وێنە گزییەکانی نێو سۆسیال میدیا لە شەڕی نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە...
زمناکۆ ئیسماعیل
لەپاش سەرهەڵدان و توندوتیژییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی دەستوری عێراقی بەناوچەکانی پەیوەست بە ماددەی ١٤٠ بەناوبانگە، سۆسیال میدیا دەورێکی خراپی بینی لە دروستکردنی هەواڵی ناڕاست و گزی، کە لە دونیای میدیادا بە نیوز فەیک (fake news) ناوزەد دەکرێت.  

نیوز فەیک (fake news) چەمکێکی تازەی دونیای میدیایە، کەسی بەکارهێنی سۆسیال میدیا، لە ڕێگای هەژماری تایبەتی خۆیەوە، بە مەبەست بێت یان بێمەبەست، کار دەکات بۆ دروستکردنی هەواڵی گزی نیوز فەیک (fake news)، کە پاشتر ئەم جۆرە لە هەواڵ دەکەوێتە نێو ماس میدیاو دەبێتە هەواڵێکی چەواشەکار، لەو رێگایەشەوە ووێنا راستینەکە لە کەسی بەرکەوتەی میدیا دەشێوێندرێت.

لەو روانگەیەوەو لەچەند رۆژی رابرودا چەندان هەواڵی لەم جۆرە نیوز فەیک (fake news) کەوتۆتە نێو سۆسیال میدیا، کە بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەم هەواڵانە چەندین ووێنەی گزی (photo fake ) ی نابەرچاو ڕونی لەگەڵدا دانراوە، کە لەخوارەوەی ئەم نوسراوە ئاماژە بەووێنەو سەرچاوەو چیرۆکی پشت ووینەکە دەکەم.

ووێنەی یەکەم: کە لە چەندین لاپەڕەو هەژماری فەیسبوک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا وەک دیمەنێکی ترسو تۆقێنەر بڵاوکرایەوە، ئەم ووێنەیە کۆمەڵێک تەرمە لەنێو سەیارەکی بارکردندا، وا نیشاندرا کە گوایە ئەو کوژراوانە پێشمەرگەن و حەشدی شەعبی کوشتونی، بەڵام کە بەدوای ووێنە راستیەنەکەو سەرچاوەکەیدا گەڕام بۆم دەرکەوت، ئەو ووێنەیە لە ١٥ مارچی ٢٠١٥ چرکێندراوە، چیرۆکی پشت ووێنەکەش ئەوەیە، کە کۆمەڵێک چەکداری سوپای سوریا دەکەونە نێو بۆسەیەکی داعش، هەمویان بەجارێ دەکوژن.


لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.
http://www.usmessageboard.com/threads/the-isis-chief-and-cousin-of-assad-burst-in-syria.407762/

ووێنەی دوهەم: کۆمەڵێک تەرم لەسەر زەوی کەوتوە، لە هەژماری نێو سۆسیال میدیای کوردستان وایان نیشاندا کە ئەوانە کوژراوانی حەشدی شەعبین لە کەرکوک، بەڵام راستی ووێنەکە ئەوەیە، ئەو کەسانە سوپای سعودن و بەدەستی داعش کوژراون.


لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.

http://www.dhamarnews.com/archives/24447

ووێنەی سێهەم: سوتاندنی سەیارەیەکی هەمەر دەبینین، لە هەژماری نێو سۆسیال میدیای کوردستان وایان نیشاندا کە ئەو هەمەرە لە نزیک کەرکوک سوتێندراوە بە دەستی پێشمەرگە، بەڵام راستی روداوەکە ئەوەیە، کە لەساڵی ٢٠١٥ داعش نزیک بویەوە لە عامرییەی فەلوجە، بەو هۆیەشەوە چەند چەکدارێکیان دزەیانکردە ناو بەغداد، ئەوەش وایکرد کە بتوانن گورزی بەهێز لە سوپای عێراقی بسوتێنن، ئەو هەمەرەش یەکێک بوو لە خەسارۆمەندی نێو ئەو گورزەو ئەوەتا بەسوتاوی دەیبینین.


لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.
http://www.dailymail.co.uk/news/article-2656779/Humanitarian-crisis-looms-carnage-Iraq-sends-half-million-refugees-areas-overflowing-fleeing-Syria .html


ووێنەی چوارهەم: تێکشاندنی چەند ئۆتۆمبێلی تێکشکاوی سەربازی عێراقی دەبینین، لەهەژماری سۆسیال میدیای کوردی وا نیشاندرا کە ئەو ئۆتۆمبێلانە بە دەستی پیشمەرگە تێکشکێندراون، بەڵام راستی ووێنەکە شەڕی تکریتەو ئۆتۆمبێلەکانیش لەکاتی هەڵهاتنی سوپای عێراقی و شکستخواردنیان لەبەردەم داعشدا بەجێماون و تێکشکاون.


لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.
https://sunnataliraq.blogspot.com/2014/06/blog-post_1300.html

 

ووێنەی پێنجەم : لەرێگای سۆسیال میدیا وانیشاندرا، کە ئەم ووێنەیە شارەدێی پردێیە، لەوێ دەبابەیەکی ئەبرەهەمی ئەمریکی بەدەستی چەکدارانی زێرەڤانی سوتێنراوە، بەڵام کە لەو وێنەکە کۆڵیمەوە بۆم دەرکەوت، ئەو دەبابەیە بەدەستی چەکدارانی سوپای بەعس تێکشکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەوەی جێگای سەرنجە هێمن هەورامی ووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر، ئەم ووێنەیەی داناوەو باسی لەوە کردوە، کە پێشمەرگە ئەم دەبابە ئەمریکییەی سوتاندوە، کە بەحەشدی شەعبی بوە.


لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.
https://defence.pk/pdf/threads/usa-sold-highly-degraded-versions-of-m1-abrams-mbts-variants-to-saudia-egypt-and-iraq.368598/page-3

ووێنەی شەشەم: سوتانی دەبابەیەکی دیکەی ئەبرەهەممان نیشانئەدات، لەهەمانکاتدا دیسان ووتەبێژی پارتی هێمن هەورامی لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر واینیشانداوە کە ئەم دەبابەیە لەپردێ سوتاوە، بەڵام چیرۆکی پشت ووێنەکە ئەوەیە، کە ئەم دەبابەیە لەگەڵ پۆلێک دەبابەی دیکە کە سەرجەمیان ٢٨ دەبابە بون، لە رەمادی و لەکاتی داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن داعش سوتاون.

لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.
http://charly015.blogspot.com/2014_06_15_archive.html

ووێنەی حەوتەم: لەهەژمارەکانی سۆسیال میدیای کوردی وانیشاندرا کە ئەم ووێنەیە هەمەرێکی حەشدی شەعبییە، بەدەستی پێشمەرگەو زێرەڤانی لەپردێ سوتێندراوە، بەڵام راستی ووێنەکە ئەوەیە، ئەم هەمەرە لە بازگەی موسڵ هەولێر سوتێندراوە، بەدەستی داعش، لەساڵی ١٠ جونی ٢٠١٤.

لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.
https://www.theatlantic.com/photo/2014/06/iraqi-insurgents-capture-northern-cities-move-toward-baghdad/100756/

ووێنەی هەشتەم: سوتانی هەمەرێکی پێشمەرگەیە لەلایەن خەڵکی کەرکوک، کە لەکاتی پاشەکشەی هێزەکانی یەکێتی لەکەرکوک، چەندین پارچە چەکیان کەوتە دەست حەشدی شەعبی و چەند هەمەرو دەبابەیەکیشیان تێکشکان و سوتێنردران، یەکێک لەو هەمەرانە ئەم ووێنەیە کەدەبینین، بەڵام لە سۆسیال میدیای کوردیدا وا نیشانئەدرا کە ئەم هەمەرە بە حەشدی شەعبییەو پێشمەرگە سوتاندویەتی.

لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.
https://haqqin.az/news/113303

ووێنەی نۆیەم: لە سۆسیال میدیا وا نیشاندراوە کە ئەم ئاگرە بەهێزە سوتانی تانکێک و هەمەرێکی حەشدی شەعبییە بەدەستی پێشمەرگە، بەڵام ئەوەی راستی بێت ئەمە کەوتنە خوارەوەی هێلی کۆپتەرێکی روسیایە لە شاری تەدمور بەدەستی داعش لە سوریا.


لینکی ووێنە راستینەکە لێرەدا ببینە.
http://www.pravda-tv.ru/2016/11/04/264125/novosti-sirii-segodnya-4-noyabrya-2016


لێرە بەدواوە دەبێت زۆر بەووریای مامەڵە لەگەڵ ووێنەکان بکەین و بەزانیاری تەواوەوە ووێنەکان لەهەژمارە تایبەتەکانماندا لە سۆسیال میدیا داببەزێنین، بۆ ئەوەی ووینەکان نەبنە ووروژاندنمان و لەوڕوانگەشەوە نەبنە هۆکارێک بۆ نانەوەی پەشێوی و توندوتیژی و چەسپاندنی راسیزم و رەگەز پەرستی لە دونیا بینیمان.

NRT

AM:01:34:23/10/2017