خەندان بە پێشەنگی دەمێنێتەوە؟
چرۆ شەهاب



میدیای كوردی لە رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانەكان دووچاری گرفت و كێشەی زۆر بووە و وەك ئاشكرایە میدیای پرنت لە پاشەكشەیەكی گەورەدایە، پاشەكشەی ئەمیش بێگومان بەشێكی زۆری بۆ میدیای بەدیل دەگەڕێتەوە كە میدیای ئەلەكترۆنیەو لەنێو میدیای ئەلەكترۆنیشدا وردبۆتەوە بۆ ئەپەكانی تایبەت بەومیدیایانە و بێگومان سۆشیاڵ میدیاش بەشی زۆری میدیای ئەلیكترۆنی قۆرخكردووە بۆ خۆی.

لەم نێوەندەدا بە پێویستم زانی بەتایبەتتر لەم نوسینەمدا تیشك بخەمەسەر خەندان وەك میدیایەكی ئەلیكترۆنی و  پێشەنگی ئەم میدیایە لە چاو میدیا ئەلەكترۆنیەكانی كە، پێشەنگی لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟ خۆی لە ئەسبەقیەی پەخشی هەواڵێك یان راستگۆیی لەپەخشی هەواڵەكەیە؟ ئەمە بێگومان دووپرسە پێویستی بە هەڵوێستە لەسەركردنە.

ئەسبەقیە یاخود پێشەنگی لە پەخشی هەواڵێك یەكێكە لەو فاكتانەی كە میدیای سەركەوتوو و دیار لە بواری میدیادا پێشەنگی خۆی دەسەلمێنێت و لێرەدا پەیوەندیەكانی خۆی رێكبخات لەگەڵ سیاسەتمەداران و حكومەت و كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكان، ئەم خۆ رێكخستنە  لەدەستپێكدیدا خۆی لە بوونی متمانە دەبینێتەوە، چونكە لەدەستدانی متمانەی میدیایی دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی بەدەستهێنانی زانیاری كە ئەمیش بەكۆڵەكەی دەزگاكە دادەنرێت، لێرەدا دەتوانم بە و ئەزمونەی لەگەڵ سایتی ئەلەكترۆنی خەندان بەندە هەیەتی بڵێم متمانە بوونی هەیە، رەنگە ئەمەش زۆرجار بوبێتە هۆی ئەوەی بەجۆرێك لە جۆرەكان قورساییەكی گەورە بكەوێتە سەرشانی ستافی ئەم سایتە لە پێدانی زانیاری تەواو، چونكە ئەمڕۆ لای هەموان ئاشكرایە كە زۆرێك لە سایتە ئەلەكترۆنیەكان پەنادەبەنە بەر گەورەكردنی هەواڵێك یاخود تەنانە خۆیان لەتەشهیركردن نزیك دەكەنەوە لە هەواڵێكدا هەربۆ ئەوەی سایتەكەیان زۆرترین خوێنەری هەبێت، كە بێگومان نازانن خوێنەر جارێك و دوو جار و سێ جار بەو تاكتیكە هەڵدەخەڵێت بەڵام لە جاری چوارەم پەنا بۆ سایتێكی كە دەبات و تاقی دەكاتەوە، بۆیە گرنگی خەندان لێرەدا وەدیدەكرێت كە تاڕادەیەك خۆی لەم جۆرە تاكتیكە ئەلەكترۆنیە پاراستووە.

ڕاستگۆیی لە پەخشی هەواڵ تەوەرێكی تری باسەكەیە، لێرەدا ئەركی قورسی نوسەرانی سایتی خەندان دەردەكەوێت كاتێك لە پەلەكردن لە پەخشی هەواڵێك و بەكارهێنانی پێشەنگی، كە پێشەنگی بە پەنجەمۆری خەندان دەناسرێتەوە، دەبینین بەهەمان شێوەی پێشوو لە هەوڵی بەردەوامن كە بتوانن راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانیان بكەن، بەڵام ئایا راستگۆیی بەتەنها بەسە بۆ ئەوەی هەواڵێك بڵاوبكەینەوە؟ لێرەدا وا پێویست دەكات كە گرنگی بە كات و شوێنی بڵاوكردنەوەكە بدەن یاخود بزانن كامە هەواڵە كە دەبێت راستگۆیانە بڵاوی بكەنەوە، ئەم قسانەم بەو مانایە نایەت كە پێویست بێت هەواڵ بە راستگۆیی بڵاونەكرێتەوە بەڵكو تەسنیفكردن یاخود ریزبەندكردنی جۆری هەواڵەكە لە بڵاوكردنەوە كەدا دەبێت رەچاوبكرێت، بە نمونە هەواڵەكانی بەرەكانی جەنگ و رووبەڕوو بوونەوەكانی دژ بەتیرۆریستان، كە واپێویست دەكات لەگەڵ پێشەنگیەكەیدا رەچاوی بەرەكانی جەنگ بكرێت، كە بەداخەوە بۆ خۆم چەند حاڵەتێكی زۆر كەمم بەدیكردووە لە سەرەتاكانی جەنگی پێشمەرگە بەرامبەر بەتیرۆریستان كە بێگومان ئەم هەڵەیە نەك خەندان بگرە سەرجەمی میدیای كۆردی گرتبوویەوە تا وایلێهات لە رێگەی نوسینی نوسەران و ئەكادیمیەكان و میدیاكارانی دەرەوەی میدیاكان هەڵمەتێكی گەورەی بەئاگاهێنانەوەی میدیاكان بۆ سەر هێڵێكی دروستتر لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانیان و رەچاوكردنی بارودۆخی پێشمەرگە ئەنجامدرا.

بەڵێ‌ دەكرێت بڵێم خەندان لە پێشەنگی و راستگۆییدا باجی خۆشی داوە، چونكە ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی شلۆقدا مامەڵە دەكەن .

بەپەلە لەخەندانەوە، بەپەلە و نها و ئێستا و هەرئێستا لە میدیای ئەلەكترۆنیدا وەك گڵۆپە سورەكەی سەر ئەمبوڵانسەكانی لێهاتووە و خەندانیش بەهەمان شێوەی میدیاكانی كەوە لەو بەپەلەیە بەشدارە، بەڵام بە پەلەكانی ئێستا تەنها بۆ موچەو  كۆبوونەوە پێنج قۆڵی و چوار قۆڵی و تا دەگاتە دوو قۆڵی و چەند هەواڵێكی كە، لێرەدا بەپەلەكان زۆر جار بە دوو بۆ چوار وشە تەواو دەبێت و كە هەواڵەكە دەكەیتەوە تەنها نوسراوە زانیاری زیاتر بڵاو دەكەینەوە كە ئەمە بە جۆرێك دەبێتە هۆی لە دەستدانی خوێنەر و باڵانسی خوێندنەوە بەرەو دابەزین دەبات بۆیە باشترە بۆ خۆلادان لەم گرفتە بەردەوام لە بەشێكی سەرەوەی سایتەكە شوێنێك بۆ ئەو بەپەلەیە هەبێت كە دەبێتە هۆی بەرچوبوونی هەواڵە بەپەلەكان و دەشكریت بەچەند وشەیەك هەواڵەكە بنوسرێت.

لەكۆی خوێندنەوەم بۆ سایتە كوردیەئەلەكترۆنیە هەواڵیەكان ریزبەندیەكم بۆ دروست بووە كە كە سەرەتا خەندان پاشان PUK MEDIA و دواتر SNN و پاشان ئەوانیتر.

ئەگەرچی خەندان یەكێكە لە سایتە ئەلەكترۆتیە پێشەنگەكان بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە تاسەر وا بمێنێتەوە ئەگەر بەردەوام لە خۆ نوێكردنەوەدا نەبێت، چونكە ئەمڕۆ رۆژی میدیای ئەلەكترۆنیەكانە كە بەردەوام  زۆر دەبن و سایتی نوێ دەكرێتەوە و خەڵكی ئێمەش وای لێهاتووە بەدوای شتی تازە دەڕوات، بۆیە گرنگە نوێبونەوە و گۆڕانكاریەكان لە شێوازی پەخشی هەواڵ و جۆری هەواڵ و داڕشتنی هەواڵ بەردەوامبێت لە سەرو هەموشیانەوە رێكخستنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ نووسەرە دیارەكان و بڵاوكردنەوەی وتارەكانیان وەك یەكەم جێگە  لەخەندان و بەسەركردنەوەیان لە كاتە پێویست و بۆنەكاندا بە نامەیەك لە سایتی خەندانەوە بۆ نوسەرەكانیان .

كردنەوەی ئەو مەلەفە گرنگانەی كە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە باری بژێوی ژیانی تاك لە كۆمەڵگە بەهەمان شێوە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە .

 
 خەندان


AM:04:50:20/09/2015