میدیاش بێ بەری نیە
ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
نه‌بوونی لێپرسینه‌وه‌و دانپیانان و پێداچوه‌نه‌وه‌ به‌كارو كرده‌وه‌، راست و چه‌وتییه‌كان، هه‌ر خه‌سڵه‌تێكی ناو ژینگه‌ی‌ سیاسی كوردستان نییه‌، به‌ڵكو خه‌سڵه‌تێكی كایه‌ی میدیایی كوردستانیشه‌، جا یان هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ ژینگه‌ سیاسییه‌كه‌ كایه‌ی‌ میدیاشی ئاڵوده‌ كردووه‌، یاخود ئه‌وه‌یه‌ كایه‌ی‌ میدیا هه‌ر خۆی‌ حه‌زی له‌و به‌زم و ره‌زمه‌یه‌، چونكه‌ هێشتا پته‌و و دامه‌زراو نییه‌، وه‌كو عادل ئیمام له‌فیلمه‌كه‌دا ده‌ڵێت؛ من ئاماده‌م له‌رێ لابده‌م، به‌س كه‌س نییه‌ رێنوینیم بكات!

كایه‌ی‌ میدیا له‌كوردستان كه‌ له‌گه‌لێك جومگه‌دا ره‌خنه‌گره‌و تانه‌ له‌هه‌موو كایه‌كانی تر ده‌دات، خۆشی هه‌مان ده‌ردی هه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌ڵناگرێ، دانپیانانی تێدا نییه‌و زۆر كه‌میش پێداچوونه‌وه‌ به‌ره‌فتارو كرداری خۆی‌ ده‌كاته‌وه‌.

به‌رپرسیاریتی ئه‌مبه‌رو ئه‌و به‌ر كردن، زاڵكردنی دید‌ی‌ شه‌خسی به‌سه‌ر ئه‌ركی پیشه‌ییدا، وێناكردنی روانینێك بۆ ئه‌م هێزی سیاسی‌و ئه‌و هێزی سیاسی و دواتر موحاسه‌به‌كردنی واقیعی دژوار له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و وێناكردنه‌ به‌رجه‌سته‌ ناكات له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ كاكم موحاسه‌به‌ی‌ وێناكردنه‌ هه‌ڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بكات.

روو ده‌دا ره‌وت‌و كه‌سێتییه‌كان له‌میدیای كوردی، له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورت یان درێژدا، به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌م كه‌موكوڕییانه‌ دووباره‌و سێ باره‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵوه‌سته‌و راوه‌ستانێکامان نەبینی، میدیاكاری كوردو سه‌كۆی‌ میدیای كوردستانی ئەوەندە چاوی تیژه‌ بۆ دیتنی كه‌موكوڕی كایه‌كانی ترو كه‌موكوڕی هاوپیشه‌كانی له‌ دامه‌زراوه‌كانی تر ئه‌وه‌نده‌ حزووری‌ خۆی‌ نابینێ، دیاره‌ ئه‌م نوقرچه‌ هه‌مووان ناگرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆچی هه‌ر ده‌بێ هه‌موو جار حاشا حزوری بكه‌ین بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی‌ ره‌خنه‌یه‌ك یان خۆ لادان له‌وانه‌ی‌ حه‌زیان به‌ڕه‌خنه‌ نییه‌.

خۆده‌كرێ ئه‌وانه‌ی‌ قسه‌ رووی له‌وان نییه‌ هه‌ر خۆیان نه‌یهێننه‌ سه‌ر خۆیان و ئه‌وه‌ش كراسه‌كه‌ به‌به‌ری ئه‌وه‌، نه‌ ته‌سكه‌و نه‌فراوان، به‌بێده‌نگی پێداچوونه‌وه‌ بكه‌ن و بكەین‌ باشترە تا ئه‌وه‌ی‌ هه‌مان ده‌ردی ژینگه‌ی‌ سیاسی دووپات بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ هیچ روانینێكی ره‌خنه‌یی قبوڵ ناكه‌ن.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:06:25:04/03/2019