هاوڕێیان ئەمیش ئەڕوات
ئاسۆس هەردی

ساڵ بە ساڵ دۆخی رۆژنامەگەری‌و ئازادیی بیروڕا دەربڕین لە هەرێمێ کوردستاندا بەرەو خراپتر دەڕوات. سەرباری گوشارو هەڕەشەو پێشێلکارییەکانی ساڵانی رابردوو، ئێستا هەست دەکرێت بە پلان‌و بەرنامەیەکی ئامادەکراو کار بۆ کۆتایی هێنانی یەکجاری بە میدیای ئازاد دەکرێت. لەم پلانە تازەیەداو لەم دۆخە ئابوورییە وێرانەی وڵاتدا سەرباری بەردەوامیی گوشارەکانی رابردوو، شێوازو ئامڕازی نوێش بەکار دەهێنرێت.
 
 
پێشترو لەچەند شوێن‌و بۆنەیەکی جیاوازدا باسی ئەوەم کردووە کە هەلومەرجی یەکسان بۆ ململانێیەکی پیشەییانە لەبازاڕی میدیای کوردستاندا بوونی نیە، چونکە گرووپێک لە میدیای حیزبی‌و سێبەرمان هەیە، پێش ئەوەی ململانێ لەسەر بەرهەمی رۆژنامەوانی بکەن، شەڕ بەو پارە بێ حسابە دەکەن کە خراوەتە بەردەستیان. ئەمەش تەنها لەوەدا کورت نابێتەوە کە تازەترین ئامێرو تەکنۆلۆجیای پەخش‌و بڵاوکردنەوەی سەردەمیان لەبەردەستایە، هەر بەوەندەش کۆتایی نایەت کە بەو پارە زۆرە لەهەموو سوچێکی ئەم وڵاتەو بگرە لە زۆرێک وڵاتی جیهانیش کارمەندو ئۆفیسیان هەیە، هەر ئەوەش نیە کە دەسەڵاتداران هەمیشە گرنگترین زانیارییە حەساسەکانیان دەخەنە بەردەست‌و دەتوانن بێ رێگری بگەنە هەموو شوێنێک... سەرباری هەموو ئەمانەش، لەبۆسەدا دانیشتوون‌و لەم "بێ مووچەییە"دا بە "مووچەی بەرز" ئەو رۆژنامەنووسانە راودەکەن کە لە میدیای ئازاددا پێدەگەن (بەم دواییانە میدیای کۆمپانیاو سەرمایەدارەکانیشی هاتوەتەسەر، کە ئەمەیان بەجیا قسەی زۆر هەڵدەگرێت). من گلەییم لە هیچ یەکێک لەو گەنجانە نیەو بە مافی رەوای خۆیانی دەزانم لەم دۆخە ناهەموارەدا بیر لە ژیانی خۆیان بکەنەوە. کێشەکە لەوەدایە سەرچاوەی ئەو پارە خەیاڵییە جگە لە گەندەڵی هیچی تر نیە. ئاخر لە دۆخێکدا کە خەڵک خەمی نانی منداڵەکانێتی، حیزب‌و بەرپرسە حیزبییەکان ئەو پارە زۆرە لەکوێ دێنن؟
وەک ئەوەی هەموو ئەو کێشانە هێشتا کەم بن، شەڕێکی تریش ئەمڕۆ یەخەی بە میدیای ئازاد گرتووە کە رەنگە بتوانم ناوی بنێم شەڕی ئەلکترۆنی. لەماوەیەکی زۆر کەمدا، ژمارەیەکی زۆر ماڵپەڕی ئەلکترۆنی (کە دەبێ ناویان بنێی ماڵپەڕی سێبەر!) هەڵتۆقیون کە مرۆڤ تەنانەت فریا ناکەوێ ناوەکانیان لەبەر بکات. ئەمانە جگە لە هەواڵە چەواشەکارییەکانیان، بەردەوام میدیای ئازادیان کردۆتە ئامانج. هەر ئەوەندەش نیە، بەڵکو سەدان‌و بگرە هەزاران لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیدا بوون، کە هیچ کارێکیان نیە جگە لە هێرش کردنە سەر میدیای ئازادو خەڵکانی چالاک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا. هەرچی "هونەری!" تەکنۆلۆجیایە بەکاری دێنن بۆ هەڵبەستنی درۆو ناشرینکردنی نەیارەکانیان.

هێشتا ماوە!
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هێرشێکی ئەلکترۆنیی (لە بابەتی ئەوانەی دەزگا جاسووسییەکان بەکاریان دێنن) ماوەیەکی زۆرە تەنگی بەو چەند ماڵپەڕە ئازادە هەڵچنیوە کە بە دڵی ئاغاکان کارناکەن.
ئایا هەموو ئەمانە رێکەوتن؟ بێگومان نەخێر. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن پلانێک هەیە بۆ کۆتایی هێنانی یەکجارەکی بە میدیای ئازاد.

بەڵام دەمەوێ هاوڕێ رۆژنامەنووسەکانم لەوە دڵنیا بکەمەوە، ئەمەش گەمەیەکی ترەو زۆر نابات جگە لە شکست هیچ چارەنووسێکی تری نابێ. نە سەردەم سەردەمی سەرگرتنی سەرکوتکردنە، نە کۆمەڵگەی کوردستانیش وا بە ئاسانی تەسلیم دەبێ. ئەمەش قەیرانێکە، چەند ئازاریشمان بدات، دڵنیام هەر تێدەپەڕێ. بۆیە پێتان دەڵێم خۆڕاگربن‌و دڵنیابن وەک فارس دەڵێ "این هم می گذرد": ئەمیش ئەڕوات.
ئەم نووسینە لە گۆشەی (پەنجەرە)ی ژمارەی ئەمڕۆی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە.
AM:09:11:26/04/2016