی سكاڵایان لەسەر تۆماردەكات".

هەریەك لە سەندیكای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان هەڵوێستیان لەسەر رووداوەكە دەربڕی و بەتووندی ئیدانەیان كرد.

لیژنه‌ی وه‌رزشی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئیدانه‌ی ئەو كارەی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی كرد، وێڕای ئەوە هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی سلێمانی كە هیچ گەرەنتییەك بۆ گیانی رۆژنامەنووسان و میدیاكاران نییە: "ئه‌م كرده‌وانه‌ مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین، چه‌ندینجاره‌ په‌لامار و هێرشكردنی هاوشێوه‌ بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان دووباره‌ده‌بنه‌وه"‌.

هاوكات سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان رایگەیاند "هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان هیچ گۆڕانکارییەكی بەسەردا نەهاتووە و وەکو دوژمن مامەڵە لەگەڵ پەیامنێران و وێنەگرانی کەناڵەکان دەکەن".


رووداو 


PM:03:34:19/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌