ئەتەكێتی پرێس كۆنفرانس
چرۆ شەهاب
لەماوەی ڕابردوودا و لەبونی ململانێی سیاسی نێوان پارتەكان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردن و ڕێككەوتنی سیاسی و بونی گلەیی و گازەندەی سیاسی لە چۆنێتی بەڕێوەچونی پرۆسەكە و گومان و قسەكردن و لەسەر پاكی و ناپاكیەكەی، زۆر كەسی سیاسی و وتەبێژ و سەرۆكی قەوارەو سەرۆكی پارتی گەورەو بچوك و تازەو كۆنی ناوچەكە، كەوتنە بەر بەستنی دەیان پرێس كۆنفرانس لەسەر هەمان بارو دۆخی سیاسی، تائێرە ئاساییە هەركەسێكی سیاسی لەپێناو بەدەستهێنانی هەست و سۆزی جەماوەرەكەی و فڕێدانی هەندێك دەستەواژە و زانیاری ئەگەر چی هەندێك جار زانیاری ناتەندروستیش فڕێدەدرایە نێو بازاڕی میدیاوە ، بەڵام گرنگ بوو بەتایبەتی بۆ ئەو كەسایەتیە سیاسیانە كە وریاییانەترو بە سادەییانە پرێس كۆنفرانسەكانیان تێبپەڕاندایە.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بۆمن كە لەسەر ئەم بابەتە بنوسم ئەوەبوو لەم ماوەیە زۆرترین پرێس كۆنفرانسم دەبینی لەڕێگەی شاشەكانی تەلەفزیۆن و هەندێكیش لەڕێگەی لایڤی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان، بەوردی دیقەتی قسەكەر و پەیامنێرەكانم دەدا، من كارم لەسەر ئەدای كاری پەیامنێرەكان نییە، چونكە ئەوان ئەوە ئیشی خۆیانە و بەردەوام بە دوای زۆرترین زانیاریدا دەگەڕێن، بەڵام كاتێك كاكی پرێس كۆنفرانس چی، دێتە بەردەم ڕیكۆردەر و مایكی كەناڵەكان غرور دەیگرێت و تەنها ئەوەی خۆی دەیەوێت دەیگەیەنێت و گوێ لە پەیامنێرەكان ناگرێت پرسیار بكەن و دەڵێت وەڵامی هیچ پرسیارێك نادەمەوە، وەك ئەوەی پێیان وتبێت بڕۆ ئەو چەند وشەیە فڕێبدە و ڕێگەی پرسیار و وەڵام مەدە.

ئەمەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا گەیاندمیە ئەوەی كە چەند سەرەقەڵەمێك لەبارەی ئەتەكێتی پرێس كۆنفرانس بخەمە بەردەم خوێنەر.

پرێس كۆنفرانس گرنگی خۆی هەیە بۆ سەرجەم دامەزراوە گشتی و تایبەت و ڕێكخراوو پارتە سیاسیەكان، لە ڕوی گرنگیەكەوە دەتوانرێت ڕای گشتی بۆ دامەزراوەكەت ڕابكێشیت، لەڕوانگەی زانستخوازانی بواری پەیوەندیە گشتیەكانەوە لەڕووی ئەتەكێتی كەسی كۆنفرانس بەڕیكار، ئاماژە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكرێت:
یەكەم: پرێس كۆنفرانس كاتێك دەبەسترێت كە هەواڵێكی گرنگ هەبێت و نەتوانرێت لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە بخرێتە نێوبازاڕی میدیاوە.

دووەم: لەبەر گرنگی بابەتەكە، هەل دەڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی پرسیار و وەڵام لەنێوان پەیامنێران و كەسی بەڕێكاری پرێس كۆنفرانسەكە دروست ببێت.

سێیەم: لەڕوانگەی گرنگی هەواڵ یاخود زانیاری یان ئەو بابەتەی نمایش دەكرێت ، دەشێت لایەنی وەڵامدەر ڕێگە بە دروست بونی گفتوگۆی پەیامنێران بدات و بۆ هەر پرسیارێكیان وەڵامی گونجاوی هەبێت، لەكاتێكدا وەڵامی نەبوو بۆ پرسیارێك یاخود بەپێویستی زانی وەڵامی پرسیارێك نەداتەوە دەبێت زۆر بە سانایی بڵێت زانیاری دروستم لەو بارەیەوە نییە و هەوڵدەدەم لە نزیكترین دەرفەت زانیاری دروسست بۆ بەردەست بخەم، و بە شێوازێكی دیبلۆماسیانە خۆی ڕزگار بكات.

چوارەم: ئەگەر تەنها بابەتەكەی خۆی نمایش كرد و ڕێگەی بە پرسیاری پەیامنێرەكان نەدا، ئەوە باشتر وایە هەر لەبنەڕەتدا پرێس كۆنفرانسی ئەنجام نەدایە، چونكە بە هەموو پێوەرێكی زانستی ئەم شێوازە ناچێتە بواری پرێس كۆنفرانسەوە.

لایەنێكی گرنگی تری پرێس كۆنفرانس ئەوەیە كە ڕۆڵی پردی پەیوەندی دەبینێت لەنێوان توێژەكانی جەماوەر و ڕای گشتی.

كەواتە بۆ ئەوەی دامەزراوەكان نەكەونە ژێر پرسیاری كەسانی نەشارەزا لە ئەنجامدانی پرێس كۆنفرانسەكان پێویست دەكات، ئەوكەسەی هەڵدەستێت بە ئەنجامی ئەم كارە، پێویستە كەسێكی زیرەك ودیبلۆماسی و گوێگرێكی باش بێت لەگەڵ ئەمەشدا توانای لەخۆگرتنی بابەتەكانی هەبێت كە لێوەی ئەدوێت، هەروەها لەڕوی جل و بەرگ و پۆشین و وەستان و دیقەتتدانەوە ورد بێت، و توانای ئامادەبون وتەعبیركردن و كورت كردنەوە و پوختی بابەتەكان زۆر شارەزابێت.

لەگەڵ هەموو ئەوانەی باسكران گرنگە ئەو كەسانەی بەردەوام لەبەردەم كامێراو ڕیكۆردەر و وێنەگرانی فۆتۆگرافەرانەوەن و خەریكی پرێس كۆنفرانس و لێدوانن كەسانێكبن پەیوەندی شەخسی و سیاسی و ڕۆحیان لەگەڵ ئەم توێژەدا بەهێز بێت و هیچ كاتێك بەلوت بەرزی و لەخۆباییەوە مامەڵە لەگەڵ میدیاكاراندا نەكەن، چونكە زۆر جار هەر مامەڵەیەكی پێچەوانە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەدای كارو چالاكیەكانیان دروست دەكات.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:04:52:26/05/2018