لە نەوەكانی میدحەت بەدرخانەوە بۆ نەوەكانی میدحەت پاشا
ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
ئەم هەفتەیە رۆژنامەكانی عیراق یادی دوو رووداویان كردەوە. یەكێكیان كە بابەتی ئەمڕۆ دەبێ، یادێكی دێرینی فەرهەنگی و شارستانییە كە یادی دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی عیراقییە، رۆژنامەی زەورا كە لە ساڵی 1869 لە بەغدای عوسمانی دەرچوو و بووە بناغەی دەستپێكی خوێندنگەی عیراقی لە كایەی رۆژنامەگەریدا.
ئەم یادە شایانی پیرۆزبایی و دەستخۆشییە لە رۆژنامەنووسانی عیراق و لە رەوتی فەرهەنگ و رووناكبیریی ئەو وڵاتە كە زۆری بە دەست ستەم و دیكتاتۆری چەشت و رۆژنامەنووسانیش سەربازی ونی بەرەنگاریی ئەو ستەم و دیكتاتۆرییە بوون و دوای كەوتنی بتی سەدامیش كە تیرۆر و تۆقاندن نەیهێشت رۆژنامەنووسان بەپێی شایستەییان لە بەرهەمی ئازادییەكەی بخۆن.

لەگەڵ پیرۆزباییشدا خراپ نییە نوقرچێك لە رۆژنامەگەریی ئەمڕۆی عیراق و كۆی كایەی ئیعلامیی وڵاتەكە بگرین كە تا ئێستاش، سەرەڕای نزیكەی دوو دەیە لەبەرهەڵدابوونی میدیا لە عیراق، هێشتا لە مەسەلەكانی كوردستاندا بیری باوی نەتەوەی سەردەست و بیری شۆڤێنی، دەماری میدیای عیراقی دەجووڵێنێ. راستە هەموویان وانین و گشتگیركردن باش نییە، بەڵام بەراورد بە جورعەی ئازادیی ئەمڕۆ، هێشتا میدیای عیراقی خۆشییان بە تایتڵە كوردستانییەكانی مووچە و بودجە و كەركوكدا نایەت و هەمان خیتابی رەسمیی عەرەبیی دەڵێنەوە لەكاتێكدا لە دەورانی پادشایی و كرانەوەی ماوە كەمی عەهدی كۆماریدا، رەوتێك لە رۆژنامەنووسی پێشكەوتنخوازی عیراقی هەبوون كە لەسەر مەسەلەی كوردەواریی و داواكانی، قوربانی شایانیان دەدا. پێشمەرگەكانی ئەو رەوتە دیموكرات و چەپەی عیراق، دیموكراتیزەكردنی عیراق و دۆزی كوردیان لێك جیا نەدەكردەوە و لەمەشدا چاكیان بیر دەكردەوە.

جاران رۆژنامەگەریی عیراقی گیرۆدەی دەستی دیكتاتۆری بوو، بەڵام جورعەی ئەمەلی زیاتر بوو. ئێستا جورعەی ئازادیی، زیاترە. حەیفێ كە جورعەی ئازایەتی لە پرسەكانی كورد و دیارە لەوێشەوە لە پرسەكانی دیموكراتیزەكردنی وڵاتدا، كەمترە.

پیرۆزبێت لە نەوەكانی (كوردستان) میدحەت بەدرخانەوە بۆ نەوەكانی (زەورا)كەی میدحەت پاشاوە.
یادی دووەمیش دەكەینە باسی سبەی.

كوردستانی نوێ

نڤیسكار

AM:03:24:17/06/2019