پێویستبوو به‌ڕێوه‌به‌ری ( NRT ) به‌كه‌فاله‌ت ئازاد بكرێت!
به‌داخه‌وه، ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌یه‌ری ته‌له‌فزیۆنی (NRT) كه كه‌ناڵێكی سه‌ربه‌خۆیه، له‌لایه‌ن دادوه‌ری دادگای كه‌لاره‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و له‌به‌رامبه‌ردا په‌یامنێره‌كه‌یان كه ١٤ رۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو ئازادكرا. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی به‌ڕێوه‌یه‌ری كه‌ناڵه‌كه‌یه كه به‌هه‌موو پێوه‌ره یاساییه‌كان دادوه‌ر ده‌یتوانی یان وا پێویست بوو به كه‌فاله‌ت ئازادی بكات.
به‌پێی یاسا ده‌ستبه‌سه‌ركردن بۆ چه‌ند حاڵه‌تێكی تایبه‌ته له‌وانه كاتێك تۆمه‌تبار تاوانێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجامدابێت و مه‌ترسی هه‌ڵهاتنی لێبكرێت، وه‌ك دزیكردن، دروستكردنی مه‌ترسی بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، یان تاوانی تیرۆر و كوشتن، جگه‌له‌وه بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردن له‌حاڵه‌تی دڵنیانه‌بوون له‌پێگه‌و شوێنی مانه‌وه‌ی تۆمه‌تبار ده‌رده‌كرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئاوات عه‌لی به‌ڕێوه‌یه‌ری ته‌له‌فزیۆنی ( NRT) هیچ كام له‌و مه‌رجانه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ناكرێت و خودی كه‌یسته‌كه‌ش كه ته‌نها ( ته‌شهیركردنه) ئه‌وه‌نده مه‌ترسیدار نیه كه پێویست به‌و بڕیاره هه‌بێت.
لێره‌وه ده‌ڵێم به‌داخه‌وه به‌دیوێكی تردا ئازادكردنی په‌یامنێره‌كه و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی به‌ڕێوه‌یه‌ری كه‌ناڵه‌كه له هه‌مان كاتدا واده‌كه‌وێته‌وه كه په‌یامنێره‌كه وه‌ك بارمته هێڵراوه‌ته‌وه و له‌م كه‌یسه‌دا بڕیاره‌كه زیاتر ئاماژه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و میزاجی شه‌خسی پێوه دیاره نه‌ك بڕیارێكی یاسایی و بێلایه‌نانه.
لێره‌وه داوا له ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كه‌م به‌ڕێوه‌یه‌ری ته‌له‌فزیۆنی ئێن ئاڕ تی ئازاد بكات و له‌هه‌ر جۆره بڕیارێكیشدا رەچاوی یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی له هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
NRT