له ده‌وڵه‌تی عوسمانلیدا وه‌زیفه‌ی مه‌كتوبچی هه‌بوو. ئیشه‌كه‌ی سانسۆركردنی رۆژنامه‌كانی سه‌ڵته‌نه‌ت بوو پێش ئه‌وه‌ی بڵاوببنه‌وه. به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌مدا رۆژنامه‌كان بۆیان نه‌بوو هه‌واڵی مردنی قه‌یسه‌ر و سوڵتانه‌كانی دونیا بڵاوبكه‌نه‌وه. قه‌ینا قه‌یسه‌ری روسیا‌و پادشای ئینگلته‌را دوژمنی خه‌لافه‌تن و ئه‌هێنێ خه‌ڵك به مردنیان دڵخۆش بێت، به‌ڵام چۆن ده‌بێ خه‌ڵك ئه‌و هه‌والانه بزانن و به‌راورد بكه‌ن داخۆ قه‌یسه‌ری خه‌لافه‌تیش كه‌ی ده‌مرێت؟
ئه‌مه حیكایه‌تێك بوو هی سانسۆری سوڵتانی كه حیكایه‌تی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی توركیای وه‌بیر هێنامه‌وه. ئاخر چونكه له‌وێ ده‌یه‌یه‌ك باسی نیو عوسمانلی ده‌كرێت ئاساییه دیارده‌كانی مه‌كتوبچی سه‌رهه‌ڵبداته‌وه، ئه‌م یارییه هه‌م یاریی سوڵتان و هه‌م دیاری رۆژنامه‌كانیشه.
سه‌ركۆمار ره‌خنه‌ی هه‌یه كه له رۆژنامه‌كان هه‌واڵی حوكمی له سێداره‌دانی سه‌پێنراو به‌سه‌ر محه‌مه‌د مورسیدا وا داڕێژراون هیچ ئیدانه‌یه‌كی تێدا نییه بۆ حكومه‌تی قاهیره. سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵوش ره‌خنه‌ی له میدیاكان گرت، چونكه هه‌واڵی حوكمدانه‌كه‌یان وا بڵاوكردۆته‌وه تانه‌و توانج بێت بۆ سه‌رۆك ئه‌ردۆگان.
ئۆغڵو گوتی: چیتر سه‌رۆك كۆمار یان سه‌رۆك وه‌زیران له توركیا له سێداره نادرێن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌زموونی له سێداره‌دانی مه‌رحوم عه‌دنان مه‌نده‌ریس كه كوده‌تای سوپا له ساڵی 1960 دا حوكمی خنكانی به‌سه‌ردا سه‌پاند.
باشه خاوه‌نی تێزی نیو عوسمانلی و قووڵایی ستراتیژی ساین ئۆغڵو گله‌یی له چی بڕگه‌یه‌كی هه‌واڵه‌كه‌ی ئاژانسی (دۆغان) هه‌یه؟ نووسیویانه: بڕیاری له سێداره‌دان بۆ مورسی ده‌رچووه كه 52%ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشووی میسری هێناوه. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ رێژه‌ی 52%ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی توركیا كه ئه‌ردۆگان به‌م رێژه‌یه بۆته سه‌رۆك كۆمار!
به‌ڵام رۆژنامه‌كانی توركیا ئه‌م هێمایه‌یان له كوێوه هێنا وا سانسۆری مه‌كتوبچی وێنای مورسی و ئه‌ردۆگانی ئاوێته كردووه؟
ڕاستی ئه‌م وێنایه هی ئه‌ردۆگان خۆیه‌تی. خۆی هێمای وا ده‌دات كه سوڵتانی عوسمانلییه بۆیه درامایه‌ك له‌سه‌ر سوڵتانی پێش پێنج سه‌د ساڵ (درامای حه‌ریمی سوڵتان له‌سه‌ر سوڵتان سلێمانی قانوونی) ده‌بێته درامای تانه و ته‌شه‌ر له ئه‌ردۆگان كه خۆی به سوڵتان ده‌شوبهێنێت.
ئه‌م به‌زمه له‌و به‌زمه‌وه دێت كه ئه‌ردۆگان خۆی به مورسی ده‌شوبهێنێت كه ده‌ڵێ «منیش» له‌وه‌ته‌ی هاتوومه‌ته ناو سیاسه‌ته‌وه كفنی خۆم پۆشیوه‌و منیش كاتی خۆی له‌سه‌ر به‌یته شیعرێك دادگایی كرام. ئه‌م به‌رجه‌سته كردنه ئه‌و مانشێته سه‌رنجڕاكێشه‌ی رۆژنامه‌كه‌ی توركیای لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
حه‌تمه‌ن واشی لێ دێت كه ئه‌و نیو عوسمانلییه نیو مه‌كتوبچی دێنێته كۆڕی سانسۆره‌وه: مردنی قه‌یسه‌ر هه‌واڵی بڤه‌یه، حوكمی سێداره‌ش هه‌روه‌تر.
کوردستانی نوێ