بەرەو ڕوخانی ژێرخانی فەرهەنگی.!
كامه‌ران سوبحان


ڕۆژانە تارمایی جەنگ لە وڵاتەکەمان نزیک دەبێتەوەو ڕۆژ بەڕۆژیش چاوچنۆکان مەرامی زیاتریان بە داگیرکردنی خاک و ئاومان هەیە و هەر جارەی تەنگەژەیەک دەمانخاتە دڵەڕاوکێ و ترس لە ئایندە، لەم بارودۆخە نا ئاساییەدا ئەوەی لەم هەرێمەی ئێمەدا باسی ناکرێت و کەس بە پولێک نایکڕێت هونەرو فەرهەنگە، هەربۆیە هەر دەستبردنێکیش بۆ ئەو پرسە کورد واتەنی(ئاسنی سارد کوتانە.!) زۆرجار بیر لەوە دەکەمەوە، کە لەماوەی ئەم   ساڵەدا کە تەنگەژەی ئابوری لە هەرێمەکەماندا هەیە، کێ خەمی باسکردنی کتێبیەتی؟ کێ خەمی کۆنسێرت و کردنەوەی پێشانگە و نمایش شانۆ و بەرهەمهێنانی فیلمییەتی؟

 بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەم هەرێمە ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێت فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییە.! ئەگەر نا بۆ ساڵێک لەم تەنگەژەیەدا بە دێرێک باسیان لەو تێکشکان و داڕمانە گەورەیەی ئاپارتمانی ڕۆشنبیریی بە هەمو بەشەکانییەوە دەکرد.بۆیە من بۆخۆم بە قۆناغێکی بێ ئومێدی گەورەدا تێدەپەڕم و پێم وایە ئەوەی بۆ بەرپرسان بایەخی نەبێت لە ئێستادا ڕۆشنبیریی و کتێب و فەرهەنگە، چونکە لە بنەمادا هزری دەوڵەتداری کوردلە هەرێمی کوردستان، لە بودجەی ساڵانەی کەمتر لەلە %١ ی بۆ بواری ڕۆشنبیریی داناوە، لەم ژمارەیەوە دەتوانین بە جوانی هزری دەوڵەتمەدارانی کورد بۆ بواری ڕۆشنبیریی بخوێنینەوە.!

بە دیوێکی تریشدا، ئەم بێ باکییە لە فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی وا دەخوێنمەوە، کە بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی چەوت و تێکشکانێکی گەورەی بواری فەرهەنگ و ڕۆشنگەرییە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش دەرئەنجامی بێ دەنگییەکی قوڵەیە کە ناوەندی ڕوناکبیریمانی گرتووەتەوە. ڕاستە بڕیاری بڕینی بودجەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەگەی مەدەنی و بنکە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان بە دیوێکدا بڕینی بە هەدەردانی پارەی وڵاتە، بەڵام بە دیوێکی تریشدا بڕیارەکە لێدان بوو لە شکۆی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، کارەسات لەوە گەورەتر دەبێت چی بێت دەیان ناوەندی چاپەمەنی کتێب و دەیان تیپ و گروپ و سەنتەری مەدەنی لە سەرەمەرگدان و کەس دەنگیان نابیستێت و هەموی گوێی خۆی لەو هاوارە بەرزە گرتووە.!

 هەڵمەتی بڕینی بودجەی ئەم ناوەندانە ڕۆشنبیریی و مەدەنیانە لە هەرێمی کوردستان تەڕو وشکی پێکەوە سوتاند و چاوەڕوانی ڕووخانێکی گەورەی ژێرخانی فەرهەنگی هەرێمی کوردستان دەکەم. گەر بە ساڵێک ئەو ژێرخانە ڕووخا بێت، بە دەیان ساڵ ناکەوێتەوە سەر ڕیتمی خۆی.! 
 
 
خه‌ندان

PM:01:24:22/05/2015