(مت) شتێك بنوێنە
ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
«مت شتێك بڵێ» یان «شتێك بكە»، یان وەك چارەسەری مامناوەندی (مت شتێك بنوێنە)، ناوی شانۆگەرییەكی عەزیز نەسینە. كە بۆ دۆخی مت ‌و مات ‌و مەیوی عیراق دەست دەدا. هەموو وشەكان دۆست و خزمی یەكتریشن. «مت» ناوی شانۆگەرییەكەیە كە بۆ نمونە هێناومەتەوە ‌و ناوەڕۆكەكەی لەسەر ئەو دۆسێیە نییە كە لە عیراق هەیە، بەڵام «مت» بە عەرەبیش بە واتای ئەمر و راسپاردەی (بمرە) دێت كە خزمی «مات» و مەلولی و (مت)بوونیشە.

دۆخەكە لە كوردستان و لە بەغدا كە پایتەختی مات و متی عیراقی تائێستا فیدرالییە. لە دۆخی پێكوتەیەكی مت و مەیندایە. حكومەتی عیراق هێشتا تەكامولی نەكردووە ‌و لەنۆبەتی سوێندی یەكەمی وەزیرەكاندا گیری خواردووە و ئیتر (مت) بووە. حكومەتی كوردستانیش دوای هەڵبژاردن لە دۆخی كاربەڕێكردندا ماوەتەوە ‌و سەرەڕای جموجۆڵی لایەن و هێزەكان، هێشتا پێكهاتەی نوێی متە و نەمەیووە.

ئەم مت و ماتی و مەینە هەر لە پایتەختەكاندا نییە كە كاتی دەوێت لە نێوان كورد و شیعە و سوننەدا، بەڵكو لە سێ وێستگەی گرنگیشدا هەروایە:
لە كەركوك كە جێی داخوازیی كوردە، چەقی بەستووە و مات و مت و مەلولیشە.

لە موسڵ كە جێی داخوازیی سوننەیە، لەوەتەی داعش دەركراوە، پێكوتەی چارەسەری سیاسی دەكا و هیچ دیارنییە قۆناغی پۆست داعش چۆن دەبێ؟ ئاوسە بە موسڵێكی نوێ، یان داعشێكی نوێ، جێی كۆنەكە دەگرێتەوە؟.

لە بەسرە كە قیبلەی مورادی ناڕەزایی شیعەیە، هێشتا باعیسی تەنگژەی داخوازییەكانی خەڵك چارەسەر نەكراوە و دیارنییە ئاییندەی بەندەری نەوت لە كام بەندەر دەگیرسێتەوە؟.

دیمەنەكە وایە: دوو پایتەختی وڵات داخۆ چی گرێبەستێك دەبەستن و سێ كوچكەی سۆپەر پارێزگاكانیش لە كەركوك و موسڵ و بەسرە، چۆن قۆناغی شۆك تێدەپەڕێنن؟.


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:05:05:26/11/2018