نامەیەک لە “گۆران”ی شاعیرەوە.!
كامه‌ران سوبحان
بەهۆی زانینی چەند زمانێکی تر، بەدەر لە زمانی دایک، توانی سوود لە ئەدەبی زمانەکانی تر، ببینێت و دنیای شیعریی خۆی پێ دەوڵەمەند کات. هەروەک چۆن پێش ئەم (مەلا خدری نالیی و مەحویی و مستەفا بەگی کوردیی و تا زێوەر و حەمدی)یش، سوودێکی زۆریان لەئەدەبیاتی کۆنی تورکیی بینیی و لە شیعرەکانیشیاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو. (عەبدوڵڵا گۆران)یش، لەژێر کاریگەریی هەمان ڕیتمدا، سوودی لە ئەدەبیاتیی تورکیی و ئینگلزیی بینیوە.

لەم ماوەیەدا، بەشی زۆری شیعرو ئەدەبیاتی "گۆران”م خوێندەوە. ئەم شاعیرە لە ئەدەبیاتی کوردیدا کاری جیاوازی لەسەر کراوە. ئەوەی بۆشاییەکی جێهێشتووە، ئەو گومان و ڕەخنانەیە، لەسەر بەشێ لە دنیای شیعرەکانی دروستکراوە. گوایە شیعرو وێنەی شیعریی شاعیرانی ئەدەبی ئینگلیزی و تورکی کۆپی شیعرەکانی کردووە.! بۆ ڕەواندنەوەی ئەو گومانانە، لە نامەیەکدا بەو زمانەی پێش نزیکەی ٩٠ ساڵ لەمەوبەر، کە خۆی بە "ئوستازی موحتەرەم” دەستیپێکردو بۆ "پیرەمێرد”ی ناردووە، منیش بەهەمان زمان و شێواز، پاش دڵەڕاوکێ و ترس و بەدگومانییەکی زۆر، لەوەی نامەکەی پێدەگات یان نا؟ وەڵامم دەداتەوە یان نا؟ گوڕم دایە خۆم و ئەم نامەیەم بۆ نووسی:(ئوستازی موحتەرەم، جەنابی عەبدوڵڵا بەگ... ڕەنگە بیرتان چووبێت من کێم؟ پێش ئەوەی هیچ بنووسم و هیچ بڵێم، ویستم بە بیرتان بێنمەوە، من ئەو کەسەم کە چەند ساڵێ لەمەوبەر، لەماڵی کاکە حەمەی مەلا کەریم بووم، بەو زمانەی جەنابتان بانگی دەکەن (مامۆستا مەلا محەمەدی مەلا عەبدولکەریم) ئەو ڕۆژە، بەڕێکەوت کاکە حەمە، وەک زێوانی وشەو دێڕە شیعرییەکانت، لە دەریای خەیاڵدا بوو لەگەڵ بەڕێزتان و پرسیاری هەندێ لەو شیعرە دەستنووسانەی لێدەکردی لە زیندان پێتداوەو پاشتر لە نامەیەکدا بۆت نووسیبوو: "حەمە گوڵاویی، گومانم لەهەندێ شیعری خۆم هەیە، لە چاپی نوێی دیوانەکەمدا، ئەو شیعرانە مەخەرە دیوانەکەم.! نازانم، ئێستا یادەوەریتان کۆمەکت دەکات و منت بیردەکەوێتەوە یان نا؟ با نموونەیەکی ترت بیربێنمەوە، کاتێ کاکە حەمە بە دەنگە خۆشەکەی، چامە درێژەکەی "مەولەویی تاوگۆزیی”بە ڕیتمی سیاچەمانەی هەورامی دەچڕیی و لەنیوەیدا دڵی پڕ بوو لە ئاه و حەسرەت و گریان تەواوی نەکردو ئێوەش ئاهێکی قووڵتان هەڵمژیی.! ئەو کەسەی لە پشتییەوە دەرچوو، لە تەنیشتی شیرین خانی هاوژیندا، ئەوە من بووم. پرسیارتکرد ئەو کوڕە"پیران”ی کوڕتانە؟ شیرین خان بە پێکەنینەوە:وتی نا،وەک ئەو وایە.! لەوە زیاتر لەسەری ناڕۆم، دڵنیام بیرتدەکەوێتەوە...

ئوستازی موحتەرەم: هەر شتێ لەسەر دنیای ئەدەبی تۆ نووسرابێت، زۆریانم خوێندووەتەوە. خولاسەی کەلامی نامەکەمت، بۆ دەنووسم و دەیخەمە ناو چوارچێوەی ئەم کەوانە داخراوەوە:
(هەندێ شتم بەرچاوکەوتووە، باس لەوە دەکرێت، بەشێ لە شیعرەکانت لەژێر کاریگەریی ئەدەبی ئینگلیزیی و تورکییدا نووسیووە. ئەمە جگە لە سەرسامیی زۆرتان بە ئەدەبیاتی هەورامی و شیعرەکانی مەولەوی هەیە، ئایا ڕاستی و دروستی ئەمە چۆنە؟ لەم دەریای گومان و دڵەڕاوکێیە ڕزگارمکە.!)

پاش چەند ڕۆژێ، لە نامەیەکی کورتدا (گۆران)ی شاعیر، وەڵامی داومەتەوە، وەڵامێ پڕە لە نیگەرانی و جۆرێ لە نائومێدیو دەنووسێت:(سڵاو کامەران سوبحان.. یادم دەکەوێتەوە. لە فیلمە دیکۆمێنتەرییەکەی کاکە حەمەی هەرمێ گوڵاویش دەرکەوتوویت و دەزانم کێیت. سەبارەت بە پرسیارو گومانەکانت، نیگەران نیم، ئەگەر دیوانی سەرجەم شیعرەکانمت خوێندووەتەوە؟ تەماشای ل٨٢ بۆ ل٨٥ بکە. چوار شیعری تێدایە، نوسیومە (لاسایی ئەدەبی عوسمانی) لەپێش ئەو شیعرانەشدا، پێنج شیعری غەزەلیاتی کۆنی تێدایە. هەموو ئەو دیوانە شیعرییانەم بگەڕێ. یەک دێڕو وشە نادۆزیتەوە لە ئەدەبیاتی هیچ گەل و زمانێکی ترەوە وەرمگرتبێت.! بۆچی لە بابەتاهیری هەمەدانییەوە، بۆ شاعیرانی ئێستای ئەدەبی کوردی، یەک شاعیر هەیە گەر زمانزان بووبێ سەرسام نەبووبێ بە ئەدەبی گەلێکی تر؟ لە ئەدەبی عەرەبیشدا(ئەحمەد زەکی و میخائیل نیعمە و ئەحمەد شەوقی و بەیاتی) سەرسام بوون بە ئەدەبی ئینگلیزیی و فەڕەنسی. شاعیرانی تورک و فارس و نەتەوەکانی تریش، بەهەمان شێوە. بەڵام بەداخەوە میللەتەکەی من، ئەمە بۆ من بەڕەوا نابینن.! تا لە ژیاندا بووم، تۆمەتی "بەدرەوشتی و دزی”یان بۆ هەڵبەستم، پاشتریش زیندان و ناڵەو ئازارو خەفەتیان تووشی شێرپەنجەی کردم و لە٥٩ ساڵیدا، لە بەهاری شیعر نووسیندا ناردمیە ژێر گڵ.! چیتر ماوە؟... ڕێزی گۆران.)

کاتێ ئەم نامەیەم پێگەیشت، چەندجارێ خوێندمەوە، نیگەرانییەکی قوڵ دایگرتم.(کەمێ بێدەنگیی)دیوانەکەیم جارێکی تر خوێندەوە. ئەو چوار شیعرەی کە ئاماژەی پێداوە ئەمانەن:(کەنیشکە جوانەکە، مەدەنییەت، سێبەری هیوا، ژن)ئەو شیعرانە، بەراورد بە شیعرەکانی تری خۆی، کە بۆن و بەرامی خەیاڵ و وێنەکانی ناخی خۆیەتی، کەمتر چێژبەخش و کاریگەرن.!

AM:06:16:30/03/2019